650 رۆژ بێ پەرلەمان و حکومەتی نوێ، بێ ئەرزشکرنی دامەزراوە لە کوردستان بەردەوامە

پاش ئەوەی دادگای فیدرالی لەبەرواری ۳٠/٥/۲٠۲۳ بڕیاریدا بەنادەستوریبونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە (۲۳۲ وموحداتها ۲۳۹،۲٤۸ و۲٥۳/اتحادية /۲٠۲۳/٥/۲٠۲۳)،پارتی دیموكراتی كوردستان پێش هەموو حزبەكان چوە ژێرباری جێبەجیكردنی بڕیارەكە و داوای خانەنشیبونی پەرلەمانتارانیان كرد،ئەوەبوو لە ۲/۷/۲٠۲۳ بەفەرمانی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان كۆتایی بەخولی پەرلەمان هێناو پەرلەمانتارانی هەواڵەی خانەنشینی كرد.

 

پاش ململانێ وكێشمەكێشێكی زۆر سەرئەنجام هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ۲٠/۱٠/۲٠۲٤ ئەنجامدرا،بەكۆی گشتی ئەوماوەیە نزیك لە ٦٥٠ رۆژە هەرێمی كوردستان بێ پەرلەمانە،سەرباری ئەوەش شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردن تێپەریوە تائیستا ئاسۆی پێكهێنانی حكومەتیش ناڕونە،لە كام وڵاتی دنیا هەبوە ئەو ماوە زۆرە وڵات بێ پەرلەمان بێت،ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە ئەم كاستە سیاسیە بۆ ساتێكیش باوەری بە دامەزراوەكان نەبوە كە خۆیان دروستیان كردوە،هەرچەندە بەداخێكی زۆرەوە بۆچونێك لای هاوڵاتیان دروست بوە پەرلەمانی كوردستان دامەزراوەیەكی زیادوبارە بۆ بودجەی هەرێم و جێگەیەكە بۆ نمایش و خۆدەوڵەمەندکردن، کە لە راستیدا ئەم بۆچونە لەشوێنی خۆیدا نییە بە زۆر هۆکار.

 

هێشتنەوەی هەرێمی كوردستان بەبێ پەرلەمان و هەرێمی كوردستان و حكومەتی كاربەڕێكەر بەم شێوەیە تەواو لەخزمەت وبەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە،سەرباری ئەوەش پێشبینی زوو پێكهێنانی حكومەتیش ناكرێت لەنێوان یەكێتی وپارتی،بۆیە تائەو ساتەی رێکدەكەون نە پەرلەمان دەتوانێ كۆببێتەوە،نە حكومەتیش پێك دێت،بۆیە سیناریۆكان زیاتر بەرەو ئەوەن تاوەكو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان عێراق ئەم دۆخە بەردەوام بێت،ئەمەش بەمانای ئەوە دێت تا وەكو دوای 11بە تەمای پەرلەمانی تازەو حكومەتی تازەی هەرێم نەبین، بەڵام دەنگدەری باشووری کوردستان نابێ بپرسێت نرخ و ئەرزشی دەنگەکەی بۆ کوێ چو؟ یاسای بودجەو دامەزراندن و چاودێری و کۆمسیۆن و تازەبوونەوەی تەمەنی دەستەو دامو دەزگاکان چیان لێهات؟ نابێ دەنگدەری جوت حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە فەیکەکان لە فراکسیۆن و سەرۆک پارتەکانیان بپرسن کوا بەعەمەلی کردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن؟.


101 جار خوێندراوەتەوە