(بەنزینی ٤٥٠ دیناری:لەبەڵێن ومزایدەوە بۆ چارەسەرێکی ڕیشەیی)

بەنزینی ٤٥٠ دیناری: لەبەڵێن ومزایدەوە بۆ چارەسەرێکی ڕیشەیی)=
گرانبونی نرخی بەنزین وجیاوازیەكی نیوان هەرێم وبەغداد،گیرفان وژیانی هاولاتیان تەواو پەرێشان كردوە،بۆچارەسەری ئەم پرسە،هانا بۆ بەغداد برا، لەسەرەتادا بەغداد دەیگوت(٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بدەن)،بەنزینی پالپشتی‌کراوی ٤٥٠ دیناری بۆ هەرێم دابین دەکەین،دواتر تێروانین ومەرجەکانیان گۆڕان جارێک باسیان لەوە دەكرد كەچەند كارگەو جێگەو پاڵاوگەیەك لەهەرێم دەبێت بگەرێنرێتەوە سەر ئیدارەی بغداد، تا گەیشتە ئەوەی وەزیری نەوت دەڵین تەنانەت ئەگەر ٥٠ هەزار بەرمیلەکەش رادەستی بەغدا بکرێت، ناتوانین بەنزینی ٤٥٠ دیناری دابین بکەین بەهۆی سەختی دۆخی ئابوری ونەمانی سەرچاوەی داهاتمان،ئەگەر ئەمە ڕاستە، پرسیارەکە ئەوەیەبۆچی لە سەرەتا بەڵێنی دابینکردنیان دا؟
ئێستاش کۆتا هەنگاو گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق لەڕێی ئەو لیژنەیەیی پێكهێنرابوو،راپۆرتی خۆیان وپێشنیاری ئامادەكرد،دواتر بوە نوسراوی فەرمی وبریاری نیابی كە بەرونی دەلێت
(يوصي مجلس النواب)واتە پەرلەمان ڕاسپاردە دەكات نەك فەرمان وبریار،لەخاڵی ٧ ـیشدا تەنها باس لە پێداچوونەوە بە بڕی نەوتی خاو بۆ هەرێم و تەرخانکردنی نەوتی سپی بۆ زستان کراوە،نە ٥٠ هەزار بەرمیل تێدایە، نە بەنزینی ٤٥٠ دیناری،نەبڕو نرخ و کاتی جێبەجێکردنی دیاریکراو،بۆیەنابێت ڕاسپاردەیەکی ئەوتۆ بکرێتە مژدەی ئەوەی کە کێشەی بەنزین چارەسەر بووە،چونكە راسپاردە هێزی پابەندكاری نیە بۆ حكومەتی عێراق،پاشان پەرلەمانی عێراق بۆیە خۆیی لاداوە لەدەركردنی بریار(القرار)چونكە بەپێی بریارەكانی دادگای فیدرالی پەرلەمانی عێراق دەسەلاتی دەرچواندنی ئەم بریارانەی نەماوە كە هێزی پابەندكاری حكومەتی تیدابیت.
لەنێوان پارێزگاری لەبەرژەوەندی كۆمپانیا حیزبیەكان ودۆخی سەختی ئابوری عێراق، جیاوازیی لەبۆچونی لایەنە سیاسیەكان هەیە بۆپرسی بەنزین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بابەتی بەنزین زیاتر بووەتە کارتێکی مزایدەی سیاسی، لەبری ئەوەی هەمووان بۆ چارەسەرێکی جەزری کۆببنەوە چونكە خەڵک مژدەی نوێ ناوێت بەلكو کرداری دەوێت....
چارەسەر چییە؟
ئەگەر بەڕاستی دەمانەوێت ئەم کێشەیە کۆتایی پێ بێت،پێویستەبەغداد و هەرێم ڕێککەوتنێکی نوێ و ڕوون ئەنجام بدەنەوە وەک ئەو ڕێککەوتنەی لەسەر ٥٠ هەزار بەرمیل باس کرا، بەڵام ئەمجارە بڕی نەوت و بەرامبەرەکەی بە وردی دیاری بکرێت. ئەگەر بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێم پێویستە بڕەکە بگاتە سەروو ١٠٠ هەزار بەرمیل یاخود بەپێی رێژی ژمارەی دانیشتوان، ئەوابابەژمارەومیکانیزمی جێبەجێکردن دیاری بکرێت.
لە بەرامبەر ئەو نەوتەش، بەنزینی پالپشتی‌کراو و پێداویستییەکانی سووتەمەنی هەرێم بە بڕ، نرخ و کاتی دیاریکراو دابین بکرێت لەهەرێم..
باشترین رێگەش بۆ چارەسەری ریشەیی،جێگیركردنی ریكەوتن ومیكانیزمێكە لە یاسای بودجەدا؛دەبێت لە یاسای بودجەی عێراقی ساڵی ٢٠٢٧ مادەیەکی ڕوون بۆی دابنرێت، تا ئەم کێشەیە هەر ساڵ نەبێتەوە بە شەڕ و گفتوگۆی نوێ لەنێوان بەغدا و هەرێم...
بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت خەڵک ڕاستییەکی دیکەش بزانێت،دۆخی ئابووری و دارایی عێراق ئاسان نییە. نابێت چاوەڕوان بین حکومەتی عێراق بە ئاسانی بارێکی دارایی نوێ بخاتە سەر خەزێنەی دەوڵەت. بۆیە چارەسەرەکە دەبێت ڕێککەوتنێکی دارایی گونجاو و بەردەوام بێت، نە بەڵێنێک کە دوای ماوەیەک شکستی پێ بێت..
لە کۆتاییدا، چارەسەر نە پۆستەکانی فەیسبووکە، نە مژدەی پەرلەمانتارەکان؛ چارەسەر ئەوەیە بەغدا و هەرێم لەسەر ڕێککەوتنێکی ڕوون و جێبەجێکراو کۆببنەوە و ئەم بابەتە لە بودجەی ٢٠٢٧دا کۆتایی پێ بهێنن..
چۆمان محمد

121 جار خوێندراوەتەوە