ئیسرائیل فەلەستین: چی لە ئارادایە؟

سەرەتا دەمەوێت خۆم لە ئەو دۆخی جەمسەرگیرییەی ناو دونیای کوردی بپارێزم، چونکە پێش هەموو شتێک مرۆڤی کورد شایانی ئەوەیە بزانێت دۆخەکە چیە، چ یارییەک لە ئارادایە، چی نوێیە لەم گەمە کۆنەدا، ئامانجەکان چین، پێگە و ڕۆڵی ئەو، ئەگەر هەبێت لە کوێدایە؟

نامەوێت ڕاستەوخۆش وەڵامی هیچ کام لە ئەو پرسیارانە بدەمەوە.

هەمومان دەزانین کە کێشەی فەلەستین یان ئیسرائیل و فەلەستین یان هەرناوێکی تری لێ دەنێیت؛ کێشەیەکی نوێ نیە، دیارە چۆنێتی ناونانی بەشێکە لە گەمەکە بە تایبەتی لە سەردەمی فراوانبون و ئاڵۆزبونی گەمەکەدا و ڕۆڵی دەسەڵاتی نەرم لە پرسەکاندا، بەڵام لە هەموو گەرمبونەوەیەکیدا هۆکاری تایبەتی هەیە، زانینی ئەم هۆکارە تایبەتانە گرنگن بۆ تێگەیشتن لە خیتابی ئەکتەرە جیاوازەکان.

بۆچی ئێستا؟

لە دوانزە ساڵی ڕابوردودا ئەم پرسە، بە ئاستێکی زۆر پەراوێزخرابوو. ئەم دوانزەساڵە سەردەمی دەسەڵاتی ناتانیاهو بوو بە زۆریی. ناتانیاهو کەسایەتێکی توندڕەوەی ئاڵۆزە، ئێستا لە ناوەوە کێشەی گەندەڵی هەیە، بەڵام سیاسەتی ئیسرائیلی وەها پەرتە بە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ناتوانێت زۆرینەیەکی سەقامگیر بە دەستبهێنێت. دۆخی ئابوری باشە، لە ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنادا سەرکەوتووبو، بۆیە خەڵک پەرتن. لە بەرامبەردا سیاسەتی فەلەستینی دەمێکە چەقی بەستوە، لە پەرتەوازەیی و گەندەڵیەکی زۆر ئاڵاوە.

زۆرێک لە ئیسرائیل وەهایان بیردەکردەوە کە پرسی فەلەستین تەواوبوو، بە تایبەتی پاش واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەبراهام لە نێوان وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلدا.

کەواتە، لە ئێستادا هەردوو فەلەستینیەکان و ئیسرائیلییەکان لە دۆخێکی سیاسی پەرت و ناسەقامگیردان، هەڵاوسانی ئەم ڕوداوەی ئێستا، یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکیەکانی ئەم دۆخە سیاسییەیە. ئەوەی حەماس دەیەوێت ئەوەیە کە ببێت بە خاوەنی پرسی فەلەستین، بە تایبەتی کە هەڵبژاردن لە ئارادایە لە داهاتویەکی نزیکدا. ئەم مامەڵەیە لە گەڵ ئیسرائیلدا ئەو سەرمایەی دەداتێ کە ببێت بە نوێنەری زۆربەی فەلەستینیەکان ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت. دیارە ئیسرائیل بە تەواوی دژ بە حەماس نیە، بەڵکو دژ بە بونیەتی بە ئەکتەری باڵا یان بە تەنها لایەنی فەلەستینی. لە ڕاستیدا تەنانەت ناتانیاهوش ڕێگرنیە لە هاتنی پارەی قەتەر بۆ حەماس، چونکە حەماس زۆر بە سودبوە بۆ بە تیرۆرکردنی پرسی فەلەستین، بردنی بۆ باوەشی ئێران و ئەردۆگان و لایەنەکانی تر. هەموو ئەمانە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا لە قازانجی سیاسەتی توندڕەوانەی ناتانیاهو شکاوەتەوە.

هەموماشمان باش دەزانین بۆچی قەتەر حەماس دەژێنێ؟ وڵاتێکی بچوکی دەوڵەمەند بە دوای سەرچاوەی هێز و شەڕعیەتدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لەو ناوچە ئاڵۆزەدا قوتنەدرێت. ئیخوان یەکێکە لە ئامرازەکانی.

توندڕەو بە سودە بۆ توندڕەو. دیارە گەشەی ڕەوتی توندڕەوەی ئاینی لە ناو جولەکەشدا بە خێراییەکی گەورە گەشە دەکات.

لە ئاستی دەرەوەدا، کەس بە کردار پشتیوان نیە، بەرژەوەندی ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دوولایەنەیە. لای جۆ بایدن پرسی فەلەستین ئەولەویەت نیە. ئەکتەرەکانی تر لە دۆخێکی ئاڵۆزدان لە کاتێکدا دژ بە توندوتیژین، لە هەمانکاتدا ئاگادارن کە پرسی ئیسرائیل لە زۆر شوێن لە دونیا، بە تایبەتی ئەوروپا گۆڕانکاری بە سەردادێت و هەتا بێت پشتیوانی کەمدەکات. ئەم وەرچەرخانە تەنها پەیوەست نیە بە دۆخی فەلەستینییەکان، بەڵکو هۆکاری زۆری ئاڵۆزی ئایدەلۆژی و وەرچەرخانی هێز و دژە ئەمریکایی و دژە ئیمپریالیزم و پرس بۆ چەپەکان و گەشەی شوناسی ئیسلامیی و زۆر هۆکاری تر دەگەڕێتەوە.

ئەکتەر هەرێمییەکان وەک ئێران و تورکیا دەمێکە بەشێکن لە یارییەکی کۆن، کە سەدام و قەزافی و ئەوانیتر بەشێک بون لێی، ئەویش ڕاکێشانی سۆزی کۆمەڵگای ئیسلامی لە ڕێگای پرسی فەلەستینەوە.

فەلەستینییەکان گەلێکی بێدەوڵەتن، ئەمە نەفرەتی مێژوە و وەک کورد بەردەوام لە بەردەم پیلان و بەکاربردنی هێزەکاندان.

799 جار خوێندراوەتەوە