پرۆژەی بودجەی عێراق؛ قۆناغێکی نوێ لە فشارە سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان
لە کاتێکدا حکومەتی عێراق ئامادەکاری بۆ دەرکردنی پرۆژەی یاسای بودجە دەکات، هەندێک هەڵوێست و ئاماژەی سیاسی نیگەرانییەکی ڕاستەقینە لەبارەی داهاتووی پەیوەندییە دارایییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دروست کردووە. ئەم بابەتە تەنها پرسی دابەشکردنی دارایی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیان، موچە، خزمەتگوزاری، بازار و ئارامیی ئابووری هەیە.
پێداگریی بەغدا لەسەر ناردنی ١٢٠ ملیار دینار بەرامبەر ناردنی موچە، یان بەکارهێنانی میکانیزمی «لێبڕین و مقاسەکردن»، دەکرێت ببێتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانێکی نوێ لە پرسی موچە و دابەشکردنی مافە دارایییەکانی هەرێم، چ لە ئێستادا و چ لە کاتی پەسەندکردنی یاسای بودجەدا. هۆکارەکەش ئەوەیە کە تا ئێستا پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم هەر یەکێکە لە هەرە بابەتە ناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
وتەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە لە ماوەی ڕابردوودا وتی: «هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی یاسای بودجە هەر دێتەوە بەر دەستمان و دەزانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین»، تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو هۆشدارییە لەوەی کە ناکۆکییە سیاسییەکان دەتوانن کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەبێ،هەروەهاوەڵامدانەوە توندەکەی بەڕێز خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، بۆ وەزیری دارایی عێراق، فالح ساری، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لەبارەی پرسی دارایی و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو نیگەرانییە زیاتر بەهێز دەکات کە جارێکی تر هەوڵ بۆ سیاسی کردنەوەی پرسی دارایی و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا هەبێت.
ترسی گەورە ئەوەیە کە لە کاتی پەسەندکردنی یاسای بودجەدا هەوڵ بدرێت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای «پارێزگا بە پارێزگا» بکرێت و تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی سیستمی فیدراڵی پشتگوێ بخرێن. ئەگەر بە پاساوی ئەوەی حکومەتی هەرێم حکومەتێکی کاربەرێکەرە، یان بودجەی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند نەکردووە، یان بەهۆی دۆخی یاسایی حکومەتەوە، هەوڵ بدرێت مافە دارایییەکانی هەرێم سنووردار بکرێن، ئەوا ئەوە تەنها کێشەیەکی سیاسی نابێت؛ بەڵکو دەبێتە مەترسییەکی گەورەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کارگێڕی.
ئەنجامی ئەو دۆخە دەکرێت دواکەوتنی موچە، کەمبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لاوازی بازار، کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و زیادبوونی فشار لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بێت. هەروەها، بودجەی پەرەپێدان و پرۆژە ستراتیژییەکانیش دەبنە قوربانیی ململانێی سیاسی، لە شوێنی ئەوەی ئامرازێک بن بۆ گەشەپێدانی ئابووری.
لەبەر ئەوە، پێویستە هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات، پلان و ستراتیژییەکی هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان دابنرێت و گفتوگۆیەکی یەکگرتوو لەگەڵ بەغدا بکرێت، بۆ ئەوەی پرسی بودجە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێت، نەک بە گوێرەی ململانێی سیاسی،لە هەمان کاتدا، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و خێراکردنی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکان، بە تایبەتی نێوان یەکێتی و پارتی، پێویستییەکی نەتەوەیی و دەستوورییە. یەکڕیزی ناوخۆیی بەهێزترین ئامرازە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان و بەرژەوەندییە دارایی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
چۆمان محمد
۲٠۲٦/۷/۸
105 جار خوێندراوەتەوە