گرانیی سووتەمەنی و کارەبا؛ بێپلانی لە بەڕێوەبردنی ئەزمە و کێشەکان یان پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمپانیاکان؟
لە کاتێکدا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ژێر بارودۆخێکی ئابووریی قورسدا دەژین، گرانیی بەنزین، نەوت،غاز و کارەبا ژیانی خەڵکی زیاتر سەخت کردووە.لە هەولێر و دهۆک، سەرباری گرانی، بەنزین زۆرجار بە ئەستەم دەست دەکەوێت و هاووڵاتیان ناچار دەبن سەعاتان لە پێش بەنزینخانەکان چاوەڕوان بن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژانە دەیان هەزار بەرمیل سووتەمەنی دابین دەکرێت، بەڵام نەک کێشەکە چارەسەر نەکراوە، بەڵکوو ئاڵۆزتر بووە و ناعەدالەتییەکی ئاشکراش لەنێوان شارەکان دروست بووە..
بەراوردی هەرێم بە کەرکوک و بەغدا، جیاوازییەکی گەورە لە نرخ و دەستڕاگەیشتن بە بەنزین، نەوت، گاز و تەنانەت کارەبا دەبینرێت. ئەمە تەنها جیاوازیی نرخ نییە؛ بەڵکوو جیاوازیی لە شێوازی بەڕێوەبردن، بەرپرسیارێتی و تێڕوانینی حکوومەت بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکانە كە ئەمە مایەیی خەمێكی گەورەیە ئاوا بێ منەتن.
ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە مەترسیی شەڕ، ناسەقامگیری و کێشەی سیاسی لەگەڵ بەغدا شتێکی تازە نییەوبەردەوام دوبارە دەبێتەوە. ئەم مەترسییانە ساڵانە پێشبینی دەکرێن. بۆیە ئەرکی حکوومەتە پێش هەر ئەزمەیەک پلانی یەدەگ،پاشەكەوتی ستراتیژی و بەرنامەی دابینکردنی سووتەمەنی و کاڵاکانی سەرەکی هەبێت، نەک ئەوەی لە کاتی ئەزمەوتەنگەشەدا هەموو بار و باجی کێشەکان بخاتە سەر شانی هاووڵاتی،لەكاتێكدا زۆربەی وڵاتانی دنیا، تەنانەت لە ژێر شەڕ، گەمارۆ و گوشاری ئابووریشدا، حکوومەت هەوڵ دەدات نان، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بەردەست بن و بازاڕ کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە دەزانێت پاراستنی ژیانی خەڵک یەکەم ئەرکی هەر دەسەڵاتێکی بەرپرسیارە.
بەرژەوەندی كۆمپانیایی حیزبی وتایبەتكردنی كەرتی گشتی!!
لە ساڵانی ڕابردوودا، بارودۆخێکی مەترسیدارتر بەردەوام برەوی پێدەدرا،ئەویش زۆربەی سێکتەرە گشتییەکان بە شێوەیەکی فراوان درانە دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا پەیوەست بە دەسەڵات،ئێمە تێدەگەین لە دنیای سەرمایەداری بەلام ئەم سیاسەتە بە شێوازە جگە لە پووچکردنی خەزێنەی گشتی، ژیان و گیرفانی هاووڵاتیشی خستووەتە مەترسی رۆژ بەرۆژ بارگرانیەكەی زیاتر دەبێت بە هەمان سەرچاوەی داهاتی تاكەوە. ئەمڕۆ دەبینین حکوومەت لە زۆر بواردا بەتایبەت بۆ سوتەمەنی وكارەبا ناتوانێت بڕیارەکانی خۆی جێبەجێ بکات یان چارەسەری کێشەکان بکات، چونکە بەرژەوەندیی کۆمپانیا حیزبییەکان و جۆری گرێبەستەکان دەستی حکوومەتیان بەستووە،ئەگەر بڕیارەکانی حکوومەت لەبەردەم بەرژەوەندیی کۆمپانیاکاندا بێهێز دەبن،لەدەرئەنجامدا وا دەبینرێت دەسەڵات لەبری ئەوەی بۆ دیفاع لە بەرژەوەندیی گشتی بەکاردێت، بەپیچەوانەوە دەبێتە قەلغان و پاراستنی كەرتی تایبەت..
چۆمان محەمەد
82 جار خوێندراوەتەوە