کێشەی نوخبە لای نەوشیروان مستەفا

یەکەمجار دوای نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین نەوشیروان مستەفام لە ماڵی خۆیان بینی. بە تەنها پێکەوە دانیشتین، نماو چیای پێناساندم و پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ئایا دوکتۆراکەم تەواوکردوە، ئەو کاتە من تازە تەواو بوبوم.

ئەو یەکەم دیدارە کە هوشیار عەبدوڵا رێکیخست گفتوگۆ بوو لە سەر زۆر شت. ڕەنگە ئەو یەکەم دیداری یەکترناسینە تاکە دیداری بێ کێشە و جیاوازی بیروڕابوبێت لە نێوان من و ئەودا.

جگە لە دید و ئەزمون و هەڵوێستی ئەوەی لە نەوشیروان مستەفادا جێگەی پێزانین بوو بایوگرافیای خۆی و پرسی دیموکراسیکردنی نوخبەیە. لە سەرەتای عێراقەوە، کێشەی گەورە هەمیشە ئەوە بوە کە ئایا ئەوانە کێن کە حوکم ئەکەن؟ چینی دەسەڵاتدار لە کوێوە دێن؟ بە سروشتی کۆمەڵگای عێراقی و دۆخی کەلتوری و ئابوری و سیاسی و تەکنەلۆجی هەمیشە بە زۆری نوخبەی دەسەڵاتدار خەڵكی شارە گەورەکان و لە بنەماڵە ناسراوەکانی شێخ و ئاغا و بازرگان بوون.

یەکێک لە گۆڕانکاریە سەرەکیەکانی کۆمەڵگای کوردی لەوەدا دەبینیەوە کە چۆن نوخبەی دەسەڵات دیموکراتیزە بکرێت

تاکە رێگایەکیش بۆ ئەوانیتر بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە دەسەڵات بۆ سەردەمانێکی زۆر سەربازیی بوە. ڕەنگە ئەمە هۆکارێكی سەرەکی کودەتا بێت لە ناوچەکەدا.

لە تەمەنیدا نەوشیروان مستەفا مامەڵەی لە گەڵ ئەم دیاردەیەدا کردبوو، بۆیە یەکێک لە گۆڕانکاریە سەرەکیەکانی کۆمەڵگای کوردی لەوەدا دەبینیەوە کە چۆن نوخبەی دەسەڵات دیموکراتیزە بکرێت. بە مانایەکی تر چۆن پیادەکردنی کاری سیاسی لە کەمینەیەکەوە بکرێتەوە بە ڕوی زۆرینەی خەڵکی ئاساییدا، ئەم پرۆسەیە بە دیموکراتیزەکردن ناودەبەم. ئەوەی ڕونە کە دەسەڵات هەمیشە پیویستی بە نوخبەیە، بەڵام پرسەکە ئەوەیە کە نوخبەکە لە کوێوە دێن؟ ئایا سنوردارن، یان توانای نوێبونەوەیان هەیە؟

ئەم پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی نوخبە وەک زۆر پرۆسەی تر ئاسایی نیە. کاتێک نوخبە قۆرغکراوە، ئەوا بوون بە بەشێک لە نوخبە لە زۆر ڕوەوە سەختە چونکە سەرچاوە مادییەکان کۆنترۆڵکراون، سەرمایە ڕەمزیەکان تایبەتکراوەن، لە هەمانکاتدا لە ئاگایی خەڵکدا کۆمەڵێک نۆرم بەرهەم دێت کە بۆ هەندێک پلە و پۆست ئاساییە و بۆ هەندێکی تر نەخێر.

لێرەوە یەکێک لە ئامانجەکانی هاتنە پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو کە چۆن ئەم دەزگایە بەکاربهێنێت بۆ فراوانکردن و دیموکراتیزەکردنی نوخبەی دەسەڵات لە کوردستان. پەرلەمان بۆ خۆی دەزگایەکی گونجاوبوو بۆ ئەم پرسە چونکە پرۆسەی هەڵبژاردن بە بوونی پشتگیری دەرفەت دەدات بە کەسانی ئاسایی هەتا پێگەیان هەبێت لە دەسەڵاتدا، لە رێگایەوە ناوی نوخبە و روخساری ونوخبە و پێکهاتەی ئابوری و سیاسی نوخبە بگۆڕدرێت بە هیوای ئەوەی لە ئەنجامدا ئاگایی خەڵك و نۆرمەکانیش دەستکاری بکات.

وەک دەڵێن بۆ ئەوەی دیموکراسی بتوانێت هەناسە بدات ئەوا دەبێت هەردوو سیەکانی کار بکات: کە ئۆپۆزسیون و دەسەڵاتە

ئەم ڕۆڵەی پەرلەمان وەک پانتاییەک بۆ گۆڕینی دەموچاوی دەسەڵات و نوخبەی دەسەڵاتدار ڕۆڵێکی پەیوەستە بە پێگەی ئەو دەزگایەوە. هەمیشە یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی پەرلەمان ئەوەبوە کە بازنەی بڕیاردان فراوانتر بکات لە دەست و دایەری پادشا، توانای نوێبونەوەی پێ ببەخشێت.

دیارە ئەم پرۆسەیە بۆ خۆی دروستکردنی نوخبەیەکی ترە، ئەم نوخبەیەی تر، جیاواز لە هەموو ڕویەکەوە لە نوخبەی جێگیر، لە ئەنجامدا تەنها نابێتە هۆکاری فرەکردنی نوخبە بەڵکو خەونی بوون بە ئەندامی نوخبەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لای هەموان دەرسکێنێت، ئەمە هەنگاوێکە بۆ گرێدانی هەمو کەسێکی چالاک بە وڵاتەوە. لە هەمانکاتدا نوخبەیەکی تر بە مانای نوخبەیەکی جیاواز لە ئەویتر، ئەم جیاوازبونە بنەمای ئۆپۆزسیون بونە. وەک دەڵێن بۆ ئەوەی دیموکراسی بتوانێت هەناسە بدات ئەوا دەبێت هەردوو سیەکانی کار بکات: کە ئۆپۆزسیون و دەسەڵاتە.

ساڵێک لە مەوپێش نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد، بەڵام زەخیرەیەکی زۆر بەجێهێشت کە بتوانرێت وەک بنەمایەک کاری لە سەر بکرێت بۆ دەوڵەمەندکردن کەلتوری حوکمداری لە کۆمەڵگای ئێمەدا. کە ئێستا لە هەموو ساتێکی تر، یان لە ڕاستیدا وەک هەموو ساتێکی تر بە قەیران تەنراوە.

 

سه‌رچاوه‌:

 

 

4451 جار خوێندراوەتەوە