پاش تێپەڕینی ٢٧ ڕۆژ بەسەر شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، عێراق تا ئێستا وەک دامەزراوەی دەستووری و دەوڵەتی نەبووە بەشێک لە جەنگ، بەڵام لە ڕووداوەکاندا هێزە چەکدارە میلیشیا و فەسیلەکان مامەڵەیەکی جیاوازتر دەکەن؛ بەجۆرێک میلیشیاکان هێرشی درۆنییان بەردەوامە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و زۆر شوێنێکی تر لە ناوخۆی عێراق کە بارەگای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تێدایە، و دەیانەوێت عێراق پەڵکێش بکەن. ئەم ڕەفتارانەی هێزە چەکدارەکان لێکەوتەی خراپی دەبێت و مەترسیی سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی هەیە، ئەمەش بووە هۆی ئاڵۆزی و ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، کە بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت. هەر بۆیە، بەڕێز (فایەق زێدان)، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە نووسینێکی جیاواز و دەربڕینێکی پڕ پەیامی سیاسی دا دەڵێت:
"ڕەفتاری هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان و هەوڵدانی تاکلایەنانەیان بۆ بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە عێراقدا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی کۆمەڵگە، و دەبێتە هۆی پەشێویی ئەمنی و یاسایی. بۆیە ئەم هەنگاوە تاکلایەنانەی میلیشیاکان بۆ ئەوەی بە کرداری (عملی) باری جەنگ ڕابگەیەنن، لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەندێک چالاکیی سەربازی کە سروشتی ڕاگەیاندنی جەنگی هەیە، پێشێلکردنی زەقی دەستوورە".
لە ناوخۆی عێراقدا هەوڵێک هەیە بۆ ڕاگەیاندنی باری جەنگ. ئەمەش یەکێکە لە مەترسیدارترین و هەستیارترین هەنگاوە سەروەرییەکان، کە تەنیا دەوڵەت بەگوێرەی دەستوور و یاسا دەسەڵات و تایبەتمەندیی هەیە، چونکە کاریگەرییە سیاسی، دارایی، کارگێڕی، ئەمنی، سەربازی و یاسایییەکانی یەکجار گەورە لە دوای خۆی دروست دەکات.
دەستووری عێراق چی دەڵێت؟
دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ ڕێکارێکی ڕوونی بۆ ڕاگەیاندنی باری جەنگ دیاریکردووە، کە ناتوانرێت بە شێوەی تاکەکەسی یان هەڕەمەکی بڕیار لەسەر بدرێت، بەڵکو پێویستی بە کۆمەڵێک هەنگاوی وردی دەستووریی هەیە، کە هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی دەوڵەت لە مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، پاراستنی سیستەمی دیموکراسی و ڕێگرتن لە دیکتاتۆری دروست دەکات.
بەپێی ماددەی (٦١/ نۆیەم) لە دەستوور، ڕاگەیاندنی باری جەنگ یان بارودۆخی فریاکەوتن بە داواکارییەکی هاوبەش لە لایەن سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەبێت، پاشان ئەم داواکارییە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردن. هەروەها دەستوور بە مەرجی داناوە کە پێویستە دوو سێیەمی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕازی بن بۆ ڕاگەیاندنی باری جەنگ. ئەمەش نیشانەی گرنگی و مەترسیی ئەم بڕیارەیە و ئامانجی ئەوەیە کە پێش چوونە ناو باری جەنگ، زەمینەسازی و ڕێککەوتنێکی نیشتمانیی فراوان هەبێت، کە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ ڕادەگەیەنرێت و شیاوی تازەکردنەوەیە، بەڵام هەموو جارێک ڕەزامەندیی پەرلەمان پێویستە.
هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنی باری جەنگ
لە گریمانەی هەنگاوی ڕاگەیاندنی باری جەنگ لە عێراقدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە دەستکردنەوەی زیاتری بێ لێپرسینەوە تێدایە بۆ دەسەڵات و بە شێوەیەک حوکمی عورفی پەیڕەو دەکرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لە ڕووی ئاسایش، دارایی، مووچە، بەڕێوەبردنی سەربازی و دەستبردن بۆ ئەو شتانەی کە دەستوور قەدەغەی کردوون.
بۆیە زۆر گرنگە کورد و هەرێمی کوردستان لە پەیامی پشتی ئەم هەنگاوانە تێبگەن، چونکە بابەتەکە نابێت بە سەرپێیی و ڕووکەشی وەربگیرێت. دەبێت بزانرێت هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم باری جەنگەدایە و تا چەند پارێزراو دەبێت.
89 جار خوێندراوەتەوە