- یەکێک لە کێشە بونیادییەکانی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە دوای راپەرینەوە تا ئێستاش ئەوەیە، کە هیچ حکومەتێک سەرکەوتوو نابێت، یان هەتا ناتوانرێت پێکیشبهنرێت ئەگەر پارتی و یەکێتی لەناو حکومەت نەبن، هەردوو حزب ڤیتۆیی پەکخستنی حکومەتییان لەدەستە! ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ سیستمی حوکمڕانی و تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە. ئەو دۆخە چارە نەکرێت، لە هەموو هەڵبژاردنەکان دەبێت چاوەڕوانی هەمان کێشە بکەینەوە.
- پرسی پەرلەمان و نوێنەرایەتیکردن تا دێت بێ بەها دەبێت و وەک بزنسی سیاسی سەیردەکرێت نەک وەک نوێنەرایەتیکردنی چینێک، توێژێک یان میللەتێک. بۆ ئەمە دەکرێت بیر لە گۆڕینی شیوازی دەستنیشانکردنی کاندیدەکان بکرێتەوە، لستی کراوەو سەربەخۆ ...تاد رەنگە بۆ کۆمەڵگایەک کە زۆر دابەشبوو و ناکۆکی سیاسی و بێ سەروبەری وەک هەرێمی کوردستان، ئەو مەبەستە نەپێکێت، ئەوەی لە کۆمەڵگایەکی تری پێشکەوتوودا دەیپێکێت.
- خەریکە بۆ بەشێکی زۆر خەڵک گرنگ نییە کێ حوکم دەکات و کێ پەرۆشی مافەکانییەتی، ئەوەی خەڵک دەیەوێت گوزەرانێکی سادە و سەقامگیری ئابوری و ئاساییشی کۆمەڵگەیە زیاتر، نەک پرسی سیاسی، ئەمە بۆ گەلێکی وەک ئێمە کە خاوەنی پرسێکی نەتەوەیین ئاماژەیەکی خراپە، دوورکەوتنەوەی خەڵکە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
- هەرێمی کوردستان چیتر جێگای پەرۆشی هاوپەیمان و دۆستە سیاسییەکانی نییە، چونکە دوای زیاتر لە سێ دەیە، لە هەرێمێکی بچووکی ٦ ملیۆنی نەمانتوانیووە فۆڕمێکی سیاسی و ئیداری تەندروست بۆ حوکمڕانی پێشکەش بکەین. بیرمان نەچیت فاکتەری نێودەوڵەتی تا ئێستاش رەنگە بڕبڕەی پشتیی مانەوەی کیانی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام ئەمە خەریکە بەرە بەرە نامینێت.
- پرنسیپی شایستەیی، ئەزموون و کارامەیی لە ئەجێندای دەستنیشانکردنی کەسایەتییە حزبی و حکومییەکاندا هەرگیز بەشێک نییە لە گرنگیپێدانی حزبەکان بۆ دەستنیشانکردنی کادیری باش بۆ پێگە حزبیی و حکومییەکان، بەڵکو ئەوەی هەیە بریتییە لەوەی بەشێک بیت لە ئەجێندای گروپێکی نزیک لە فلان و فیسار، لە سۆشیال میدیا زیاد لە پێویست و بە "بێتامی" شت لەسە ئەو سەرکردەیە پۆست بکەی کە مەبەستتە، بێ ئەوەی بیر لە کاریگەریی کەسەکە بکرێتەوە لە ناو خەڵکدا.
- پرسی خەمی گشتی خەریکە کۆتایی دێت، گرنگ ئەوەیە خەمی خۆت بێت و دەستت لە چنگی داهاتێک گیربێت، ئینجا خوای دەکرد وڵات وێران دەبوو، بەداخەوە، ئەوە هیوای زۆربەی ئەو خەڵکەیە کە دەیەوێت بگاتە پۆست و پایەیی سیاسی.
- بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی (سەرەرای بوونی چەند کەسێکی خاوەن پرەنسیپ) بەڵام خەریکە هیچ لە دۆخی سیاسی و ئابوری و شێوازی حوکمڕانی ئێمە ناگۆڕیت، ئەو بوارەش بوەتە پێگەیەک بۆ دەستگەیشتن بە داهاتێکی سیاسی، وەک بەشێک لە بزنسی سیاسی.
- ناتەواویی ڕێڕەوی یەکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە و مانەوەیان وەک باڵی چەکداریی حزبی، گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم چاکسازی گۆڕانی ئەو مۆدێلە لە چەقبەستووی حوکمڕانی و دابەشبوونی جیۆگرافی، هەروەها دروستبوونی دەوڵەت یان حکومەتێکی دامەزراوەیی.
- کێشەی حوکمڕانی لە هەرێم تەنها سیاسی نییە، بەڵکو گرێدراوی بنەمای ئابووریی ڕەیعییە (پشت بەستن بە نەوت یان بودجەی ناوەند). ئەم جۆرە ئابوورییە ڕێگە لە گەشەی ئابووریی بەرهەمهێن دەگرێت و هاووڵاتییان دەکاتە پاشکۆی دارایی حزب یان حکومەت، کە ئەوەش لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆیی فکری و بەشداریی سیاسی و مەدەنی هاووڵاتی لاواز دەکات، وەک ئەوەی ئێستا هەیە.
163 جار خوێندراوەتەوە