تاكەیی دواكەوتنی موچە بەهۆی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ؟

تاكەیی دواكەوتنی موچە بەهۆی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ؟

دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بووەتە كێشەیەكی دووبارەبوونەوە، كە زۆرجار بەهۆی نەناردنی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ڕادەگەیەنرێت؛ بەتایبەت دوای رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیایی سۆمۆ.
بەپێی دواین رێكەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق، بەپێی بنەماكای یاسای ئیدارەی دارایی و بڕیاری دادگای فیدراڵ بۆ پرسی موچە، حكومەتی هەرێم پابەندە داهاتە ناوخۆیی و نەوتی رادەستی بەغداد بكات. بەڵام تا ئێستا ڕێككەوتنێك لەسەر پێناسە و شێوازی رادەستكردنی ئەم داهاتانە نەبووە، كە ئەمەش بۆچوونی جیاواز لە نێوان هەردوو لایەن دروست كردووە.
لە دواین ڕێكەوتنی كاتیی نێوان هەردوو حكومەت، بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەك چارەسەری كاتی دیاری كراوە بۆ ناردنی مانگانە تا دەرچوونی یاسای بودجەی نوێی عێراق. بەڵام ئەم ڕێكەوتنە نەبووە هۆی ڕێگری لە دواكەوتنی موچە؛ چونكە بێ‌متمانەیی نێوان هەردوو حكومەت هێشتا بەردەوامە.
لە لایەكەوە، حكومەتی هەرێم ناردنی ١٢٠ ملیار دیناری بە دڵنیایی تەواو گرێداوەتەوە؛ و لە لایەكی ترەوە، حكومەتی عێراق موچەی هەرێم وەك پشكێكی دووەم مامەڵەی لەگەڵ دەكات و تا تەواوبوونی موچەی فەرمانبەرانی خۆی، ناردنی موچەی هەرێم دوا دەخات. ئەم دۆخە موچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی خستووەتە دوای موچەخۆرانی حكومەتی فیدراڵ، كە وەك پلە دوو لێیان بڕوانرێت و بووەتە دەروازەیەكی پێشبینی فەوتانی چەند موچەیەك بكرێت.
چارەسەرەكانی پێشنیاركراو
بۆ دەرچوون لەم دۆخە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی دواكەوتنی موچە تا كاتی پەسەندكردنی یاسای بودجە، دوو ڕێگای سەرەكی پێشنیار دەكرێت:
 * ئامادەكردن و ناردنی بڕی ١٢٠ ملیار دینار بێ دواكەوتن: پێش دەستپێكردنی دابەشكردنی موچە لەلایەن حكومەتی عێراق. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی لابردنی هەموو بیانوكان و ناچاركردنی حكومەتی فیدراڵ بە مامەڵەكردنی یەكسان لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم و بڕینی بەهانەی حكومەتی عێراقە.
 * ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی مقاصە: واتە دابڕینی بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە كۆی موچە و ناردنی موچە بێ دواكەوتن بۆ هەرێم، تا دەرچوونی یاسای بودجەی نوێ. ئەم ڕێگایە لە راپۆرتە فەرمییەكانی ئەنجومەنی شورای عێراقدا وەك چارەسەرێكی ڕێگەپێدراو ئاماژەی پێدراوە.
هیچ گومانێكم لەوە نییە حكومەتی عێراقیش ئەم پرسەیان كردووەتە سیاسی و باكیان بە ژیانی فەرمانبەران نییە؛ لەبری سزادانی لایەنی كەمتەرخەم، دێن سزای موچەخۆران و خانەنشینان دەدەن.

چۆمان محمد

157 جار خوێندراوەتەوە