ڕێكارە دەستوریەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەنێوان ململانێی حزبی و بێبەهاکردنی ئەو پۆستەدا

لە رێککەوتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقەوە یەك مانگ لەبەردەستدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هەنگاوەكان بەكردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن دەستیپێكردوە، ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار تۆمار كردوە ۸۱ كەسن، لەو ژمارەیە ۳۳ كوردی تێدایە.

قۆناغە یاسایەكانی پرۆسەكە:
لەپاش راگەیاندنی ناوی پاڵێوراوان، هەركەسێك ناوی دورخرابێتەوە بەهۆی نەبونی مەرجەكانیەوە، دەتوانێت تانە بدات لە پڕۆسەكە لەبەردەم دادگای فیدراڵی لەماوەی سێ رۆژ لە رێککەوتی راگەیاندنی پاڵێوراوان، پێویستە دادگای فیدڕاڵیش لەماوەی سێ رۆژدا بریاری لەسەر بدات، لەسەر ئەم بنەمایە تاوەكو ۲٠۲٦/۱/۱۱ ئەم قۆناغانە تەواو دەبێت، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێویستە لەسەری وادەیەك دیاریبكات بۆ كۆبونەوەو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نابێت ماوەی ئەو پرۆسەیە لە ۲٠۲٦/۱/۲۹ تێپەڕبکات.

رێژەی كۆبونەوە ودەنگدان:
بۆئەوەی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەست پێبكات دەبێت ٢/٣ ئەندامانی پەرلەمان ئامادەبن، كە دەكاتە (220) ئەندام لە كۆی (329) ئەندام بە پێچەوانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان پێویستی بە (50+1) هەیە واتا لە كۆی (329) پێویستی بە (166) ئەندام هەیە،ئەم ژمارەیە ئەگەر ڕێكەوتن نەكرێت پێشبینی دەكرێت (سێ یەكی پەكخەر) كێشە دروست بكات، چونكە گەر پارتی و هاوپەیمانەكانی بیانەوێت دەتوانن رێگە نەدرێت نیسابی دانیشتنەکە تەواو بکرێت، لەبارێكدا گەر رێژەی یاسایی بەدیهات هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بە پێی دەستور پێویستی بەدەنگی (دو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت، لەبارێکدا ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبو دەنگی (دو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دوەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار...

زۆری كاندیدەكان
دۆخێكیان هێناوەتە پێش ئۆپۆزیسیۆن بەرلە یەكێتی وپارتی كاندیدیان حازر كردوە،یەكیتی وپارتیش بەراستەوخۆ وناراستەوخۆ كاندیدیان ئامادەیە، زیاتر لەوەش هەركەس هەڵدەستێ فۆرمی كاندیدی وەردەگرێت،
ئەو ژمارە زۆرەی كە فۆرمی كاندیدبونیان پڕ كردۆتەوە،دەرخەری پەرتەوازەی نێو ماڵی كورد وشپرزەیی حزبەكانە، هەندێك لە كاندیدەكانیش وەك رۆژی ڕوناك دەزانن كە هیچ دەنگێك بەدەست ناهێنن تەنها لەبەرئەوەی ناویان بهێنرێت ئەم هەنگاوە دەنێنن،لەكۆتایشدا بۆ بێ بەهاكردنی وبێ ئەرزشكردنی پۆستەكەیەكە بەداخەوە كە پشكی كوردە..

ئەگەری ڕێککنەکەوتنی یەكێتی وپارتی:
ئەگەر لێكتێگەیشتن نەكرێت لە نێوان پارتی و یەكێتی،دو گریمانە پێشبینی دەكرێت

یا ئەوەتا هەمو كاندیدەكان دەچنە هۆڵی پەرلەمان و هەڵبژاردن دەكرێت، لە گەڕی یەكەم كەس دو لەسەر سێ واتا (220) دەنگ ناهیێنێت و دەچێتە گەڕی دوەم، لە گەڕی دوەم ئەگەری سەركەوتنی كاندیدەكەی یەكێتی بەهێز دەبێت چونكە پێویستی بە دەنگی زۆرینەیە.
یائەوەیە پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی هەوڵی بەدیهێنانی سێیەكی پەكخەر دروست دەكات و رێگە نادەن نیساب تەواو بێت،لەم بارەدا دۆخەكە دەروات وكاتی دەوێت بۆ تەواوكردنی نیساب یاخود یەكێتی ناچار دەبێت كاندیدە فەرمیەكەی خۆی بكشێتەوە،پشتگیری كاندیدێك بكات كە رەزامەندی پارتی لەسەربێت..

كێ دەبێتە سەرۆك كۆمار؟
ململانێ وناكۆكی لایەنەسیاسەكانی هەرێم بۆ ئەم پرسە وایكردوە ئاسان نەبێت پێشبینی دەرچونی كاندیدی سەركەوتو بكەین،بەڵام بەخوێندنەوەی دۆخی ئیستای عێراق وژمارەی كورسیەكان ونەریتی رابردوی دابەشكاری پۆستەكان،یەكێتی زیاتر چانسی وەرگرتنی هەیە جا كاندیدی فەرمی بێت یاخود نافەرمی بێت و پارتی ڤیتۆی لەسەر نەبێت،پارتی گەر دەیەوێت كێشە بۆ پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دروست نەبێت،پێویستە كاندیدەكانی بكێشێتەوە،بەتایبەت كە پۆستی جێگیری دوەم دراوەتە پارتی، بۆیە ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی گرنگە بۆ ئەم قۆناغەو پیشاندانی یەكریزی هەرێم..

87 جار خوێندراوەتەوە