وادە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق؛ لەنێوان هۆشدارییەکانی دەسەڵاتی دادوەری و فشارە نێودەوڵەتییەکاندا

وادە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق؛ لەنێوان هۆشدارییەکانی دەسەڵاتی دادوەری و فشارە نێودەوڵەتییەکاندا
ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد ڕێز لە ماوە دەستوورییەکان بگرن بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئایندە. پێشتریش و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئاگاداری لایەنە سیاسییەکانی کردبووەوە کە پابەندی وادە دەستوورییەکان بن و چیتر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوانەکەوێت. بەڵام ئەمڕۆ دەبینین وادەی دەستووریی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تێپەڕی، کە بەپێی یاسا دەبوو لە ماوەی یەک مانگدا لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرایە. تا ئێستا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوە و دەرفەت دراوە بە پارتی و یەکێتی تا ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت.
چی ڕوودەدات ئەگەر پابەندی وادە دەستوورییەکان نەبن؟
مێژووی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نیشانی دەدات کە تەنها یەکجار سەرۆک کۆمار و حکومەت لە وادەی یاسایی خۆیاندا هەڵبژێردراون؛ لە سەرجەم جارەکانی دیکەدا ماوە یاسایی و دەستوورییەکانیان تێپەڕاندووە. لە دەستووری عێراقدا سزای ڕوون و ڕێوشوێنی تایبەت بۆ دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری نەکراوە. هەروەها بڕیارێکی پێشووی دادگای باڵای فیدراڵی هەیە کە دەڵێت: ئەم ماوە دەستوورییانە تەنها "ماوەی ڕێکخستن" (تنظیمی)ـن، واتە پێشێلکردنیان نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خولی هەڵبژاردن. بۆیە لە ئێستادا تەنها یەک گریمانە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ دادگای فیدراڵی بێتە سەر خەت بۆ ئەوەی بڕیارێکی پێچەوانەی ڕابردوو بدەن.
عێراق لەنێوان دووڕیانێکی سەختدا
سەرباری ئەوەی "چوارچێوەی هەماهەنگی" نوری مالیکییان وەک تاکە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری کردووە، بەڵام "ڤیتۆ"ی ئەمریکا لەسەر کاندیدکردنی ناوبراو پێشهاتێکی نوێیە. ئەمە نەک هەر کاریگەریی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵکو لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و تەواوی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتیش دەبێت.
وا دەردەکەوێت ئەمریکا نەیەوێت پرۆسەکە بەم ئاڕاستەیەدا بڕوات، لە بەرامبەریشدا چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێران جەخت لەسەر بژاردەکانی خۆیان دەکەنەوە. ئەگەر تێبینییەکانی ئەمریکا بەهەند وەرنەگیرێن، پێشبینی دەکرێت دۆخی ئابووری، سیاسی و ئەمنیی عێراق بەرەو ئاڵۆزییەکی زۆر سەخت بڕوات؛ چونکە عێراق دەوڵەتێکە نە خاوەن سەروەرییەکی تەواوە و نە توانای بەرپەرچدانەوەی فشارە دەرەکییەکانی هەیە.
لەو سۆنگەیەوە، زۆر گرنگە لایەنە کوردییەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، بە وردی و حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن، چونکە بە پێچەوانەوە پریشکی ئاگر و لێکەوتە خراپە ئابوورییەکان و سیناریۆ هاوشێوەکانی "ڕۆژئاوا" لەبەردەم دەرگای هەرێمی کوردستانیشدایە.
چۆمان محەمەد

101 جار خوێندراوەتەوە