ماناکانی کشانەوە لە ئەفغانستان

کە ئەم بابەتە دەنوسم، بە وتەی ئەمریکییەکان، (90%) سوپای ئەمریکی لە ئەفغانستان کشاوەتەوە. کشانەوەکە بە جۆرێکە کە هەندێک بە هەڵاتنی لە قەڵەم ئەدەن. بۆ نمونە چەند شەوێک لەمەوپێش سوپای ئەمریکی بەبێ ئاگاداری سوپای ئەفگانی بنکە و فڕۆکەخانەی باگرامیان جێهێشت، لە ڕۆژبونەوەودا سوپای ئەفگانی لێی بە ئاگابوەوە. باگرام گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکی بوو لە ئەو وڵاتە.

 

ئەم کشانەوە چەندین مانای جیاوازی هەیە لە ئاستی جیاوازدا، هەوڵ ئەدەم لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێبدەم و پاشان ئەگەری کاریگەرییەکانی لە سەر ناوچەکە بخوێنمەوە.

 

سەرەتا ناوەوەی ئەمریکا

 

 ئەمریکا پاش یانزەی سیپتەمبەر بۆ کۆمەڵێک ئامانج ڕویکردە ئەفگانستان. یەکەم، دەبوو شتێک بکات لە وەڵامی ڕوداوی دوو تاوەرەکە. دووەم، قاعیدە بە دوژمنی ئەمریکا ناسێنرا و دەبوو سەرۆکەکەی بکوژرێت. سێیەم، چۆن ئەمریکا ئەفغانستان وەها لێبکات کە جارێکی تر نەبێتە ئەو جێگایەی کە دژایەتی ئەمریکای لێوەبکرێت؟ وەڵامی ئەمریکا بۆ ئەمە ئەوەبو کە ئەفگانستان بکات بە دیموکراسی و بازاڕی ئازاد.

 

ئەمریکا لە تێکشاکان و گرتنی ئەفگانستاندا خێرا و سەرکەوتوبو. بەڵام لەوەی چۆن ئەو وڵاتە بگۆڕێت بۆ وڵاتێک کە لە بڕی پانتاییەک بۆ دژایەتی ئەمریکا، دۆستایەتی ئەمریکا بکات، دوای بیست ساڵ شکستی هێنا. پلانی ئەمریکا بۆ کشانەوە هەتا یانزەی سیپتەمبەری داهاتوو، کە دەکاتە یادی بیست ساڵەی ئەو ڕوداوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرسی دیموکراسی و بڵاوەکردنی دیموکراسی، کە پاش جەنگی سارد گەشەی کرد، بەرەو مردن دەچێت.

 

لە ناوەوە ئەمریکاییەکان بێزار و ماندوبون لەم پرسە و سوپای بە دەست هێرشەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە دەیاناڵاند. دەرئەنجامی ئەمە چەمکی شەڕی ناکۆتایە کە وەک نەفرەتلێکراوک دەبینرێت. پاش ئەفگانستان ئەمریکا هات بۆ عێراق. لە ڕاستیدا هاتن بۆ عێراق پلان و خەونێکی کۆنی ئەو نوخبەیە بوو کە لە گەڵ بۆشی کوڕداهاتن بۆ سەر دەسەڵات و بە پارێزەرە نوێکان دەناسرێن. هەر چەند کاژێرێک پاش هێرشی یانزەی سیمپتەمبەر کەسێکی وەک ڕامسفێڵد بانگەشەی بۆ هێرشی عێراق دەکرد. عێراق ئەگەر لە ئەفگانستان خراپتر نەبێت باشتر نیە. بۆیە لە حەڤدەی تەموزی ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی، دوای زیاتر لە دەیەیەک هەوڵدان، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری روخسەت پێدانی سەرۆکی ئەمریکی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە عێراق هەڵوەشاندەوە، بڕیارەکە (268) بەڵێ بەرامبەر (161)نەخێر بوو.

 

دیارە هێشتا ماویەتی بۆ ئەوەی ببێت بە فەرمی، دەبێت لە ئەنجومەنی پیرانیش تێپەڕێت. لە شانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی (2002)کۆنگریسی ئەمریکی بڕیاری ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکرد، کە ڕێگەی دەدا بە سەرۆکی وڵات هێز بەکاربهێنێت بەرامبەر عێراق. دیارە لە بڕیارەکەدا بە هیچ شێوەیەک وشەی دیموکراسی نەهاتوە، بەڵکو زیاتر جەخت لە سەر سەرپێچییەکانی عێراق و مەترسییەکانی دەکاتەوە.

 

خواستی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران، بە تایبەتی کاری پێکەوەیی هەردوو پارتی نەیار، دیموکرات و کۆمارییەکان، دەرخەری ئەو ڕاستییە کە زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بەم قۆناغەی ژیانی سیاسی ئەمریکی و جۆری ئامادەبونی ئەمریکا بدات لە دونیادا. ئەمریکا ناتوانێت ببێت بە ئیمپراتۆرییەت، هەرچەندە نیازیشی باش بێت. ئەم دۆخە لە چەندین ئاستی جیاوازدا مشتومڕی زۆری دروستکردوە. بۆ نمونە، دیموکراسی و ئیمپراتۆرییەت پێکەوە هەڵناکەن، یان، لیبرالیزمێک کە دەیەوێت دونیا بکاتە هاوشێوەی خۆی، ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت، یان دیموکراسی بە زەبر نابێت و زۆر مشتومڕی تر.

 

بەڵام دوو گۆڕانکاری لە دوو ئاستی جیاوازدا کاریگەرییان لە سەر ئەم دۆخە هەبوە. یەکەم، ئەمریکا لە ناوەوە گۆڕاوە.

 

چاودێری دیاری ئەمریکی جۆرج پاکەر لە دوا کتێبیدا بە ووردی باسی ئەم گۆڕانکارییە دەکات. دواین باشترین هیوا: ئەمریکا لە سەردەمی قەیران و نوێبونەوەدا.

 

 Last Best Hope: America in Crisis and Renewal.

 

 بۆ پاکەر سەردەمانێک هەبوو کاتێک کەسێک دەیگوت من ئەمریکیم مانایەکی ڕونی هەبوو، چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەویتر. بەڵام ئەمرۆ ئەم خۆناساندنە بە ئەمریکی چیدی ئەو مانایەیەی نییە. ئەمریکا چیدی خاوەن یەک شوناس یان یەک بونی گشتی نیە، بەڵکو ئەمریکا چەندین ئەمریکایە. لای پاکەر چوار جۆر لە ئەمریکایی بون بونی هەیە، کە هەریەکەیان دژ بە ئەویترە. ئەمریکایەکی ڕێگنی،. کە بڕوای بە ئەمریکا کۆنسێرڤەتیڤە تەقلیدییەکە هەیە کە تاقانە و براوەیە لە دونیادا و سیستەمەکەی باڵاترە لە هەموو ئەوانیتر. ئەوەی ئەمڕۆ هەڵگری ئەم دیدەیە کۆمارییە تەقلیدییەکانن. ئەمریکایەک هەیە کە ئەمریکای تەکنۆخوازە کلینتۆنییەکانن. ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە خاوەن بڕوانامەی باڵا و کاری باش و گلۆبالیستن. خەڵکێک کە کۆسمۆپۆلیتانن و ڕقیان لە توێژی خوارەوەی ئەمریکییە، کە وەهایان دەبینن فاشی و دواکەوتوون و ناتوانرێت باش بکرێن.

 

ڕەنگە هیچ دەربڕینێک هێندەی چەمکی deplorable ی کە بەمانای قێزەوەن دێت هیلەری کلینتۆن دەربڕی ئەم خواستە نەبێت. هیلەری ئەم دەربڕینەی بۆ وەسفی نەیارەکانی بەکارهێنا، بە تایبەتی دەنگدەرانی ترەمپ. ئەوان ئەو جۆرەکەی تری ئەمریکایین کە هەست دەکەن، ئەمریکای ئەمرۆ هیچ دەرفەت و سودی بۆ ئەوان تیادا نەماوە. جۆرێکی تری ئەمریکایی بە ڕای پاکەر ئەوانەن کە داوای دادپەروەری دەکەن. ئەمانە ئەندامی کەمینەکانن، بە تایبەتی خەڵکانی ڕەش پێست.

 

لە حەفتاکانەوە لە زانکۆکانی ئەمریکادا دیدێک باوە کە بە دیدی تیورەی ڕەخنەیی ڕەگەز ناسراوە، رەنگە دەربڕی خواستی ئەمان بێت. ئەمرۆ ئەم دیدە وەک دژە سپی و ڕەگەزپەرست دەبینرێت، لە لایەن توێژی باڵاوە.

 

لە ئاستی دەرەوەدا ئەمریکا نەیار و ڕەکەبەری هەیە وچیدی ناتوانێت وزەی خۆی لە جێگاکانی وەک عێراق و ئەفگانستاندا سەرفبکات. سەرقاڵی زۆری ئەمریکا لەم ناوچانە و جەنگی ناکۆتای دژ بە تیرۆر، هۆکارێکی سەرەکی هەڵکشانی ئاشتیانەی چین بوو، وەک لە کتێبەکەمدا دەربارەی چین بە ووردی باسمکردوە.

 

کشانەوە لە ئاستی ناوچەکەدا کۆمەڵێک مانای هەیە:

 

یەکەم، کۆتایی هاتن بە خەونی دیموکراسی بون و بە دیموکراسیکردنی کۆمەڵگاکان. دیموکراسی ئەگەر پاشخانی کەلتوریی نەبێت دروست نابێت. دیارە جۆرێک لە یاری دیموکراسی لە نێوان هێزە نادیموکراتەکان لە ئارادایە، کە بە ئامانجی دیموکراسی نیە هێندەی بە ئامانجی ئیدارەدانی قەیرانەکانیانە لە نێوان خۆیان و دونیادا. بۆ نمونە بونی کەسێکی لاوازی وەک کازمی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەشێکە لە یاری نێوان هێزە عێراقییەکان، کە خاوەنی دەسەڵاتی ڕاستەقینەن، هەتا هیچ هێزێک بە تەنها باڵادەست نەبێت چونکە ڕەنگە ئەوانیتر لە ناوببات. بۆیە کەسێکی بێدانی فرەوێژی وەک کازمی دادەنێن، کە لەهەمانکاتدا ڕۆژئاوا وەهای دەبینێت کە کەسێکی لیبرال و سەر بە ڕۆژئاوایە. کاتێک گوێم لە نێردراوی ترەمپ بوو بۆ عێراق باسی لە ئەوە دەکرد کە سەرکەوتوو بوون لە دانانی کازمی، پێکەنیم بە عەقڵی دەهات.

 

دووەم، کشانەوەی خێرای ئەمریکا بەوجۆرە لە ئەفگانستان بوەتە هاندەرێک بۆ نەیارەکانی تری کە ئەوانیش دەتوانن وەک تالیبان بکەن. ئەمە بە ڕونی لە عێراقدا دەبینین، بە تایبەتی کاتێک ئێران خاوەنی یارییەکەیە. چەند ڕۆژێک لەمەوپێش کاتێک سەرۆکی دەزگای سیخوڕی ئێرانی حسین تایی گەشتە بەغدا، دەستوبرد کورد و سوننە پەیامیان لە ڕێگای بۆمب و درۆنەوە بۆ نێردرا. پەیامەکە بە ڕونی بۆ ئەوەبوو کە ئەمریکا دەڕوات و نابێت پشتیوانی بکەن.

 

کەواتە ڕۆشتنی ئەمریکا لە ئەفگانستان دەبێتە هۆی فشاری زیاتر بۆ سەر ئەمریکا لە ناوچەکە.

 

سێیەم، هەندێک وڵات، کاتێک ئەمریکا لە ئەفگانستان بوو، داوای ڕۆشتنی ئەمریکایان دەکرد، وەک ڕوسیا بۆ نمونە، بەڵام ئێستا کە ئەمریکا دەڕوات، ئەوان نیگەرانن. ئەم دووفاقییە دەرخەری ئەوەیە کە ئەفگانستان دەبێتە ناوەندێکی ناسەقامگیر و مەترسی ئاسایشیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، هەندێک لە لایەنگرانی تیورەی پیلانگێڕی وەهای دەبینن کە ئەمریکا لەبەر ئەم هۆکارە کشاوەتەوە، بە تایبەتی کە ئەفگانستان لە چین و ڕوسیاوە نزیکە.

 

چوارهەم، هەموو ئاماژەکان وەها دەریدەخەن، ئەفگانستان دەگەڕێتەوە دۆخی پێشتر. بەو شێوەیە دەبێتە وڵاتێکی داخراوی ناسەقامگیر، بەڵام لێرەدا تەنها یەک فاکتەر گۆڕاوە، ئەویش چینە. جاران کە تالیبان لە سەر حوکمبوو، چین لاوازبوو، بەڵام ئێستا چین زۆر بەهێزە و ئامانجی ئەوەی هەیە کە بە دوای کانزا بە نرخەکاندا بگەڕێت لە ئەو وڵاتە، بۆیە ئەگەری هەیە تالیبان و چین پەیوەندی باشیان هەبێت و دەست لە کاروباری یەکتر نەدەن بەڵام بازرگانی بکەن.

 

پێنجەم، بە کشانەوەی ئەمریکا یان نەمانی چالاکی لە عێراقدا، ئەگەری زۆرە حەشدی شەعبی بخرێتە خانەی تیرۆرەوە. ئەمەش زیاتر ئەو ڕێکخراوانە هاندەدات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی وڵات بکەن.

359 جار خوێندراوەتەوە