بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی و وەستانەوە لەبەرامبەر حكومەتی زۆرینە !!!

دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ ۳/۲/۲٠۲۲ بە بڕیاری ژمارە ۱٦/الاتحادیة/۲٠۲۲لە دەربڕینێكی دەستوریدا بڕیاریدا لەسەر (رێژەی دو لەسەر سێی ئەندامان) پێویستە بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەلبژاردنی سەرۆكی كۆمار نەك زۆرینەی رەهای ئەندامان، رایەكەش لەسەر داوای سەرۆكی كۆمار (دكتۆر بەرهەم) هات كە داوای رونکردنەوە (تفسیر)ی كردبو.

ئەم بڕیارە ناواخنەكەی جەختكردنەوەیە لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و رێکكەوتن (توافق و شراكە) كە دەوڵەتی تازەی عێراقی دوای ۲٠٠۳ لەسەر دامەزراوە، رۆحی دەستورەكەش رەچاوی ئەم پرنسیپەی كردوە، بۆیە حكومەتی زۆرینە لەگەڵ ئەوەی رێگری سیاسی و حیزبی و ئەمنی هەیە، بەم بڕیارەش رێگری یاسایی و دەستوری بۆ دروستبوو، جێگیركردنی بنەمای هاوبەشێتی و سازان و رێكەوتن، هەروەها دانانی ئەو مادە دەستوریانەی پارێزگاریكردنە لەوەی حكومەتی زۆرینەیەك دروست نەبێت دژی كەمینە هەنگاوبنێت، رۆڵی گەورە ئەگەڕێتەوە بۆ رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) بەپلەی یەكەم و دواتر رەوانشاد (مام جەلال) لەكاتی نوسینەوەی دەستور و عێراقی دوای سەدام حسێن، زۆر لەو مادانەی دانراون پارێزگاری تێدایە لە پێكهاتەی كورد و دەستەبەری تێدایە زۆرینە دروست نەبێت دژی كەمینە بڕیار بدات، كە كورد لە عێراقدا لە ڕوی دانیشتوان هەمیشە هەڕەشەی زۆرینەی لەسەرە، بۆیە بەبێ زەمینەسازی مەترسیەكانی حكومەتی زۆرینە بۆ عێراق زیاترە لەسودەكانی.

روانگەی یاسایی:
ئەم بڕیارە هەرچەندە هێزی پابەندكاری هەیە و بنبڕە كۆتای هێناوە بەكێشەكە، بەڵام رایەكی جیاوازیش هەیە دەڵێت ئەم ڕایەی دادگای فیدڕاڵی بەئاشکرا رەچاوی ماددەی 59/یەك نەكردوە كاتێك باسی
رێژەی زۆرینەی رەهای ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردوە بۆ كۆبونەوەكان بەرەهاییی.

چونکە ئەگەر سەیری ماددە 70 بڕگەی یەك بکەین زۆرینەی 2/3 ی تەنها بۆ دەنگدانی جەولەی یەکەم کردوە بەمەرج نەک بۆ رێژەی پێكهێنانی دانیشتن لەكاتێكدا و دەقی ماددەکە باسی دەنگدان دەكات نەك كۆبونەوە، بۆچونەكان هەرچۆن بێت دادگای فیدڕاڵی ئەم رایەی جێگیركرد كە تارادەیەك مانا و هێزی داوەتە ئەو رێژەی دوو لەسەر سێی دەنگدانەی پێویستە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار لە گەڕی یەكەم، گەر وا نەبێت ئەم رێژەیە هیچ سودی نابێت و بەدی نایەت وەك رێكارێكی دەستوری زیادە لێی دەڕوانرێت، ئەم بڕیارە تارەدەیەك خوێدنەوە و رەچاوكردنی باڵانسە بۆ دۆخی ئێستای عێراق، دادگای ئیتیحادی پێشتر بڕیاری پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەستوریبونی دانیشتنی یەكەمی دەركرد كەدڵخوازی بەرەی (سەدر و حەلبوسی و بارزانی) بوبێت، بەڵام ئەم بڕیارە ئەستەمیان بۆ دروست دەكات.

637 جار خوێندراوەتەوە