هەرێم لە تاقیکردنەوەی نەوتدا: دەرفەتێکی مێژوویی یان هەڵەیەکی ستراتیژی؟

پرسی هەناردەکردنی نەوت دووبارە بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەتایبەت دوای بەرپابوونی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، و کێشەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەی گەرووی هورمز. لەم دۆخەدا عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە.


بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم تا ئێستا ڕازی نەبووە هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و چەند مەرجێکی داناوە، کە بەغدا دەڵێت پەیوەندییان بە پرسی هەناردەکردنی نەوتەوە نییە و دەتوانرێت دواتر لەسەریان گفتوگۆ بکرێت. حکومەتی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی دواکەوتنی هەناردەکردن، عێراق بێبەش دەکات لە سەرچاوەیەکی گرنگی دارایی.


لە ڕاستیدا ئەگەر نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی نەوتەوە بۆ جەیهان هەناردە نەکرێت، پێشبینیکراوە چەند کێشەیەکی گەورە دروست بن، لەوانە: کەمبوونەوەی داهات، کێشەی مووچەی فەرمانبەران و زیادبوونی فشارە سیاسییەکان لەلایەن بەغداوە. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە هەرێم بەشێک لە پەیوەندی و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی لە داهاتوودا لەدەست بدات.


لەبەر ئەمە، ڕێگەی دروست نە ڕەتکردنەوەی تەواوی داواکارییەکانی بەغدایە و نە قبووڵکردنی بێ مەرجی ئەوان. باشترین ڕێگە دانوستانێکی زیرەکانەیە کە تێیدا هەرێم سیاسەتێکی نەرم و خەمخۆرانە نیشان بدات، بەڵام لە وردەکاریی ڕێککەوتنەکاندا مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت.


ئەگەر هەرێم ئەم دەستپێشخەرییەی عێراق قبووڵ بکات، ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە دانوستانەکان. لەم بارەدا دەتوانرێت هەوڵی چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی گرنگ بدرێت، وەک: پرسی مووچەی فەرمانبەران، تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت کە ئێستا نزیکەی ١٦ دۆلار دیاریکراوە، هەروەها دانپێنان بە گرێبەستەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و گەرەنتی کردنی قەرز و مافە داراییەکانیان.


بە کورتی، ئەم دۆخە هەروەک چۆن دەتوانێت ببێتە قەیران، لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان ئەگەر بە دووربینی و دانوستانێکی زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە کۆتاییدا هەمیشە دەگوترێتەوە: لای ئێمە بەغدا فریادڕەس نییە و قەوارەی هەرێم لامان هێڵی سوورە.

 

151 جار خوێندراوەتەوە