مەلەفی نەوت لەنێوان ساغكردنەوەی وبەردەوامیدان بەكێشەی موچە و دارایەكاندا

چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم،پەیوەست كراوە بە چارەسەركردنی كێشەی نەوت و داهاتی ناوخۆ، كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش لكێنراوە بە رادەستكردنی بە كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ تێچو و مافی كۆمپانیا بیانیەكان بەهۆی شێواز و جۆری گرێبەستەكان،هەرچەندە بۆتە پرسێك رەهەندی هەرێمی ونێودەوڵەتیشی هەیە،دەسەڵاتدارانی هەرێم نایانەوێت تێبگەن لە راستیەك كەبەپێی (یاسای بودجەی فیدڕاڵی و یاسای ئیدارەی مالی و بڕیاری دادگای فیدراڵی و دەستوری عێراقیش)ناتوانن بەم فۆرمە نەوت بفرۆشن و عێراقیش هیچ رۆڵێكی نەبێت لە ئیدارەدان و فرۆشتن وداهاتەكەیدا.

 

هەرلەسەر ئەو بنەمایە بەداخەوە 10 ساڵ زیاترە مەلەفی نەوت زیانی گەورەی لە مووچەخۆران و ئابوری ئەم وڵاتە داوە بۆتە بەڵایەكی گەورە بۆمان بەم شێوەیە شیاوی پارێزگاریكردن نیە لەسیاسەتی نەوت كە خۆزگەمان دەخواست وانەبێت، بۆیە تاوەكوئەم كێشەیە بەردەوامی هەبێت،ئاسۆی چارەسەرەكان ناڕونن و پینەوپەرۆی دۆخەكەن بۆ هەرێمی كوردستان، هەتا درەنگتر کێشەی نەوت چارەسەر بكرێت مەرجەكانی بەغداد و خواستی بەغداد زیاتر دەبن چونكە لەسەرەتای دروستبوونی کێشەی نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدادا داواكاری بەغداد زۆر سادەو ساكاربوون، بەتاییبەت لە ساڵی 2006 وە مەرجەکانی ناردنی پشکی ھەرێم کەم و سادە بوون، بەڵام ھەرێم ئامادە نەبووە پابەند بێت، ساڵ دوای ساڵیش لەگەڵ پابەندنەبوونی ھەرێم ئەو مەرجانە نەک ھەر کەم نەکراونەتەوە، بەڵکو زیاتر و سەختر بوون.

 

لە یاسای بودجەی هەرساڵێك ھەر مەرجێک دانرابێت لەسەر ھەرێم گەر پابەند نەبوبێت، بە دڵنیایەوە ساڵی داھاتوو مەرجی سەختتری بۆ دانراوە، وەک چۆن سەرەتا تەنیا داوای بڕی (250) ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ھەرێم کرا لە نێو یاسایی بودجەی2017 و  2019 و 2018 بەهۆی ئەوەی ھەرێم پابەند نەبوو بە ڕادەستکردنی ئەو بڕە، لەیاسای بودجەیی 2023و2025،2024 رادەستکردنی بڕی (400) ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بووە ئەرك لەسەر حكومەتی هەرێم.

 

لەئێستادا لەنێوان هەردو حكومەتدا باسی كۆمەڵێک ژمارە دەكرێت بۆ رادەستكردن و گلدانەوەی بۆ پێداویستی ناوخۆ، وەك چۆن باسی رادەستكردنی كۆی نەوتەكە دەكرێت، زانیاریەكان هەرچۆنێک بێت گەر رێكەوتنەكان بنەمای یاسای و دەستوری نەبێت و لەهەموی گرنگتر دەسەڵاتدارانی هەرێم نەگەشتبنە ئەو بڕوایەی كە رێكکەوتن لەسەر نەوت لە بەرژەوەندی هەرێمە و پێویستە رادەستی بكەن یاخود نەسەپێنرابێت بەسەریاندا، یاخود هیچ چارەسەرو بەدیلێك نەمابێت، ئەوا كێشەكان بەردەوامی دەبێت لە كاتی جیاوازدا بە فۆرمی جیاواز سەرهەڵدەداتەوە..


234 جار خوێندراوەتەوە