ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە دوای کشانەوەی ئەمریکا: پیشاندانی مەترسی یان ئامادەبوون بۆ داهاتوو؟

لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، نیگەرانییەکان دەربارەی داهاتووی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زیاد بووە. بەڵام ئەم بابەتە، تەنها کێشەی کورد نییە، چونکە دۆخی نوێی عێراق، دەتوانێت کاریگەری دروست بکات لەسەر هەموو پێکهاتەکان، بە کورد، و شیعە، و سوننەشەوە. هەرچەندە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا، یەکدەنگی نییە بۆ خستنەڕووی مەترسییەکان و بێدەنگبوون.


بەڵام پرسیاری سەرەکی، هەر بە تەنها ئەوە نییە کە چەندە بترسین و پیشانی بدەین، پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، چۆن خۆمان بۆ هەر دۆخێکی نوێ ئامادە بکەین؟
لە بابەتی ئاسایشدا، جیاوازییەکی گرنگ هەیە لەنێوان هۆشیارکردنەوە لە مەترسی، و ترساندن بە ناوی مەترسی. هۆشیاری ئەوەیە، مەترسییەکان بە ناوی خۆیان بناسرێن، بەگوێرەی قەبارەی مەترسییەکە باس بکرێت، بەڵگەکانیان بخوێندرێتەوە، و بۆ هەر یەکەیان پلانی کاری هەبێت. ترساندن بە پێچەوانەوە، تەنها دڵەڕاوکێ زیاد دەکات. هەرێم پێویستی بە هۆشیارییە، نە بە ترس. چونکە هەرگیز نابێت مەترسییەکان بشاردرێنەوە، بەڵام نابێت هەموو مەترسییەکیش، ببێتە هۆی ترساندنی خەڵک. دەبێت مەترسی، خەڵکی لێ ئاگادار بکرێتەوە، ئەگەری ڕوودانی هەڵبسەنگێندرێت، و پلانی کار بۆ دابنرێت. چونکە ئامادەبوون بۆ داهاتوو، لە ترساندن لە داهاتوو باشترە. هەربۆیە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە چەند ئامادەسازی و هەنگاوێکی بنەڕەتی هەیە، کە دیارترین لەپێشینەیان ئەمانەن:

یەکەم: یەکخستنی پێشمەرگە. پێشمەرگە، دەبێت زیاتر ببێتە هێزێکی پیشەیی و دامەزراوەیی، بە زنجیرەی فەرماندان، و بودجە، و ڕاهێنانی یەکگرتوو، نەک هێزی دوو حزب.

دووەم: بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی. کەلێنی بەرگریی ئاسمانی لە داهاتوودا بابەتێکی گرنگە. هەرێم بە تەنیا ناتوانێت ئەم کەلێنە پڕ بکاتەوە. بۆیە پێویستە لەگەڵ بەغدا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، لە بوارەکانی ڕادار، و چەکچۆڵی دژەدرۆن، و تەکنەلۆجیا سەربازییە سەردەمییەکان هەماهەنگی بکات.

سێیەم: بەردەوامبوون لە پەیوەندییە ئەمنییەکان و دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا. کشانەوەی هێز، بە مانای کۆتایی پەیوەندییە ئەمنییەکان و دیپلۆماسییەکان نییە. بەپێچەوانەوە دەکرێت ڕاهێنان، زانیاریی ئەمنی، تەکنەلۆجیا، و هەماهەنگی، دەتوانن بە شێوەیەکی دوولایەنە بەردەوام بن، سەرباری پشتیوانی و لۆبی دروستکردن.

چوارەم: ڕێکخستنی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا. پەیوەندیی هەرێم و بەغدا، نابێت تەنها لە کاتی قەیراندا چالاک بێت. دەبێت لە ئێستاوە لەسەر بنەمای فیدراڵیەت و دەستووری عێراق، پرسی بودجە، پێشمەرگە، مووچە، نەوت، ناوچە کێشەلەسەرەکان، و هەماهەنگیی ئاسایشی و پاراستنی سنوورمان، پێویستیان بە میکانیزمی جێگیر هەیە.

پێنجەم: دامەزراوەی بەهێز و یەکدەنگ. هەرێم ئەگەر لە ناوخۆدا دابەش بێت، لە دەرەوەش بە یەکدەنگ ناتوانێت قسە بکات. ناکۆکیی سیاسی دەتوانێت هەبێت، بەڵام ئاسایش و پێشمەرگە، نابێت ببنە بەشێک لە ناکۆکییە حزبییەکان، سەرباری کاراکردنەوەی پەرلەمان، و بوونی حکومەتێکی شەرعی و یەکگرتوو.

شەشەم: ئابووریی بەهێز و جۆراوجۆر. ئاسایش، تەنها بە هێزی سەربازی پارێزراو نییە. ئابووریی لاواز، هەرێم لەبەرامبەر فشارە سیاسییەکان زیاتر بێ پارێزگاری دەکات. زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یەک سەرچاوە، بەشێکە لە ئاسایشی هەرێم.

حەوتەم: هەماهەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەکان. یەکێتی و پارتی، هەروەها حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات، لە بابەتی ئاسایش و دۆخی هەستیاری ئێستادا، پێویستیان بە هەماهەنگیی زیاتر هەیە. چونکە دابەشبوون لە بابەتی ئاسایشدا، هەرێم لاوازتر دەکات.
چۆمان محەمەد

77 جار خوێندراوەتەوە