نزیك دەبینەوە لە تێپەرینی یەك ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان،۱٠۷٥ رۆژە هەرێمی كوردستان ب پەرلەمانە،وەك ئەوەی چاوەڕوان دەکرا وپێشبینیمان دەكرد،چالاكردنەوەی پەرلەمان وپێکهێنانى حکومەتى نوێ لە هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە،بەم دۆخەوە ئەو ئەگەرەش بەرەو مرداربوونەوە دەڕوات چونكە، تا ئەم ساتە تێروانینەكان نزیك نین ورێكکەوتنی كۆنكرێتی نەكراوە وپێداگری لەسەر بۆچونەكان هەیە،بۆیەئەگەر پارتى و یەکێتی رێگەى رێککەوتنێکى ستراتیژی جیاوازترنەگرنەبەر، هەرێمى کوردستان وەک خۆى دەمێنێتەوە. نەدەتوانن کاری پەرلەمان کارابکەن، نە دەتوانن کابینەى نوێى هەرێمى کوردستان پێکبهێنن. بەوەش هیچ مانایەک بۆ هەڵبژاردن و شەرعیەتى حوکمڕانى نامێنێتەوە،چونكە دەبێت دان بەو راستیەدا بنێن هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی وئیداری وحوكومرانیەوە لەقەیران ودۆخێكی چەقبەستویدایە،بەڵام بەداخەوە هێزە دەسەڵاتدارەكان ئیعتراف بەدۆخەكە ناكەن كەلێكترازانی سیاسی ونەمانی شەرعیەتی دامەزراوەكان لەهەرێم بونی هەیە..
تاكەی پرۆسەكە بەقەدەر دەسپێرین؟؟
لە هەموو وڵاتانی دونیادا ئامانج لە هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە بتواندرێت بەهۆیەوە پەرلەمان و حکومەتى نوێ پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەش بەپێى یاسا و رێكارە دەستوورییەکان کات و ماوەى دیاریکراو هەیە بۆ پێکهێنانى حکومەت کە لەو وادەیە تێپەڕی، پێویستە پەنا بۆ دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن ببرێت بۆ سەرلەنوێ پێدانەوەى رەوایەتى بە هێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەى بتوانن حوکمڕانى بگرنە دەست كەلە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەی بۆ كراوە،بۆیەچارەسەر ئەوە نییە ئەم پرۆسەیە بەقەدەر بسپێرن، ناشبێت ببەسترێتەوە بە میزاجى حیزبەکانەوە، کەى کابینەى نوێ پێکدەهێنن،كەتا ئەم ساتەوەتە بەو شێوەیە بوەودەڕوات..
چارەسەر چیە؟؟
ناكرێت بەردەوامی بدرێت بەم حاڵەی هەرێمی كوردستات،بۆیە گەر ڕێکكەوتن رونادات لەنێوان پارتی ویەكێتی،هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتیش منەت وباكیان بەوە نیە خەڵك بۆ ئەوە دەنگی پێداون لەپەرلەمان داكۆكیان لێبكەن،پەرلەمانتارانیش ناتوانن لە بۆتەی حزبی دەربچن تەنها مانگەومانگ موچەی بێ دەوام وەردەگرن،كۆمەلێك پەرلەمانتار بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمان كوردستانیان لەیادچوە سەرقاڵی خۆكاندیدكردن بۆ پەرلەمانی عێراق،بۆیە باشترین بژاردە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسى و ئیدارى هەرێمى کوردستان ئەوەیە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان دووبارە بکرێتەوە،لەرابردوشدا نەوەی نوێ وكۆمەڵی دادگەری لەدادگای فیدراڵی سكاڵایان تۆماركرد وداوای دوبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنیان دەكرد،بۆیە ئیتر كاتیەتی دوایی هەڵبژاردن ئەم دۆخە سیاسیە نێو هەرێم كۆتایی پێبێت...
چۆمان محمد
107 جار خوێندراوەتەوە