سەردەمی بەرژەوەندی، کاتێك بەها مرۆییەکان لە بازاڕی ماددەدا هەڕاج دەکرێن!

سەردەمی بەرژەوەندی، کاتێك بەها مرۆییەکان لە بازاڕی ماددەدا هەڕاج دەکرێن!

📌بێستون شەهیدجەبار

ئێمە لە ڕۆژگارێکدا دەژین کە تێیدا تەرازووی پەیوەندییە مرۆییەکان لاسەنگ بووە و (بەرژەوەندی) بووەتە تاکە پێوەری نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوەکان، سەردەمێك کە زۆرجار بریسکەی ماددە چاوی ویژدان کوێر دەکات، کورسی دەسەڵات دادپەروەری دەخاتە ژێر پێ، و سوودی تایبەتیش مرۆڤایەتی دەکاتە قوربانی.
لەم بازاڕە ساردەی بەرژەوەندیدا، چەمکە پیرۆزەکانیش مانای خۆیان لەدەست دەدەن. ئەمڕۆ بۆ هەندێك کەس، (کوردایەتی) و (نیشتمان پەروەری) لە قوربانیدانەوە بووەتە تەنها دروشمێکی بریقەدار و پردێك بۆ پەڕینەوە بەرەو دەستکەوتی تایبەت. 
وەفا، تەمەنی بەقەد تەمەنی سوودەکانە، ڕاستگۆیی کاتێك دەبێتە بارگرانی کە لەگەڵ ویست و بەرژەوەندییەکاندا نەگونجێت، و (کەرامەت)یش لە بەرامبەر پارە و پۆست و دەسەڵاتدا بە نرخێکی هەرزان مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ڕێز، کە لە بنەڕەتدا دەبێت لە قووڵایی ڕەوشت و شکۆی مرۆڤ بوونەوە سەرچاوە بگرێت، لای زۆرێك گۆڕاوە بۆ پێوەرێکی ماددی، چیتر جەوهەری مرۆڤ و پاکی ناخی نابنە پێوەر، بەڵکو قەبارەی گیرفان، بەرزی پۆست و ئاستی ئەو ترسەی لە دەسەڵاتەکەی دەبێتەوە، جۆری مامەڵەکردن و ڕێزگرتن دیاری دەکەن.
بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێك بەئازارترو جێی نیگەرانییە، ئەو دووڕووییە کۆمەڵایەتییەیە کە تێیدا هەندێك کەس بە زمانی کوردایەتی، وەفا و خۆشەویستی دەدوێن، کەچی لەکرداردا تەنها سەرقاڵی کۆکردنەوەی دەستکەوتن بۆ خودی خۆیان. ئەمانە لە کاتی پێویستدا ڕەنگی هاوڕێیەتی دەگۆڕن، لە کاتی هەبوونی سووددا دەبنە پێشەنگی وەفا، بەڵام هەر کە بەرژەوەندییان کۆتایی هات، نەك هەر پشتت تێدەکەن، بەڵکو هەموو ڕێزو یادەوەری و پەیوەندییە کۆنەکانیش بە یەکجار دەسڕنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەم ڕاستییە تاڵانەشدا، نابێت ڕاستییەکی گەورەمان لەبیر بچێت، هەموو شتێك بە پارە ناکڕدرێت، هەموو مرۆڤێك بە پۆست ناپێورێت، و هەموو کەرامەتێکیش بۆ دەسەڵات نافرۆشرێت.
هێشتا لەم نیشتمانەدا مرۆڤی ڕەسەن، خاوەن ویژدان، بەوەفا و دڵسۆزی ڕاستەقینە ماون، ئەوانەی لە تەنگانە و پێویستیدا هەمان مرۆڤن، لە کاتی باوبۆراندا چەتری هاوڕێیەتی فڕێ نادەن، و گەوهەری خۆیان بە هیچ بەرژەوەندییەکی کاتی ناگۆڕنەوە.
چونکە بەهای ڕاستەقینەی مرۆڤ لەوەدا نییە چەند سامانی کۆکردووەتەوە، چەند دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، یان چەند کەس لە ترسی لەدەستدانی بەرژەوەندییەکانیان سەری بۆ دادەنەوێنن، بەڵکو بەهای مرۆڤ لەوەدایە کە کاتێك هیچ سوود و قازانجێکت بۆی نییە، هێشتا بە شکۆوە ڕێزت لێ دەگرێت و لە کاتی نەبوونی بەرژەوەندییشدا بە وەفاداری لە تەنیشتت دەمێنێتەوە.

لەکۆتاییدا؛
مێژوو سەلماندوویەتی کە سەردەمەکان دەگۆڕێن، کورسی دەسەڵاتەکان چۆڵ دەبن و سامانەکانیش وەك خۆڵەمێش بە با دەچن، بەڵام ئەو ناو و ناوبانگەی بە ڕاستگۆیی، کەرامەت و هەڵوێستی جوامێرانە بونیات نراوە، بە هیچ ڕەشەبایەك لەبن نایەت و بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

89 جار خوێندراوەتەوە