كوردوهەرێمی کوردستان لە باهۆزی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقدا
پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور تەنها گۆڕینی چەند ماددەیەکی دەستوری نییە؛ بەڵکوو دەکرێت گۆڕینی هاوسەنگی دەسەڵات وپێكهاتەكان و چارەنوسی سیستمی فیدرالی لە عێراق بێت
،دواین قسەكانی دادوەر فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لەبارەی پێویستی هەموارکردنەوەی دەستوورو داواكردنی لەئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوی بۆبنێن،نابێت بە سادەیی وەربگیرێت،بەڵكو پێویستە وەک بانگەوازێک بۆ دەستپێکردنی مشتومڕێکی گرنگی دەستوری و سیاسی سەیربكرێت،ناوبراو لە ڕووی ڕووکەشەوە باس لە چارەسەرکردنی کێشەی زۆرینەی پەرلەمان،هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و لیستی براوەی هەلبژاردن ورونکردنەوەی ماددە ناڕوونەکان دەکات؛ بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئامانج لە چاککردنی دەستوورە، یان گۆڕینی هاوسەنگی دەسەڵاتە لە عێراق؟
لە هەندێک بازنەی سیاسی شیعی و سوننەدا ڕەخنە لە دەستووری ٢٠٠٥ و سیستەمی فیدراڵی هەیە بەدەستوریكی سەپێنراوی دادەنێن وپێان وایە عیراقیانە نەنوسراوە،هەروەها ئاراستەیەک بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی دەبینرێت. بەڵام ئەگەر کۆکردنەوەی دەسەڵات لە بەغدا ببێتە ئامانج كە نیەتیكی ئاشكرایە، ئەوا هەرێمی کوردستان دەتوانێت یەکێک لە لایەنە زیانلێکەوتووەکانی ئەو گۆڕانکارییە بێت،چونكە ئەمە مەترسییەکی واقیعی و سیاسییە کە پێویستی بە وریایی و ئامادەكاری پێشوەختە هەیە.
مەترسییەکە بۆ کورد لە کوێدایە؟
دەستوری عێراق لەروی مافی دەستوری ودەسەڵات وفیدرالیەوە دەستورێكی باشە بۆ كوردو هەرێمی كوردستان،نیەتی شاراوە هەیە بۆ پاشەكشێ لە فیدرالیزم و بەهیێزكردنەوەی مەركەزو نەهێشتنی قەوارەی هەرێم،بەڵام
لە ماددەی ١٤٢ی دەستووری عێراق، میکانیزمی تایبەت بۆ هەموارکردنەوەی بڕگەكانی دەستور و راپرسی دانراوە،بە پێی بڕگەی چوارەم، ڕێفراندۆم(راپرسی) سەرکەوتوو نابێت ئەگەر دوو لە سەر سێی دەنگدەران لە سێ پارێزگا یان زیاتر ڕەتی بکەنەوە. ئەم مەرجە لە ڕووی سیاسییەوە زەمانەتێکی گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی کورد هەرچەندە ئەمەش مسۆگەر نیە بەهۆی ململانێ یەكێتی وپارتی. لەلایەکی دیکەوە ماددەی ١٢٦، بڕگەی چوارەم، دەڵێت هیچ هەموارێک نابێت دەسەڵاتەکانی هەرێم کەم بکاتەوە، مەگەر دەستەی یاسادانانی هەرێمی پەیوەندیدار و زۆرینەی دەنگدەران لە ڕێفراندۆمدا پەسەندی بکەن،هەر بۆیە هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی ئەم گرەنتیە یان گۆڕینی میکانیزمی پاراستنیان بنێریت، دەبێت بە وردی لەلایەن کوردەوە چاودێری بکرێت وهەلوێستی جدی هەبێت،چونكە
مەترسی گەورە ئەوەیە کە مافەکانی کورد بە ناوی چاکسازی دەستووری، لە ژێر کاریگەری زۆرینەی سیاسی پەرلەمانی ودادگای فیدرالی دور نیە واقیعەكە بسەپێنن.
ئەگەر دەستوور هەموار دەکرێت، بۆچی جێبەجێ ناکرێت؟
عێراق هێشتا لە جێبەجێکردنی بەشێکی گرنگ گەورە لە دەستووری خۆیدا کێشەی هەیە،ماددەی ١٤٠، کێشەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و داهات، و ناکۆکیەکانی بەغدا و هەولێر نموونەی ئەم دۆخەن ونەبونی ئەنجومەنی ئیتحادو دەستەی هەماهەنگی هەرێمەكان ومەركەز،لەزیاتر لە ٥٠ مادەی دەستوری عێراقدا بۆ پرسە جیاوازەكان بابەتەكان بەدەرچواندنی یاسا سپێردراوە كە زۆرینەی هەرە زۆری جێبەجێ نەكراوە.
بۆیە پرسیارێکی بنەڕەتی هەیە: ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکراوە، بۆچی پێش جێبەجێکردنی مافەکان، قسە لە گۆڕینی دەقەکانی دەکرێت؟
هەموارکردنەوە نابێت ببێتە جێگرەوەی جێبەجێکردنی دەستوور، یان هۆکارێک بۆ لاوازکردنی ئەو مافانەی کە پێشتر بە دەستوور مسۆگەر کراون.
کورد چی بکات؟
کورد پێویستی بە هەڵوێستێکی هاوبەش و ستراتیژییەکی ڕوون هەیە:
۱_ پاراستنی زەمانەتەکانی ماددەکانی ١٢٦ و ١٤٢.
۲_ داواکردنی جێبەجێکردنی دەستوور پێش هەر گفتوگۆیەکی گەورەی هەموارکردنەوە.
۳_ یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان و دیاریکردنی هێڵە سوورەکان.
٤_ ڕەتکردنەوەی هەر گۆڕانکارییەک کە بەبێ ڕێککەوتنی نیشتمانی و زەمانەتی یاسایی، دەسەڵاتەکانی هەرێم لاواز بکات.
٥_نوێنەرانی كورد لەبغداد وردتر وباشتر لەسەر خەت بن بۆ پرسی هەمواری دەستور وهەماهەنگ بن لەگەڵ هەرێمی كوردستان..
٦_هەوڵدان بۆ دروستكردنی لۆبی وپشیوانی نیودەولەتی وهەرێمی ونێوخۆی بەریگەی دبلۆماسی وپەیوەندی سیاسی.
۷_پێكهینانی ژوریكی ئۆپراسیۆن یاخود لیژنەیەكی سیاسی وئابوری ویاسایی ودەستوری بۆ بەدواداچون وئامادەبون بۆ هەمو ئەگەرەكان..
چۆمان محمد
99 جار خوێندراوەتەوە