پێدەچێت لە كایەی سیاسەت و حیزبایەتیی کوردیدا، چیتر نە وشە مابێت بۆ نووسین، نە هیوا مابێت بۆ بەخشین، نە تەنانەت حەزێک بۆ دەربڕین. نەک لەبەر ئەوەی باس و ڕووداو نین، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەسەرهاتەكان ئەوەندە ناشرین و ناخۆش و ناجۆر و ناڕەسەن بوون، مرۆڤ هەست دەکات هیچ وشە و دەربڕینێك نەماوە تەنانەت بتوانێت پێناسەیان بكات، چ جای ئەوەی پێشنیار بۆ چارەسەریان پێشكەش بكات .
سیاسەت بۆ نەتەوەیەكی ژێردەستەو بێ دەوڵەتی وەك كورد، کە دەبوو هونەری خەبات و تێكۆشان وخزمەتکردن و بەدیهێنانی چارەنووسی گەش و بەڕێوەبردنی دواڕۆژی بێت، لەمڕۆدا بووەتە پیشە بۆ بەدەستهێنانی پلە و پارە و دەسەڵات، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی و كەڵەكە كردنی قازانج بۆ تاک و گرووپ و پارت، بێ سڵكردنەوە لە مێژوو و لە ئەدەب و لە ئەخلاق.
حیزبایەتی، کە دەبوو ڕێگایەک بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان، لە زۆر شوێندا خۆی بووەتە ئامانج. نەتەوەش دوا شتە گوێی پێبدرێ، تەنها بۆ مەبەستی دروشم و جوانکردنی ڕوخساری بەرژەوەندییە خێزانی و كەسیەكان نەبێت.
سیاسەتپیشەكان هەمیشە هەر خۆیان بە نوێنەری نەتەوە و تەنها خۆشیان بە ڕێگەپێدراو دەزانن بە ناوی نەتەوەوە قسە بكەن، بەڵام کەمیان ئامادەیە لە پێناوی نەتەوەدا كاربكات، دوور لە هاوكێشەی قازانج و بەرژەوەندی و پاراستنی خود و حیزب و دەسەڵات.
هەر هەموویان خۆیان بە خاوەنی ڕاستی ڕەها دەزانن، لێ کاتێک هەمان ڕاستی بكەوێتە بەرامبەریان و ڕێگر لەبەردەم بەرژەوەندییەکانیان، ئامادەن ڕاستی بە دوژمن وێنا بكەن، ڕەخنە بە خیانەت و پرسیارکردن بە تاوان و ڕەخنەگر بە دوژمن و تاوانبار. هەموو شتێکیان لە خزمەتی حیزبدا دەوێت، لێ حیزبیان هەرگیز نەخستۆتە خزمەتی نەتەوە و نیشتیمان.
لە ڕاستیدا ئەوەندە درۆ بە ناوی ڕاستی فرۆشراوە، ئەوەندە خراپە بە ناوی خەبات پاساو دراوە و ئەوەندە بەرژەوەندیی کەسی بە ناوی بەرژەوەندیی گشتی پێشکەش کراوە، چیتر مرۆڤ نازانێت کام پێشهات و ڕووداو شایانی نووسینە و کام گەندەڵی شایانی ئاشکراکردنە.
هەندێک جار مرۆڤ لە خۆی دەپرسێت: بۆچی بنووسم؟ بۆ کێ بنووسم؟ بۆ ئەوانەی گوێیان لە ڕەخنە نییە؟ بۆ ئەوانەی تەنها ئەو کاتە ڕاستیان خۆش دەوێت کە لە خزمەت و بەرژەوەندیی ئەواندا بێت؟
قسەیەكی باو هەیە دەڵێ ”تا چیلکەی لێوەبدەیت، بۆگەنی زیاتر بەرز دەبێتەوە”. ئەم وتەیە بە تەواوی وێنەی ئەو دۆخە دەخاتەڕوو، لێ کێشەکە ئەوە نییە کە ”پیسییەکە” ئاشکرا دەکرێت، کێشەکە ئەوەیە کە ئەو ”پیسییە” ئەوەندە ڕۆچۆتە ناو كایەكەوە وڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، تا ڕوویەكی ئاشكرا دەكەیت، یەكێكی دیكەی ناشرینتری دەردەكەوێت.
دەبێت دڵنیابین لەوەی ئەم بێزارییە لە نەتەوە و نیشتیمان نییە، لە خەبات نییە، لە ئومێدی ڕزگاری و ژیانی شایستە نییە. بێزارییە لەوانەی ئەم بەها پیرۆزانەیان کردووەتە قوربانیی دەسەڵات و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان. ئەم بێزاریە لەوانەیە كە یەخەی كراسیان پیس نەبوە لە ڕێگەی خەباتدا، ڕۆژێكی سارد و گەرمیان نەبینیوە، هەرگیز قوربانیان نەبەخشیوە، هاتوونەتە سەر حازری و خۆیان لێبوە بە دەمڕاستی میللەت و كەڵەگا.
نەتەوە موڵکی هیچ حیزبێک نییە، مێژووش موڵکی هیچ سەرکردەیەک نییە. سیاسەت بە کردار پێوانە دەکرێت، نەک بە دروشم، بە ویژدان، نەک بە نمایش و بە خزمەتکردنی خەڵک، نەک بە پاراستنی کورسی و دەسەڵات. ئێمە لە نەتەوە بێزار نەبووین، لەوانە بێزار بووین کە نەتەوەیان کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی خۆیان.
لەوانەیە ئەمڕۆ چیتر حەزمان لە نووسین نەبێت، بێهودەبین لە قسە و دەنگ هەڵبرین، بەڵام ئەوەی زۆرتر جێگای خەمە ئەوەیە کە نەوەیەک لە ژێر سایەی دروشمە ڕاستەقینەكاندا، باوەڕی تەنانەت بە وشەکانیشی نەمێنێت و هەرچی پەیوەستی و پابەندێتیە بە نەتەوەکەیەوە لەدەست بدات.
کاتێک سیاسەت لە ویژدان بەتاڵ دەبێت، حیزبایەتی لە خزمەتکردن دەگۆڕێت بۆ خۆپەرستی، کاتێک خەبات دەبێتە بازرگانی، نەتەوە دەبێتە کاڵا، و کاتێک ڕاستی دەبێتە تاوان، وەفاو قەدرزانی دەبێتە پشتگوێخستن و بێڕێزی، بێدەنگیی خەڵکیش دەبێتە شایەتحاڵی نەبان لەسەر ئەو هەموو نادادپەروەرییە، ئیتر بێهودەیی و ڕەشبینی باڵ بەسەر هەموو هیوا و ئومێدێكدا دەکێشێت.
تكایە چیتر بە دروشم هەڵمانمەخڵەتێنن و مەمانكەن بە سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندیەكانتان. نەتەوە پێویستی بە کرداری دڵسۆزانەیە، نەک بە وتار، پێویستی بە ویژدانی زیندوە، نەک بە نمایشی دەمامكدار، پێویستی بە خزمەتگوزاریە، نەک بكرێت بە خزمەتكار.
تكایە بەسە با نەتەوەیەک دەسەڵاتدارانی خۆی لێی نەبێت بە دوژمن و جەللاد و مۆتەكە، خوێنڕێژ و بكوژی دوێنێشی بە فریادڕەس و فریشتە.
105 جار خوێندراوەتەوە