ئێران و ئەمریکا: بەرەو داخستنی پەنجەرەکە

بە هاتنی بایدن هیوای ئەوە هاتە ئاراوە کە ئێران و ئەمریکا دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما، هۆکاری ئەم پێشبینی و گەشبینییە زۆربوو. نزیکێتی ئۆباما و بایدن، بانگەشەی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە لە کاتی کەمپەیندا، هەبونی لۆبییەکی بەهێزی ئێرانی نزیک لە دیموکراتەکانەوە، بەڵام سەرباری دەنگۆ و باسکردن و هەوڵی بچوک هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەک لە ئارادانیە کە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکە فەراهەم دەبێت.

لێرەدا بە کورتی ئارگومێنتی ئەوە دەخەمە ڕوو کە بۆچی بایدن پەلەی نیە یان نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە، پاشان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە کە ئایا ئێران چی دەکات؟

ڕۆژانی ڕابوردوو بینیمان شەقامەکانی بەغدا پڕبوون لە چەکداری میلیشیاکان، هۆکاری ئەمە و ئامانجی ئەمە تەنها یەکێک نیە بەڵکو زۆرە، بەڵام بە دڵنیاییەوە؛ یەکێک لە هۆکارەکانی نمایشی فشارە لە سەر ئەمریکا و دۆستەکانی لە عێراق، ئەمە لە جێگاکانی تریش دەبینین لە هەمانکاتدا.

سیاسەتی ئێرانی ئاشکرایە، کە خۆی لە چەند هەنگاوێکدا دەبینێتەوە:

یەکەم: بە ئەم کارانە ئێران دەیەوێت خۆی بیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بخاتەوە کە دۆخی خراپە و پێویستە ئەمریکا ئابڵۆقەی لە سەر لاببات ئەگینا دەتوانێت کاری تێکدان بکات لە زۆر شوێن.

دووەم: ئەڵتەرناتڤی نەگەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی شلۆقانی سەرتاپا ناوچەکەیە،  دۆستەکانی ئێران لە واشنتۆن دەیانەوێت ئەم پەیامە بگەیەنن، هەموو ئێرانییە ئەمریکییەکان وەک یەک قسە دەکەن لەمبارەوە.

بەڵام بایدن هەست بە فشار ناکات، چونکە لە ڕاستیدا گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بری ئەوەی فشار لە سەر بایدن لاببات فشاری زۆری لە سەر دروست دەکات.

بایدن پەروەردەی سێناتە، چاک شارەزای کۆنگریسە، ئەوەی لە ئێستادا فشارە لەسەری دۆخی سەختی ناوخۆی ئەمریکایە، لە ئاستی کۆڤید، ئابوری، ژێرخان، کۆچبەر.

ئەوەی بڕیار لە سەر سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ئیدارەی بایدن و دیموکراتەکان دەدات ئێران نیە، بەڵکو دۆخی ناوخۆیە. بۆیە بایدن نایەت کۆنگریس لەخۆی بئاڵسکێنێت و هەموو کارەکانی لە ناوەوە توشی شکست بن، لە بەر ئێران.

ئێران باش ئەمە دەزانێت بۆیە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بنێرێت کە ئەگەر ئاوڕی لێنەدەنەوە ئەوا ناوچەکە تێکدەدات، بەڵام ئێران کۆریای باکورنیە، هەرچەندە هەوڵدەدات بە ڕێچکەی ئەودا بڕوات.

لە لایەکی ترەوە ئەگەر سەیری ئەجیندای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بکەیت، ئەوا ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی نیوەییە، میدتێرم، لە کاتی وەهادا دانوستان ناکرێت. پاشان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نزیک دەبینەوە، دیسانەوە دانوستان ناکرێت، بە گشتی لە خولی یەکەمی بایدندا مەحاڵە لەو پرسە نزیک ببنەوە، مەگەر ئێران بە تەواوی ڕەفتاری بگۆڕێت بە جۆرێک کە کۆنگریس لێی ڕازی بێت.

لە ئێستادا لە نەبونی هیچ جۆرێک لە باوەڕ بەیەکترکردن لە نێوان هەردوولادا، ئەوا چاوەڕوان ناکرێت ئێران ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت. لە ڕاستیدا ئەگەری زۆرە لایەنگرانی ڕێککەوتن لە گەڵ ئەمریکادا لە پاش هەڵبژاردن کەمتربن. ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێران و چین ڕێککەوتنی (25) ساڵە لە نێوانیاندا واژۆ دەکەن. ئەمەش جۆرێکە لە فشار، بەڵام ئەمریکا، ئەمریکای جاران نیە، ئێستا ناوەوە لە هەموو شتێک گرنگترە، لە دەرەوە چین.

بۆیە ڕەنگە برادەرانی ڕەبع اللە زیاتر سەرقاڵبن لە ماوەی داهاتودا.

281 جار خوێندراوەتەوە