شیلادزێ، سنورێکی تر

چەند ساڵێک لەمەوپێش بە مەبەستی زانینی زیاتر چومە نزیک بنکەی سەربازی تورکی لە شیلادزێ. ئاشکرابوو بۆ چاودێری پەکەکە لەوێدا دانرابوو. بەڵام ئەوەی چەند ڕۆژی پێشوو ڕویدا ئاماژەن بۆ چەند پێشهاتێکی نوێ:

ماوەیەکە بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن بتوانین بە شێوازێکی جیاواز وێنای چارەسەری کێشەی کورد بکەین. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە چارەسەری کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی سێ پارچەی کوردستان، باکور و باشور و ڕۆژئاڤا، هەتا بێت زیاتر پێکەوە دەبەسترێن. بەو مانایە چارەسەری دەوڵەتی یان دەوڵەتی نەتەوەیی: عێراقی و سوری و تورکی بوونی نیە، ئەمە لە قۆناغێکی تریشدا کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە. 


لە ساڵی ٢٠١٢ لە زانکۆی کەلتور یونیڤێرسیتی لە ئیستەنبول لە کۆنفراسێکی تایبەتدا بە ستراتیژی بیری داودئۆغلۆ، لە گەڵ کۆمەڵێک دیپلۆمات و ئەفسەر و ئەکادیمی تورکدا پێشنیاری ئەوەم کرد، کە دۆخی دونیای ئەمڕۆ لە ڕووی ئاگایی و تەکنەلۆجیا و چالاکبوون و گۆڕانکاری سیستەمی دەوڵەت، هەتا بێت کوردەکان لەیەکتر زیاتر نزیک دەکاتەوە: ئەمە بە ئاشتی بکرێت باشترە، چونکە شەڕیش هەمان دەرئەنجامی دەبێت. 


ئەگەر ڕۆژێک کوردەکان بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکرێت جۆرێک لە پێکەوەبوون تر لە دونیای ئەمڕۆدا بێتە دی. وەڵامی ئەوان تێکەڵ بوو. دیارە یەکەم ترس ئەوەیە کە نەک هەر دان بە کورددا بنێن بەڵکو دان بە ئەوەدا بنێن کە خاکی کوردستانی فراوانترە لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە. بەم پێیە خاک و گەلی تورکی شوناسی دەکەوێتە ژێر مەترسیەوە. گرێیەک هەیە لە ناخی سیاسەتی تورکیدا ناوی دەنێم گرێی سیڤەر، بەمانای ئەوەی کە تورک دەترسن کە ئەوانی تر هەوڵی سڕینەوەیان بدەن. لەم ڕوانگەیەوە پرسی کورد دەبینن. بۆیە پەیوەندییان لە کورددا پەیوەندی وجودییە. یان ئێمە یان ئەوان، ناکرێت هەردوکمان هەبین.


ئێمەی کورد ئەم دۆخەمان نیە، ئێمە هەین بەڵام شەڕی دانپیانان دەکەین، ئەوان دانیان پیانراوە بەڵام شەڕی بوون دەکەن. ئێمە ناترسین لە بوونی ئەوانی تر، ئەوان دەترسن لە بوونی ئەوانی تر، چونکە بونیان بونێکی دەوڵەتییە نەک بونێکی نەتەوەیی. دەوڵەت و نەتەوە لە دۆخی تورکیادا تەماهی بوون. دەوڵەت نەتەوەیە و نەتەوە دەوڵەتە، ئەمە کرۆکی پرۆسەی ئەسیمیلاسیون یان توانەوەیە. لە کوردستانی عێراق کۆمەڵێک عێراقچی خاوەنی ئەم دیدە ئەتاتورکیەن، کە دەیانەوێت کورد لە عێراقدا بتوێننەوە، بەڵام زیاتر نەخۆشییەکی شەڕی ناوخۆی کوردییە، لەوەی دیدێکی توکمەبێت. 


ئەوەی من بیری لێدەکەمەوە وەک ڕوانگەیەک، دەوڵەمەندکردنی دیدی جەیمس سکۆتە. ئەم بیرە لەوێوە دێت کە دەوڵەتی تیرەتۆری ناوچەکە، لە سەرەتادا وەها دروست بوون کە پێکهاتەکانیان بتوێننەوە، هەتا نەتەوەیەک دروست بکەن بە مۆدێلی ئەوروپا. بەڵام تازە درەنگە بۆ ئەمە.

لە دۆخی کورددا، ئەگەر سنوری نێوان ئەم وڵاتانە نەرم بکرێنەوە، بە جۆرێک هاتوچۆ و جوڵە و ئاسان بکرێت، لە بەرامبەردا کورد بەرپرس بێت لە پاراستنی ئاسایشی ئەم سنورانە، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆکاری پەرتبوون لە نێوانیاندا. ئەمە وەها دەکات کە کێشەی ئاسایش چارەسەربێت، ئابوری بگەشێتەوە، پرۆسەی نکوڵی و توانەوە کۆتایی پێبێت. لە هەمانکاتدا پرسی جوادبونەوە، پەرتکردنی ئەم وڵاتانە وەک ترسێک کۆتایی پێبێت. چونکە لەم دۆخەدا کورد یەکن بەڵام سەر بە سیستەمی سیاسی جیاوازن، بەڵام دەتوانن سیستەمی سیاسی لۆکاڵی خۆیان بەرهەمبهێنن بە تەبا لە گەڵ سیستەمی سیاسی وڵاتەکان. 


ئەم دۆخی کاڵبونەوەی سنور یان نەرمبوونی، بەڵام مانەوەی، کورد دەکاتە خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ شارستانی پڕ لە ململانێ. 


بۆ کورد کۆمەڵێک سودی هەیە:
یەکەم، خۆیەتی لە گەڵ ئەویتردا، کە سروشتی دونیای ئەمرۆیە
دووەم، پرسی سنور کۆتایی دێت وەک کێشە، بەڵکو سنور دەبێتە خاڵی بەیەک گەیشتن. 
سێیەم، لە بڕی بوون بە بەربەست کورد دەبنە بەیەک گەیەنەر
چوارهەم، ئەم پرۆسەیە کورد لە پەراوێزەوە دەکاتە سەنتەر. دیارە ئەم پرۆسەی سەنتەر و پەراوێز لە سەردەمی جیهانگەریدا دەکرێت بە شێوازێکی تر ببینرێت. 


بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە:
کۆتایی بە ململانێی سەربازی
کۆتایی بە دەستورەدانی نێودەوڵەتی
کۆتایی بە کێبڕکێی هەرێمی
کۆتایی بە سیاسەتی ترس


هێشتنەوەی سنورەکان بە گۆڕینی ڕۆڵ و مانایان.


هەوڵ ئەدەم لە کۆنفرانسی کوردش ستەدی لە لەندەن ئەمساڵ ئەم بیرە بخەمە بەرچاوی لێکۆڵەرەوانی کورد بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری.

هەموو ئەمە لە سەر ئەو تێزەیە کە ئەگەر لە ڕابوردوودا سەرباز و دیپلۆماتەکان سنوریان کێشا، ئەمڕۆ خەڵک دەیانەوێت سنورەکان داڕێژنەوە.

455 جار خوێندراوەتەوە