چەکدارکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانی....
تا ئێستا ڕوون نییە، چەکی ئەمریکا کەی و چۆن و بە چ ڕێگایەک و بە چ ڕێککەوتنێک دراوە بە کێ؟
بەدەر لەو هەموو نیشانەی پرسیار و گومان و تەمومژە.! ئایا ناردنی چەک بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران کارێکی لۆژیکی و دروستە.!؟
ئایا چەکدارکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانی نابێتە هۆی سیناریۆی شەڕی ناوخۆ وەک سوریای سەردەمی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١.!
ئایا خۆپیشاندەران چ جۆرە ئەزموونێکی چەک بەکارهێنان هەیە.!؟
هاوکات ئایا چەکدارکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانی بەهانە ناداتە ڕژێمی ئێران کە خوێنی زیاتری خەڵکی سیڤیلی ئێران بڕێژێ و تەواوی ناڕەزایەتیەکان بە ئاگرو ئاسن سەرکوت بکات.!
ئایا ئەو هەموو هاوسۆزیە جیهانی و ، ئەو ڕەوایەتی و دروشمی ( ژن، ژیان. ئازادی) خۆپیشاندانەکان ناخاتە بەردەم پاڕادۆکسی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیی دوورودرێژەوە.!
ئایا چەکدارکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانی تەمەنی جمهوری ئیسلامی ئێران درێژتر ناکاتەوە.!؟
زۆرێک لە کورد و ئەمریکی و ئەوروپی تا ئێستا نازانن چەک بۆ لە ڕێگای کوردەوە ڕەوانەی خۆپیشاندەران دەکرێ! پاشان چەندین ڕێگا و شێوازی جۆراوجۆری تر هەیە بۆ چەکدارکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانی.!
بۆیە بە تێگەیشتنی من ؛ ئەگەر چەکی ئەمریکی یان هەر جێیەکی تر لەڕێگای کورد و هەرێمی کوردستان نێردراوە ، دیارە کورد یان ئەو لایەنانە کارێکی لۆژیکی عاقڵانەیان کردووە. کە چەکەکانیان گلداوەتەوە.!
کوردی داماوی دەورەدراو بە دوژمن و دۆستی لە دوژمن ترسناکتر بۆ خۆی بکاتە نیشانە بۆ ئێران و حەشدی شیعی و سوننی.!
هەرکەس و لایەنێک ئەو چەکانەی گل دابێتەوە، هەقی دەستخۆشی لێکردن یان هەیە.
من بەش بە حاڵی خۆم، بە تێگەیشتنی متەوازیعانەم دەستخۆشی لەو کەس و لایەنە دەکەم کە ڕێگری لە ناردنی چەکەکان کردووە بۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی.!
بێلایەنی هێزە سیاسیەکانی کوردی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران باجی خۆی هەیە.!
ئایا بڕیاری بێلایەنی لەو جەنگە دروست بووە یان هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی بوو.! جێی مشتومڕی زۆرە، ئەم کورتە سەرنجەی منیش جێگای تاوتوێی ئەو پرسە نییە.!
ئەنجامی شەڕەکە بە کوێ دەگات و ، نەخشەی سیاسی ناوچەکە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت یان نا... گرنگ ئەوەیە کورد و سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی کوردی باشور و ڕۆژهەڵات بزانن لە کوێی نەخشەکەدان و بەرەو چ ئاراستەیەکی واقیعی و عەقڵانی هەنگاو دەنێن.!
بەداخەوە ئەوەی لە ئێستادا وجودی هەیە ، ئاسۆی داهاتووی عێراق و ئێران بۆ ئێمە تاریک و پڕ لە تەحەدی ترسناکە.!
پێدەچێت... ئێمە لە «مێژووی خەباتی خۆمان، تەنها فێری ئەوە بووبین، کە هیچ فێر نەبین.»
ئاراس وەلی
191 جار خوێندراوەتەوە