هەرێمی کوردستان لە ناو ئاگری شەڕدا:
چارەسەر یەکهەڵوێستی و یەکگوتارییە
کورد و هەرێمی کوردستان لە شوێنێکی جوگرافیایی هەستیار و ئالۆزی ناوەندی شەڕی ناوچەییدان. بۆیە جیوپۆلۆتیک، نەبوونی سیستەمێکی سەربازی بەهێز و هەروەها نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، وادەخوازێت هەنگاوەکان بە دووربینی و هۆشیاری بگیرێن و سەرکێشی نەکرێت.
لە دۆخی ئێستادا، هەوڵدان بۆ تێوەنەگلان و بێلایەنی وبەهێوری وبێ دەنگی كاركردن لە شەڕی ناوچەیی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕەنگە ڕێگای هەرە دروست بێت. ئەم هەڵوێستە تا ئێستا نیشانەی دووربینییەکی سیاسییە و مایەی دەستخۆشییە، چونکە یارمەتی دەدات هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی مەترسییە ڕاستەوخۆکاندا بمێنێتەوە.
داهاتوی ئەم شەڕە ڕوون نییە، نازانین هێوربونەوە رودەدات، یاخود نا، كە من بەدوری دەبینم، بەڵام ئەگەر جەنگەکە فراوانتر ببێت و بگاتە قۆناغێک، کە بێلایەنی چیدی دەرفەتی نەبێت، ئەوکات پێویستە کورد بە یەکدەنگ و بەیەک ئاراستە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات. لەو ساتانەدا یەکگرتوویی و بڕیاری هۆشیارانە دەتوانێت ببێتە بڕیارێکی مێژوویی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و داهاتووی هەرێمی کوردستان.
ئەگەر هەرێم ناچار بکرێت لەنێوان بژاردەی ئێران و ئەمریكادا بڕیارێکی هەستیار بدات، زۆر گرنگە بە دیراسەیەکی قووڵ و دووربینانە لەنێوان زیانی گەورە و بچووکدا کەمترین زەرەر هەڵبژێرێت (أهون الشرّین)، و ئەو بژاردەیە هەڵبژێرێت، کە لە سودی هەرێمی کوردستان، مانەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی، و هەروەها پاراستنی داهاتووی کوردستان و ناساندنی دۆزی کورد لە جیهاندا بێت، بەشێوەیەك دامەزراوەكانی و ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری ئابوری كەمترین زیانی بەركەوێت.
هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لە مەترسییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوادا بووە سەنتەر و ڕۆڵی خۆی گێڕاوە، بەڵام لە پرسی ڕۆژهەڵات دۆخەکە تەواو جیاوازتر و هەستیارترە. بۆیە ئەم دۆخە پێویستی بە ستراتیژییەکی زیرەکانە و هەنگاوێکی بەدیراسە هەیە.
بەداخەوە، ئەو هێرشانەی کە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی شیعەی عێراقەوە دەکرێتە سەر هەولێر ـ پایتەختی هەرێمی کوردستان ـ و هەروەها هێرشە درۆنییەکان بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، دژی كورد و ئاوەدانی و سەقامگییری هەرێمە، دەرخەری ئەوەیە، کە مەترسییەکان بۆ هەرێم بێ جیاوازییە، چاویان بەپێگە و ستراتیژی هەرێم هەڵنایەت..
حکومەتی عێراق پێویستە بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرێت و ئەم هێرشانە ڕابگرێت. بێدەنگبوونی هەر هێز و کەسایەتییەک لەكوردستان لە بەرامبەر میلیشیا چەکدارەکان ناتوانرێت بە هەڵوێستێکی ئاسایی وەربگیرێت، چونکە ئەمە وەک جۆرێک لە ناپاکییەکی نیشتیمانی دەخوێندرێتەوە.
چۆمان محمد
127 جار خوێندراوەتەوە