ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای زۆرەملێ چییە؟
کێ دەگرێتەوە؟
سوود و زیانی؟
تێڕوانینی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) چی بووە بۆ پرسی زۆرەملێی سەربازی؟
هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟
مەترسییەکانی چین و ڕێگری هەیە؟
هەوڵمان داوە لەم نووسینەدا وەڵامی هەموو پرسیارەکان بدەینەوە.
چۆمان محەمەد
پڕۆژەی زۆرەملێی سەربازی لە هەرێم پیادە دەکرێت؟ حکوومەتی ناوەندی لە ساڵی ٢٠٢١ پڕۆژەیاسای زۆرەملێی سەربازیی ئامادە کردووە بە ناوی (خزمەتی ئاڵا)، ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە بۆ دەرچوواندن و پەسەندکردنی. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری ڕۆژی ١٩ / ٤ / ٢٠٢٦ی ڕاگەیاند، بەرنامەی کار لەو ڕۆژەدا بریتییە لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای (خدمة العلم). ئەم پڕۆژەیاسایە تایبەتە بە خزمەتی زۆرەملێی سەربازی، ئەم پڕۆژەیە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقیش هاتە بەر باس و قسەی لەسەر کرا، بەڵام دەرئەنجامی نەبوو، پێکهاتەی سوننە لە ڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە زیاتر بەدوای بابەتەکەوەیە.
ئەم پڕۆژەیە پوختەکەی بریتییە لە پابەندکردنی هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی لە نێوان تەمەنی ١٨ ساڵ بۆ ٤٥ ساڵ لە ڕەگەزی نێر، کە تێیدا هاووڵاتیی عێراقی پابەند دەکرێت بە سەربازیکردن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە بەپێی بوونی بڕوانامەی کەسەکە ماوەی سەربازیکردنیان دەگۆڕێت؛ ١٨ مانگ بۆ بێ بڕوانامەکان و سەرەتاییەکان، ١٢ مانگ بۆ بڕوانامەی ئامادەیی و ٩ مانگ بۆ بەکالۆریۆس و ٦ مانگ بۆ ماستەر، تا بەپێی ڕێژە کەم دەکرێتەوە بۆ ٣ مانگ بۆ بڕوانامەی دکتۆرا. ئەم پڕۆژەیە زۆر بڕگە و ماددەی تێدایە، باسی ئەو کەسانە دەکات ئەم خزمەتە نایانگرێتەوە لەگەڵ دواخستنی خزمەت و بڕگەی سزاکان و بەدیلەکان، کە لە ئێستادا پێویست نین و زیادەیە قسەکردن لەسەری.
هەرێمی کوردستان و پڕۆژەی زۆرەملێی سەربازی! حکوومەتی عێراق لە کابینەی ڕابردوو زۆر جددی بوو و مەبەستی بوو وەک دەوڵەت و دەسەڵاتی حەسری بەپێی ماددەی ١١٠ی دەستووری عێراق هەنگاوی زۆرەملێی سەربازی پیادە بکات، بە ئێستاشەوە پەرلەمانی عێراق لە ئامادەکاریدایە، بەپێی ماددەی ٩ی دەستووریش ئاماژەی پێ دراوە. ئەم پرسە تەنیا بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق نییە، بەپێچەوانەوە بۆ هەموو عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆیە لێکەوتە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێم دەبێت. گرنگە حیزبەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێم هەر لە ئێستاوە ڕای خۆیان هەبێت؛ سوود و زیانی پڕۆژەکە چییە؟ ئایا مەترسی نییە بۆ کورد وەک پێکهاتە؟ ئایا تاکی هەرێمی کوردستان وەک هاووڵاتی تا چەند پێویستی بەم پڕۆژەیاسای زۆرەملێیە دەبێت؟ ئایا دۆخی ناوخۆی عێراق و ناوچەکە چی دەڵێت؟ کە ئێمە وای دەبینین گەر لایەنی ئەرێنیی ئەم بیرۆکەیە ببینین، بیرۆکەی سەربازیی زۆرەملێ یەکجار پێویست و گرنگە؛ ئامرازێکی کاریگەرە بۆ لاوازکردنی هەژموون و پێگەی حیزب لە نێو هێزە سەربازییەکان، هەروەها دەروازەیە بۆ ڕێکخستنی هێزی چەکداری و ڕاهێنانیان بە شێوەی سەردەمیانە، سەرباری ئەوەی چەندە ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تاکی بەرپرس و خەمخۆر و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و زیادکردنی ئینتیمای نیشتمانی و دامەزراوەکان، هەروەها جۆرێک لە دوورخستنەوەی لاوان و گەنجانی هەرێم و عێراقە لە بێکاری و سەرقاڵبوون بە کاری خراپ و تێکدەرانی خێزان و کۆمەڵگە. پێویستە دامەزراوەکانی هەرێم (وەزارەتی پێشمەرگە) قسەی جددییان هەبێت بۆ ئەم پرسە.
گەر پڕۆژەکە وەک خۆی جێبەجێ ببێت و نەبێتە کارتی سیاسی و ململانێی حیزبی و شەڕی تایفەیی، ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە گۆڕینی تێڕوانین و بۆچوون و ناسنامەی ئەرک و مەهامی هێزی چەکدار، کە پێناسەی سادە بۆ ئێستا تەنیا بریتییە لەوەی ئێمە خاوەنی هێزی نیشتمانی و سەردەمیانە و مەدەنیانە نین.
نەوشیروان مستەفا و پڕۆژەی زۆرەملێی سەربازی! پڕۆژەی بە زۆر سەربازیکردن خەون و دنیابینی و باوەڕی ڕاستەقینەی ئەو کاتەی بزووتنەوەی گۆڕان و ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بووە، کە پێی وابوو سوود و قازانجی گەورەی هەیە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و ڕێکخستنەوەی هێزەکان و چاکسازیی ڕاستەقینە لەو سێکتەرەدا، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هەستی نیشتمانی و بەرپرسیارێتی لای گەنج و تاکی کورد. هەر لەسەر ئەو بنەمایە لە سەروبەندی دەستپێکی شەڕی داعشدا پڕۆژەیەکی ئامادە کرد لە ڕێگەی وەزیری ئەو کاتەی پێشمەرگە بەڕێز (مستەفا سەید قادر) و ڕادەستی سەرۆکی ئەو کاتی هەرێم و هێزە چەکدارەکان بەڕێز (مەسعوود بارزانی) کرا و بۆ سەرۆکی حکوومەتیش نێردرا، بەڵام نە کاری پێ کرا و نە بە هەند وەرگیرا.
ڕێگری و زیانەکانی پڕۆژەکە! هیچ پڕۆژەیەک بێ کەموکوڕی و کەلێن نییە، بەتایبەتی پڕۆژەیاسایەکی گرنگی لەم چەشنە کە ڕەهەندی سەربازی، ئەمنی، هەواڵگری (ئیستخباراتی)، دارایی و کۆمەڵایەتیی هەیە.
پڕۆژەیاسای زۆرەملێی سەربازی ئاسان جێبەجێ نابێت و ڕێگری و لەمپەری دەبێت؛ حیزبەکانی عێراق و میلیشیاکانیان پێشبینی دەکرێت زیاتر ئەو خەڵکە بنێرنە خولەکان لە سەرەتادا کە نزیکی خۆیانن و مووچەیان بۆ دابین دەکەن وەک کاسبی دۆزینەوە. ئەم پڕۆژەیە ئاسان جێبەجێ نابێت و بودجە و پارەیەکی زۆری دەوێت؛ ئایا عێراق ئامادە دەبێت خەرجی و پارە بۆ ئەم بابەتە لە هەرێم خەرج بکات؟ دواتر ترسێک هەیە لەوەی دوای ئەم هێزەی ڕاهێنان و شیاندنیان پێ دەکرێت لە ململانێی ناوخۆی هێزەکان بەکار بێت، هەرچەندە ئاسان نییە ڕوودانی ئەمەش، بەڵام ترسە و عێراق پێشبینی دەکرێت هەموو ڕووداوێکی تێدا ڕوو بدات.
1620 جار خوێندراوەتەوە