بابەتی بەهەرێمبوونی سلێمانی و هەڵەبجە پرسێکی تازە نییە، ئەوەندەی داواکارییەکی مێژوویی و سیاسییە، کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا لەلایەن بەشێک لە خەڵک و لە لایەنە سیاسییەکانەوە پشتیوانی کراوە، بەتایبەت لە سەردەمی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفادا، تا دواتریش لە ساڵی (٢٠٢٠)دا هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆ بۆی درا، بەڵام ئەنجامی نەبوو.
ئێستا لەگەڵ چەقبەستوویی دۆخی سیاسی و دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان، دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەم داواکارییە جارێکی تر بە شێوازێکت دیکە هاتووەتەوە گۆڕێ، بەشێک لە خەڵک بەهەرێمبوون وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی لە ئاوەدانی، وەبەرهێنان، پرۆژە ستراتیژییەکان و بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەکان بۆ سلێمانی، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە، کە بەهەرێمبوون نابێت تەنها گۆڕینی چوارچێوەی کارگێڕی بێت، بەڵکو دەبێت دەرفەتێک بۆ تاقیکردنەوەی مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی لەسەر بنەمای دامەزراوەی بەهێز، شەفافیەت، دادپەروەری و خزمەتگوزاریی پیشەیی، چونكە ناکرێت هەمان کەلتووری سیاسی و شێوازی دەسەڵاتداریی ئێستا دووبارە بکرێتەوە و تەنها ناوەکان بگۆڕین.
پرسی هەرێمی سەربەخۆ تەواو جیاوازە لە دوو ئیدارەیی، یان لامەرکەزیەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات، ئەم پرۆژەیە زیاتر لە جووڵەیەکی ڕووکەشی دەچێت، چونکە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی پێشوەختەی سیاسی، دەستووری و یاسایی بۆ نەگیراوە. ھەربۆیە، پرۆسەی بەهەرێمبوون پێویستی بە ڕێکاری یاسایی و ڕاپرسی هەیە بەئاگادارکردنەوە و هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی عێراق، و بەڕێوەبردنی کۆکردنەوەی واژۆ لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتییەکان و رۆشنبیرانەوە.
لە لایەکی ترەوە، مشتومڕێکی ئاڵۆز لەسەر ئەوە هەیە، کە ئایا پارێزگایەک لە ناو هەرێمی کوردستاندا مافی پێکهێنانی هەرێمێکی سەربەخۆی فیدراڵی هەیە لە ڕووی دەستوورییەوە یان نا؟ ئەمە بابەتێکە پێویستی بە یەکلاییکردنەوەی یاسایی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە هەیە، هەرچەندە تا ئەم ساتە هیچ هێزێکی سیاسی بەئاشکرا (تەنانەت یەکێتیش) پشتیوانی بۆ دەرنەبڕیوە، و پرۆسەیەکی لەو جۆرە پێویستی بە خۆبەخاوەنکردنی لایەنە سیاسییەکانە.
زیاتر لەوەش، دۆخی سیاسی و شێوازی حوکمڕانیی ئێستای عێراق بە ئاسانی لەگەڵ پێکهێنانی هەرێمی نوێدا نییە، چونکە ئەگەر ئەم دەرگایە بکرێتەوە، داواکارییەکانی مووسڵ، سەلاحەدین و بەسرەش دێنەوە بەرباس، لە کاتێکدا هەندێک ئاراستە لە بەغدا هەرێمی کوردستان بە زیادەڕەوی لە دەستوور دەبینن و بانگەشەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم دەکەن (وەک لە قسەکانی دادوەر فایەق زێدان لە لەندەن دەرکەوت)، چۆن چاوەڕوان دەکرێت ڕەزامەندی بە پێکهێنانی هەرێمێکی نوێی کوردی بدەن؟ لە هەمووی گرنگتر، ئەم پرۆژەیە تا ئێستا پشتیوانییەکی دیپلۆماسی و لۆبیی نێودەوڵەتیی بۆ نەخراوەتەڕوو و هیچ وڵاتێک لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە کڕیاری ئەم کارتە نییە.
ڕوانگەی دەستووری عێراق لەسەر پێکهێنانی هەرێمی نوێ، دوو بۆچوونی دەستووری هەن:
1. ئاراستەی یەکەم (ڕێگری دەستووری): پێیان وایە بە پێی ماددەی ١١٧ی دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستوورییە؛ بۆیە هیچ پارێزگایەک ناتوانێت بەبێ هەمواری دەستوور لێی جیاببێتەوە.
2. ئاراستەی دووەم (ڕێگەپێدانی دەستووری): پێیان وایە ماددەی ١١٩ مافی پێکهێنانی هەرێمی بە هەر پارێزگایەک داوە بە داواکاریی دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی پارێزگا یان ١٠٪ی دەنگدەران، لەگەڵ ئەنجامدانی ڕاپرسی بەپێی یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٨.
بەمەش ئەم دژایەتییە پێویستی بە ڕاڤەکردنی دەستووری لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە هەیە، هەرچەندە بەندە پێم وایە پارێزگاکانی هەرێم دەتوانن لە ڕوانگەی دەستووریەوە ببنە هەرێمی سەربەخۆ.
لە کۆتاییدا، مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەهێزبونی حکومەتەکەی و بونی سیستەمێکی سیاسی و ئیداریی دادپەروەر، یەکسان، یەکگرتوو و ڕەشید، خواست و خەونی تاکی کوردە، لە ئێستادا ڕاست وایە هەموومان کارکردن و فشارمان بۆ چەسپاندنی سیستەمێکی نوێی خۆبەڕێوەبردن و پێدانی دەسەڵات و لامەرکەزیەتی کارگێڕی، سیاسی و دارایی ڕاستەقینە بێت بە شارەکانی هەرێم هەریەکە بەپێی پێویستی، کە ئەمە دەستەبەری بوژانەوەیەکی ئابووریی دادپەروەر دەکات بۆ سەرجەم ناوچەکان و دەبێتە هۆی بەهێزبونی قەوارەکە و دامەزراوەکانی، چونکە لەتکردنی هەرێمی کوردستان لەم ساتەوەختەدا براوەی تێدا نییە و هەموومان دۆڕاوی ڕاستەقینەین.
115 جار خوێندراوەتەوە