بەو دۆخە، نەک تەنها ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم؛ کێ لە خەمی مانەوەی خودی هەرێمی کوردستاندایە؟

لە ماوەکانی ڕابردوودا، بە تایبەتی دوای هەندێک ڕووداو لە خانەقین و کەرکووک، پرسی پاراستنی پێکهاتەی کورد، جێبەجێکردنی دەستوور، ڕێگرتن لە گۆڕینی دیمۆگرافی و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستور، جارێکی تر بووەتە بابەتی گفتوگۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی،بەداخەوە ئەم پرسانە بوونەتە بابەتی لاوەکی و خەمی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەموو شتێک بووەتە دابینکردن و زامنکردنی موچە و بودجە لە بەغداد،راستەموچە و بودجە گرنگن، بەڵام ئەگەر هەموو خەمی سیاسیی هەرێم لەو سنوورەدا کۆبکرێتەوە، پرسی چارەنووس و ئاسایشی نەتەوەیی لەدەست دەدەین.


لە کاتێکدا کە هاوکێشەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە خێرایی دەگۆڕێت، کوردستان پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێ و ستراتیژییەکی واقیعی هەیە. ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویداوە و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، دەبێت بۆ هەموومان وانە بن کە کورد ناتوانێت بە ستراتیژییە کۆنەکان بەردەوام بێت.

بۆ هەرێمی کوردستانیش دۆخەکە هەستیارە:

• کەمبوونەوەوتەواوبونی پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە؛
• کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێم دوای ۲٠۲٦/۹/۳٠.
• مەترسیی پێکدادانی هێزە چەکدارەکان وحكومەتی عێراق.
• بەهێزبوونی بەغدا و لاوازبوونی هەرێم و دامەزراوەکانی؛
• و بەردەوام خراپتر بوونی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.


لەگەڵ ئەمانەدا، هەرێمی کوردستانی دوو زۆن، دوو بازگە و دوو ئاراستەی سیاسی، دابران ودوركەوتنەوەی لایەنە سیاسیەكان ،نەمانی دامەزراوەی یاسایەكان ، ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ڕووبەڕووی ئەم مەترسییانە ببێتەوە.


کوردستان کاتێک لاواز دەبێت کە دامەزراوەکانی لاواز بن، هێزەکانی دابەش بن و بڕیارە نیشتیمانییەکان لە ژێر بەرژەوەندییە حزبییەکاندا بن.


ئەمە تەنها کێشەی حکومەتێک یان حیزبێک نییە؛ کێشەی چارەنووسی کوردستانە،بۆیە  گەر  ئەم دۆخە بەردەوام بێت و پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، یەکگرتوویی دامەزراوەکان، پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و جێگای کورد لە هاوکێشەی نوێی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بە جددی نەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەوا مەترسییەکە تەنها لەدەستدانی خانەقین و کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم نییە،بەڵكو خودی هەرێمی کوردستانیش مەترسی گەورەی لەسەر دروست دەبێت.


لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە:
کێ دەسەڵات دەبات؟
بەڵکو:
کێ خەمی مانەوە و داهاتووی کوردستان دەخوات؟

93 جار خوێندراوەتەوە