تەمەنی پەرلەمان لەنێوان هەڵبژاردن و درێژکردنەوەدا

پەرلەمانی كوردستان لە٦/۱۱/۲٠۲۲ ماوەی یاسایی بەسەردەچێت و شەرعیەتی یاسایی نامێنێت، ئاماژەکان ڕوونن کە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە وبەروارە ئەنجام نادرێت كە سەرۆكی هەرێم بەمەرسوم ۱/۱٠/۲٠۲۲ دیاریكردوە، بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراویش پارتی ‌و یەكێتی لەسەر چۆنیەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌ و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ‌و راپرسی، زۆر لەمێژیشە تێروانین ولێكتێگەشتن لەنێو لایەنەکان بەگشتی هەیە هەڵبژاردن دوابخرێت.

زۆربەی لایەنە سیاسیەكان ئەم بیرۆكەیان بەدڵە، هەر لەسەر ئەم بنەمایە سستی و كەمتەرخەمیان نواندو پێداگری توندیان دەكرد لەسەر بۆچونەكانیان بەئامانجی چارەسەرنەكردنی کەموکوڕیەکانی یاسای هەڵبژاردن و پرسی كۆمیسیۆن، دەنا گەر ئیرادەی سیاسی بەتایبەت لای(یەكێتی وپارتی)هەبوایە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرا و كێشەكان چارە دەكران.

هەرچەندە گۆڕان ساڵێك و شەش مانگ پێش ئێستا پرۆژەی داوەتە سەرۆکایەتی خولی پێنچەم بۆ هەمواری یاساكەو چارەسەری دۆخی كۆمیسیۆن، بەڵام بەداخەوە نەخرایە بەرنامەی كار، ڕاشكاوانەتر بڵێین دروستكردنی ڕێگری و لەمپەر بۆ هەڵبژاردن یاخود بڕیاردان لێی بە پلەی یەكەم لای یەكێتی و پارتیە، بۆیە پێویست نیە و عەیبەیەكی گەورە هێزە سیاسییەكانی تر با هەڵبژاردنیان پێخۆش نەبێت لەم كاتەداو ئامادەی نەبن، بچنە ژێرباری دواخستن و واژۆ و دەنگ بدەن بە درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی پەرلەمان، كۆمەڵێك بژاردە باس دەكرێت لێرەولەوێ وەك شێوازی دواخستنی هەڵبژاردن كە بەدەنگدانی پەرلەمانتاران دەبێت و بەفلتەری پەرلەماندا تێدەپەرێت جا بە بڕیاربێت یا بەیاسای پەرلەمانی، رێگا پێشبینی كراوەكان بریتین لە:
۱_درێژكردنەوەی پەرلەمان بۆ یەك وەرزی یاسادانان یاخود زیاتر.
۲_ درێژكردنەوە بۆماوەیەكی دیاریكراو بەنمونە بۆ شەش مانگ یاخود سالێك و زیار.
۳_هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەوەی خولی هەڵبژاردن بكەنە پێنج ساڵ بەم خولەی پەرلەمانیشەوە.
٤_لەهەموو سینارێوو ڕێگاكان مەترسیدارتر ئەم بژاردەیە كە باسكراوە وگوێمان لێیبوە بریتیە لەوەی ئەم خولەی پەرلەمان بەردەوامبێت تائەوكاتەی هەڵبژاردن دەكرێت بەبێ دیاریكردنی ماوەكەی كە ئەمە رادەستكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانە بەقەدەرێكی نادیار، ئەنجومەنی پارێزگانی هەرێمیشیان بەم دەردە برد، خواستیانە بەم شێوەیە پەرلەمان بەردەوام دەبێت بەبێ ئەوەی خۆی پەیوەست بكات بەكاتەوە، ئەزمونی رابردوش هەیە پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە (9) لە رۆژی 15/4/1998 كە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم)ی لەسەرە تەمەنی خۆی درێژكردەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێتەوە، بەڵام ئەم ڕێگایە لەئێستادا ئاسان نیە و فشاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ زوو ئەنجامدانی هەڵبژاردن، خەڵكی ڕێگای دیموكراسی لێبگریت و مافی دەنگدانی لێ بێبەش بكەی، ئەوكات حیزبەكان ئەوەندەی تر بێ منەتر دەبن، زیان ومەترسی هەیە بۆ زیاتر فراون بونی نارازی وفشاری خەڵكی. بۆیە هیوادارین كەس زات و ئازایەتی ئەوەی نەبێ بیریش لەم رێگایە بكاتەوە، چونکە هاوڵاتی بیر لەبژاردەی تر دەکاتەوە بۆبەشداری سیاسی و کایەی گشتی، چونکە هەموو ئەگەر ئۆپشنەکانی باسکران لەدەرەوەی رەوتە دیموکراسییە ئاساییەکانە کە بریتیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتیەکان لەکاتی خۆیدا.

ئێمە هیچ چارەیەكمان نیە  بۆ ئەوەی نەكەوینە بۆشاییی یاسایی پیویستە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، گەر نا پەرلەمان دەكەوێتە بۆشایی یاسایی وسەرۆكایەتی هەرێمیش ویلایەتیان تەواو دەبێت، بۆیە سەرۆكایەی هەرێم وحكومەتی هەرێم دەمێنێت وەك كاربەڕێكەر، كەدەسەڵاتی زۆر كاروبڕیاری نابێت..

147 جار خوێندراوەتەوە