ئاریشەكانی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن
بۆچی حەز بە قوتابخانە ناكەین؟
نووسینی: ئومێد حەسەن .
بەشێكی زۆری كێشەكانی پەروەردەی ئێمە، لە تێگەیشتنێكی چەوت لەبارەی هەردوو چەمکی (پەروەردە و فێربوون)ەوە، سەرچاوەیان گرتووە، لەجیاتی ئەوەی زیاتر گرنگی بە پەروەردە و پێگەیاندن و بونیادنانی كەسایەتی و تایبەتمەندیییە ئەرێنییەكانی قوتابیان و دەرخستنی بەهرەكانیان بدەین، هەموو سەرنجی خۆمان خستووەتە سەر تەنها فێركردن، (فێركردنیش ئەوەیە كە دەیبینین!) ئەوەی زانیاری ببەخشینە قوتابیان و ئەوانیش بۆمان بخەنەوە سەر كاغەز، بریتییە لە تەلقیندانی قوتابیان و پوكاندنەوەی مێشكیان، نەك فێركردنیان. دیاریكردنی چوارچێوەی بیركردنەوە بۆ قوتابیان و ئاشناكردنیان بە ڕێگاكانی بیركردنەوەی ڕەخنەییانە و چۆنییەتی گەڕان و بەكارهێنانی سەرچاوە زانستییەكان و هەلسەنگاندنی ئەو بابەتانەی دەیخوێنن، ڕێگە دروستەكەی فێركردنن. ئەوەی لە پڕۆسەی خوێندن و پەروەردەی ئێمەدا پێڕەو دەكرێت شێوازێكی زۆر كۆن و بەسەرچووی فێركردنە، لە وەلاتانی زۆر دواكەوتوو نەبێت، پێرەو ناكرێت.
نیشاندانی ڕێگای فێركردن، واتە فێركردنی فێربوون، لە خودی فێربوون، گرنگترە. هەلەی گەورە لە سیستمی خوێندن و پەروەردەی ئێمەدا، ئەوەیە، لە جیاتی ئەوەی قوتابیان فێر بكەین، كە چۆن فێر دەبن، واتا لە جیاتی ئەوەی ڕێگەی فێربوونیان، نیشان بدەین، دێین بابەتێكی دیاریكراویان فێر دەكەین. جیاوازی هەیە لە نێوانی زانین و زانیارییدا، زانیاری هەم ئاسان دەست دەكەوێت، هەم بە ئاسانییش لە بیر دەچێتەوە، هەرچی زانینە قوولتر و ڕەسەنترە، زانیاری مولكی كەسانی دیكەیە وەری دەگرین، هەرچی زانینە، بەری ڕەنجی هەول و ماندووبوون و بەرهەمی مێشك و تێفكرینی خۆمانە. ئەوەی وا بكەین خوێندكاران بزانن، زۆر گرنگترە لەوەی زانیارییان بدەینێ، ئەوەی ئێمە دەیكەین بەخشینی زانیارییە بە خوێندكاران، نەك فێركردنی زانین!
ئاشكرایە كە دەوامی قوتابخانەكانی ئێمە، تەنها سێ بۆ چوار كاتژمێرە و لەو ماوە كەمەیشەدا شەش وانە، یەك بە دوای یەك دەخوێندرێن. ماوەی كەم و وانەی زۆر، یەكێكی ترە لە كێشەكانی ئەم سیستمە و بەربەستیشە لە بەردەم فێربوونی خوێندكاراندا، چونكە بەمە هیچ دەرفەتێكمان بۆ بیركردنەوەیان نەهێشتۆتەوە. هەر ئەمەیشە هۆكاری بێزارییان لە خوێندن و خوێندنگە. ئەوەی كە خوێندكاران حەز بە چوونە خوێندنگە ناكەن ئەوەی كە مامۆستایان حەز دەكەن هەمیشە پشوو بێت و نەچنە قوتابخانە، ئاماژەی زۆر مەترسیدارن و پێمان دەلێن: بەبێ ئاشتكردنەوەی خوێندكار و مامۆستا لەگەل خوێندن و ژینگەی قوتابخانەدا، هەموو هەولەكان بۆ پێشخستنی پەروەردە بێ سودن، ئاخر مرۆڤ كە لە ڕووی دەروونییەوە، ئامادە نەبوو بۆ ئەنجامدانی كارێك (جا هەر كارێك بێت!) ئەنجامیشی بدات، بەخراپی ئەنجامی دەدات و تێیدا سەركەوتوو نابێت، بۆ مەسەلەی پەروەردەش هەر وایە و بگرە خراپتریشە، چونكە هەموو شت بە زۆر بكرێت، پەروەردە و فێركردن، بە زۆر نابێت، بۆیە تا مامۆستا و قوتابی بەو بیزارییەوە، ڕوو لە ناوەندەكانی خوێندن بكەن، باسكردن لە گۆڕانكاریی لە ڕێی پەوەردەوە، هەروا بێئەنجام دەبێت!
ژینگەی قوتابخانە و دابینكردنی كەشێكی لەبار، كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنایەتی كۆی پڕۆسەی پەروەردە هەیە، ئێستاش بینای زۆربەی قوتابخانەكانی ئێمە، زیاتر لە زیندان دەچن، نەك شوێنێك بۆ پەروەردە و فێركردن، زۆربەیان بێ سەوزایی و بێ هۆلی هونەری و گۆڕەپانی وەرزشی، بێ ئاو و كارەبای بەردەوام، بێ كتێبخانەی دەولەمەند بە سەرچاوەی زانستی، بێ تاقیگە و هۆیەكانی فێركردنی سەردەمیانەن، هەموو ئەمانە پێكەوە هۆكارن بۆ ئەوەی مامۆستایان و قوتابییان، قوتابخانە وەك شوێنێك بۆ ڕق هەلگرتن لە خوێندن و زانست تەماشا بكەن.
ئەوەی كە لە سیستمی خوێندنی ئێمەدا، هیچ شوێنێك بۆ چالاكی جەستەیی و ڕۆحیی نەكراوەتەوە، هۆكارێكی تری ئەو بێزارییەیە، كە ئاشكرا بە دەموچاوی خوێندكاران و مامۆستایانەوە دیارە، وەرزش و هونەر، كە فەرامۆش كراون، هیچیان نەك لە وانەكانی تر كەمتر نییە، بەلكوو زیاتریشە، ئاخر سروشتی ئەم دوو وانەیە بە جۆرێكە، وا لە خوێندكاران دەكات، زیاتر هەست بە ئاسودەیی دەروونی بكەن و وایان لێ دەكات، زیاتر هۆگر و پەیوەستی قوتابخانە بن و جۆشوخرۆشی زیاتریان پێ دەبەخشێت، گرنگیدان بە چالاكییە هونەریی و وەرزشییەكان، هەر بۆ تەندرووستی جەستە و دەروون گرنگ نیین، بەلكوو یارمەتیدەرێكی باشیشن، بۆ دۆزینەوەی زۆر بەهرەی شاراوە لە قوتابیاندا، لە بوارەكانی شانۆ و میوزیك و نیگاركێشی و ...تاد. هۆكاری ئەوەی كە لە هیچ بوارێكدا، هیچ داهێنانەرێكمان نییە، ئەوەیە: هەر قۆناغی سەرەتاییەوە بەهرەی مندالەكانمان دەكوژین، كەچی دوایی هەر خۆمان گلەیی ئەوەیان لێ دەكەین، كە بۆچی داهێنان ناكەن!
82 جار خوێندراوەتەوە