شکستی ئەخلاقی سیاسی؛ کاتێک مینبەری سیاسەت بوو بە مینبەری ڕق و کینە

شکستی ئەخلاقی سیاسی؛ کاتێک مینبەری سیاسەت بوو بە مینبەری ڕق و کینە

حیزب و کاراکتەرە سیاسییەکان یەکێک لە ئەرک و ئامانجە سەرەکییەکانیان پاراستنی بەهاوڕێز و پیرۆزییە کۆمەڵایەتییەکانە. بەڵام بەداخەوە، لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکە لەبری دانانی پلان و بەرنامە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی گوتاری ڕق و کینە، گوێمان لە دەستەواژە و قسانە دەبێت کە نەک تەنها شیاوی کاراکتەرێکی سیاسی نین، بەڵکوو بۆ هاوڵاتییەکی ئاساییش قبووڵکراو نین.

بەکارهێنانی ئەم ئاستە لە گوتار و ڕادەربڕین، کاریگەرییەکی یەکجار خراپ لەسەر بەها و ڕێزی کۆمەڵایەتی دادەنێت و هێڵە سوورەکان تێدەپەڕێنێت؛ هێڵانەیەک کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بشکێندرێن. لە قۆناغێکدا ئەم جۆرە گوتارانە تەنها لە ڕێگەی پەیجە ساختە و نەرەسمییەکان بڵاودەکرانەوە، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا لە زمانی هەندێک کاراکتەری سیاسی دەردەچن؛ ئەمەش نیشانەی دابەزینی ئاستی ئەخلاقی گوتاری سیاسییە.

ئەم نەخۆشییە تەنها پەیوەندیدار بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان نییە، بەڵکوو مەترسییەکی گشتییە بۆ تەواوی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وهەمو ئەو دەستكەوتانەی بەقوربانی بەدەستمان هێناوە. کاتێک زمانی ڕق و کینە ودوژمنایەتی دەبێتە ئامرازێکی ململانێی سیاسی، ئەنجامەکەی تەنها بریندارکردنی نەیار نییە، بەڵکوو متمانەی نێوان هاوڵاتیان، وەمتمانەی هاولاتی بە پرسە گشتیەكان ودامەزراوەكان بەها هاوبەشەکان و شیرازەی کۆمەڵگا لاواز دەکات.

ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، شکستی ئەخلاقی سیاسی بە تەواوی دەگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، و لە جیاتی ئەوەی سیاسەت شوێنی گفتوگۆ، ڕێز و جیاوازی بۆچوون بێت، دەبێتە مینبەری ڕق، کینە و دووبەرەکی. ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئایندەی یەکگرتوویی کۆمەڵگا و ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

چۆمان محمد
۲٠۲٦

80 جار خوێندراوەتەوە