حەنین بۆ بەغداد

ئاڵۆگۆڕی وەلاء و پابەندی و گۆڕینی سەنگەر و لایەن، چەندین سەدەیە کاری کوردە, کورد لە ناوچەیەکدایە کە لە نێوان کۆمەڵێک هێزی ئیمپراتۆریدابوە و لە ناوەندە ئیمپراتۆرییەکانەوە بەکاربراوە و ئەویش خۆی ئەم پرۆسەیەی مەیسەر کردوە, هەمیشە پاڵنەری سەرەکی لە ڕەفتاری کورددا، هەڵوێست بوە بەرامبەر کوردە دراوسێیەکی تر.

 


ئێمە ئێستا لە دۆخێكی ئەوەندە جیاوازدانین. چونکە شتێک دروست نەبوە ناوی نەتەوەی کورد بێت.

 

جارێکیان لە گەڵ دیپلۆماتێکی بەریتانی لە جێگایەک قاوەم دەخواردەوە، ئەو بەرپرسی پێشوی بەشی سەربازی باڵوێزخانەی بەریتانیا بوو لە یەمەن. باسی یەمەنمان دەکرد، لێم پرسی: یەمەن چەندێک نەوتی هەیە؟ لە وەڵامدا ووتی: ئەوەندەی هەیە کە نۆزدە کەسی کردوە بە ملیاردێر.

 

لە کاتی قسەکانیدا لە تێڕوانیەنەکەی تێگەشتم، کە هەرچەندە ڕاستی دەوت بەڵام توانجی دەدا کە پرۆسەی نەوتی هەرێم بە هەمانجۆرە.

 

نەوت لە هەرکوێ دەزگا نەبوبێت هەمیشە بوەتە ئامرازی دەستی کەسەکان بۆ پتەوکردنی پێگەکانی دەسەڵات و حوکمیان.

 

مێژوش سەلماندویەتی کە نە ئێمە و نە گەلانی دەروبەرمان لە ئەو گەلانەنین کە بە ئاسانی لە حوکمی هێزەوە بگوێزینەوە بۆ حوکمی یاسا.

 

هەر لە ڕۆشنگەریی ئەوروپییەوە هەتا ئەمڕۆ ئەم دیدە بۆ ئاسیا لە ئارادایە. هەتا ئەم گواستنەوەیەش فەراهەم نەبێت شتێک نایەتە بون بە ناوی دەزگا لە سەر بنەمای ڕێسای عەقڵانی.

 


لە نەوتدا بەغدا و هەرێم ئەوەندە جیاوازنین. بە دیدی من بەغدا زۆر زۆر خراپترە. چونکە وەک دەوڵەتێک بەغدا دەرفەت و توانای زیاتری هەیە، بەڵام لە بەر حوکمی ۆرلۆردەکان ناتوانێت سامان بکاتە بنەمای گەشەپێدان.


لە هەرێم خیتابێک هەیە کە بەغدا باشترە. بەشێکی زۆری ئەمە پەرچەکردارە، دەچێتە خانەی ئەو ململانێ بەرتەسکەی نێوان کورد خۆیانەوە.

 


لە ڕاستیدا نە بەغدا و نە هەرێم بەوجۆرە مامەڵە ناکەن کە بتوانن خۆیان لە قەیران بپارێزن.

 

دەکرێت ئەمە بە چەندجۆر لێکبدرێتەوە.

 

یەکێک لەو گۆشە نیگایانەی کە کەم باسی لێوەکراوە، قەیرانی دیموکراسییە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگایەک ئامادەنیە بۆ دیموکراسی بەڵام بە هۆی فشاری دەرەکی و دۆخی جیهانی ناچارە هەڵگری خیتابی دیموکراسی بێت ئەوا دیموکراسی بە جۆرێک دێت کە دی-دیموکراسی بێت. بە مانای ئەوەی کە دیموکراسی نە دەسەڵاتی خەڵك بێت و نە ببێتە هۆکاری گۆرانکاری. نەوت پاڵنەرێكی هەرە سەرەکی دژایەتی دیموکراسییە. تیمۆسی میتچڵ بە جوانی باسی ئەم پەیوەندییە قەیراناوییە نێوان دیموکراسی و نەوت دەکات.

 

Timothy Mitchell Carbon Democracy: Political Power in the Age of Oil


ئێستا دۆخەکە پێش ئەوەی باش بێت خراپ دەبێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتودا ئەوەی لە ئەمریکا ڕویدا لە ئاستی جیهاندا ڕوبدات. بەڵام قەیرانەکە لە ئاستی دونیادا کاتییە. ئەم هەڵبەز و دابەزە دۆخێک بەرهەم دەهێنێت کە لە ئابوریدا پێی دەڵێن ڤۆلەتیڵیتی. ڤۆڵەتیڵیتی تەنها خراپ نیە بەڵکو لە ئابوری تۆکمەدا بە سودە.

 


ئابوری سەرمایەداری هەمیشە پڕیەتی لە هەڵچون و داچون. بەڵام ئابوری کاتێک قەیراناوی دەبێت کە نەتوانێت بەرگەی هەڵچون و داچونەکان بگرێت و لەوەش خراپتر دەسەڵاتی نەبێت بە سەر یارییەکەدا.

 


گواستنەوە لە نەوت گواستنەوەیە لە ژیان و خەیاڵ و خەون و زۆر شتی ترەوە، بۆیە بە ئاسانی فەراهەم نابێت. بەڵام داهاتوو زۆر پڕ لە ناسەقامگیریی تر دەبێت چونکە عێراق بە ئاستێک زیاد دەکات لە ڕوی دیموگرافییەوە بە بەراورد بە ئابورییەکەی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان توانای ئابوری و ژمارە دەمە برسییەکاندا دروست دەبێت.

572 جار خوێندراوەتەوە