حكومەتی عێراق بڕیاریدا كێشه‌ى پێناسە و چوارچێوەی داهاته نانه‌وتییه‌كانی هەرێم، كە پێویستە بیداتە بەغداد، ڕەوانەی ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت بكات.
رۆژی ۲٠۲٥/۹/۹ بەنوسراوی فەرمی داوای(بیان رأي)یان لێكراوە لەلایەن حكومەتی عێراق، لە كاتێكدا ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كى سەربەخۆی ده‌ستووریى و یاساییه له عێراقدا كه كارى لە پێشینەی دادوه‌ری كارگێڕیه، سەرباری ئەوەی دوو وه‌زیفه‌ى گرنگى دیكه‌ى هه‌یه، بریتین لە (داڕشتنەوەی پرۆژه یاساكان بۆ حكومەتی عێراق و وەزارەتەكان، له‌گه‌ڵ پێدانى رونكردنەوە و راوێژ و ڕا‌وبۆچوونى یاسایى تایبەت بە دەقە یاسایەكان به‌لایه‌نه باڵاكانى عێراق له وه‌زاره‌ت و لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ته‌وه) ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراق جێی تێرامان و تێبینی یاسایی وهەڵویستە لەسەركردنە..
پەنابردن بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت لەزیانی هەرێمە و بێ سودە!!
بەهۆی ئەم هەنگاوەوە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق یاری بەكات دەكات هەفتەیەك زیاتر چاوەڕێی دەرئەنجامی دەكات، بەمەش ئاسان نیە چاوەڕێی هاتنی موچەی مانگی ۷بین تائەم بابەتانە یەكلادەبێتەوە، پاشان ئەم ئەنجومەنە ٥٠ ئەندامیە بۆ خوێی چێشت یەك كوردی تێدایە، بەهیچ شێوەیەك پیشبینی ناكرێت لە سودی هەرێم بڕیار بدات، سەرباری ئەوەی ئه‌نجومه‌ن له ڕاڤه‌كردنه‌كه‌یدا پشت ده‌به‌ستێت به یاسای به‌ڕێوه‌بردنى دارایى ده‌وڵه‌ت، بۆیە له بنه‌ڕه‌ته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى ناوه‌ند دەشكێتەوە، چونكە ئەم یاسایە هیچ حسابێك بۆ هەرێمی كوردستان ناكات وەك پارێزگا دەیبینێت، بۆیە پێشبینی كراوە بۆچوونەكەیان لە به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى فیدراڵى بێت.
هەرێمی كوردستان دەتوانێت پابەند نەبێت!!
گەر هەرێمی كوردستان رەزامەند نەبێت بەم هەنگاوە ئەوا ئەنجامی كارەكە هەرچی بێت هێزی پابەندكاری نابێت، چونكە عێراق تاك لایەنە ئەم كارەیی كردوە، پاشان هەر لە بنەڕەتەوە دەربرینی بۆچوون راوێژكاریە نەك پابەندكاری وملزم بۆ ئەم حاڵەتانە، پاشان ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كی سەربەخۆیی حكومەتی عێراق نەك هەرێم، بۆیە دروست نیە ڕاڤە بۆ دوو حكومەتی جیاواز‌و دوو لایەنی جیاواز بكات كە سەر بە یەك حكومەت نین، چونكە لە هەريمی كوردستان هه‌مان ده‌زگا و به‌هه‌مان تایبه‌تمه‌ندى بوونى هه‌یه، ئه‌ویش (ئه‌نجومه‌نى شوراى هه‌رێم)ه، كه به یاساى ژماره (14)ـى ساڵى 2008 كاره‌كانى ڕاییده‌كات، ئایا بۆ نەدرایە ئەم ئەنجومەنەی هەرێم درایە ئەوەی عێراق؟؟
ڕێگای دەستوری گونجاو بۆ هەرێمی كوردستان دادگای فیدراڵیە!!
چاره‌سه‌رى گونجاوتر و كاریگه‌رتر بۆ پرسی داهاتە نانەوتیەكان ویاسای ئیدارەی مالی عێراق ئەوەیە پرسەكە بخرێته به‌رده‌م دادگاى باڵاى فیدراڵى له سه‌ر بنه‌ماى مادده‌ى (۹۳) له ده‌ستوری هەمیشەیی عێراق له‌به‌ر ڕۆشنای رێكارەكان له په‌یڕه‌وى ناوخۆى تازەی دادگاى باڵاى فیدراڵى ژماره‌۱ـى ساڵى ۲٠۲٥، به‌مه‌به‌ستى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ی نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فیدراڵى، یاخود تانەدان بە نادەستوریبوونی مادەی ۲۹ لەیاسایی بەرێوەبردنی دارایی عێراق،یاخود داوای راڤەی دەستور بكرێت، ئەم هەنگاوانە لە تایبەتمەندی دادگای فیدراڵییە، بڕیاره‌كانى دادگاش وه‌ك ئاشكرایە پابه‌ندكاره بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان و یه‌كلاكه‌ره‌وەو بنبڕە.
447 جار خوێندراوەتەوە