سەردەمی نوێ: کورد و بژاردە کەمەکانی

دونیا بۆ سەردەمێکی زۆر ئاڵۆز دەڕوات. یەکێک لەو بنەمایانەی کە توشی قەیرانی گەورە دەبێت سەروەری وڵاتانە، بە تایبەتی سەروەری وڵاتانی بچوک. لە ململانێی فرە جەمسەری دونیادا، کورد بژاردەکانی کەم دەبێتەوە و ناچارە هەمیشە لایەنی بەهێز بگرێت. ئەمە ڕەنگە بەشێکی خواست بێت بەڵام بڕێکی زۆریشی بە ناچارییە.


مانای چیە کە سەروەری توشی کێشە دەبێت: یەکەم، بە مانای ئەوە دێت کە بەهێز بەبێ سڵکردنەوە لە سیستەمی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوە ئەدات کە بەرژەوەندی خۆی بە دەست بهێنێت. دوەم، دەستوەردان لە وڵاتان زۆر دەبێت. سێیەم، وڵاتانی بچوک، بچوکتر لە ٢٥٠ ملیون کەس، ناتوانن تەنها بە خۆیان داکۆکی لە بەرژەوەندی باڵای خۆیان بکەن. چوارهەم، هێز دەبێتە بنەمای ڕێساکانی سیستەمی نێودەوڵەتی. ئەمە مانای چیە و بۆ کورد چی دەگەیەنێت؟؟


هێز ئەو بەها ئاڵۆزەیە کە هەمیشە کۆمەڵێک بنەمای سەقامگیری و لە هەمانکاتدا بنەمای گۆڕاوی هەیە. بەڵام بە گشتی هێز ناتوانێت بۆ هەمیشەیی بە یەک ڕێتم بە یەک گوڕ هەمان هێزبێت. بۆیە شلۆقی، نا سەقامگیری، هەڵبەز و دابەز، سروشتی هێزەکان دەبن. دیارە ئەمە ڕێژەییە. لە سەردەمی باڵابونی هێزدا، ململانێی ناوچەیەک هەمیشە دەرفەت و مەترسیە بۆ هەموو هێزە جیهانییەکان، بۆیە کێبڕکێی و ڕوبەڕوبونەوە ئەگەری زیاتر دەبێت، بە تایبەتی ئەگەر توانای هێزەکان لە یەکترەوە نزیک بن.


بێگومان ئەمریکا لەم سەدەیەشدا کاریگەرترین هێز دەبێت لە ئاستی دونیادا، بەڵام ئامانج و بەرژەوەندییەکانی دەگۆڕێن و لە هەمانکاتدا وەک سەدەی ڕابوردو بەبێ ڕکەبەر نابێت.


هەموو ئەمانە بۆ کورد چی دەگەیەنن؟


لە دونیایەکی ناسەقامگیری بەڕیوەچوو لە سەر بنەمای هێز، کورد بژاردەی کەم دەبێتەوە. وەک چۆن لە سەردەمی جەنگی سارددا، کورد بژاردەی لاواز و کەم بوو، بە هەمانشێوە لە سەردەمی داهاتودا کورد بژاردەکانی کەم دەبنەوە. کە دەڵێم کەم دەبێتەوە مەبەستم ئەوەیە کاتێک لە دونیادا سەرچاوەکانی هێز زیاتر و ململانێکان لە سەر بنەمای هێزن، ئەوا کورد ناچار دەکرێت بە هەڵبژاردنی لایەک.


لێرەدا لە سەر بنەمای ئەم دیدە، دەپرسین دەبێت کورد چی بکات؟


ئەگەر بەهای سەرەکی دونیا هێزە، نەک ماف و یاسا و ڕێسا و سەروەری و ڕێز و ئەم شتانە ئەوا کورد دەبێت بیر لە هێز بکاتەوە و بە لۆجیکی هێز بیربکاتەوە. چۆن هێز بەرهەم دێت؟


هێز لە سەر دوو بنەما بەرهەم دێت: یەکەم لە ئاستی ناوەوە، دوەم لە ئاستی ئیقلیمی و جیهانیدا. بەڵام ئەم دوو ئاستە وەک جاران لە یەک دابڕاونین، چونکە وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم سەردەمە ئەوەیە کە سەروەری کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سی ساڵەی ئەوروپا، گۆڕانی بە سەردا دێت، کەواتە ناوەو دەرەوە هێندە جیاکارییان نابێت. بەم پێیە، کاتێک لە ناوەوە دەتوانێت بەهێزبیت، ئەوا لە دەرەوەش سەنگ و بەهات لە ململانێی هێزدا زۆرتر دەبێت .


یەکەم کار کورد دەبێت بیکات، دروستکردنی سوپای کوردستانە، لە سەر ئەو بنەمایانەی کە هاوپەیمانان بۆیان داڕشتوە. پێکەوە گرێدانی سوپای کوردستان بە سوپای هاوپەیمانانەوە کۆمەڵێک بنەمای هێز بۆ ئێمە دادەڕێژێت کە بە تەنها خۆمان ناتوانین دەستەبەری بین. لەوانە: میتۆدی نوێی سەربازی، چەک و تەقەمەنی، هاوبەرژەوەندی، باوەڕپێکردن.


دووەم، ڕیکخستی سیستەمی ئاسایشی کوردستانە بە مۆدێلێکی سەردەمیانە. بەو مانایە ئاسایش بریتی نیە لە دابینکردنی ئارامی، بەڵکو بریتیە لە نەهێشتن یان لاوازکردنی ئەو سەرچاوەی مەترسییانە کە دەبنە هۆکاری ئەوەی کە ڕێگربن لەو جۆرە ژیان و ژیارەی کە خەڵکی دەخوازن. بەمجۆرە ئاسایش سەرجەم بوارەکانی ژیار و ژیان دەگرێتەوە.


سێیەم، بە دەزگاییکردنی پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە، لە نێویاندا حکومەت. حیزبی کوردی دەبێت ببێتە دەزگا، نەک ڕێکخراوێکی بەرتەسکی چەند کەسێک کە لە کەمترین قەیراندا توشی پشێوی و لاوازی و پەرتبون دەبێت.


چوارهەم، گەشەپێدان بە مۆدێلێکی ئابوری یەکتر تەواوکەر. بەهای سەرەکی ئابوری لە کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ ئەوەیە کە چۆن داهات یان پارە لە چەند ناوەندێکدا کەڵەکە بێت و لە ڕێگاوە بەکاربهێنرێت بۆ ئامانجی تر. ئەم مۆدێلە گەشتوەتە بن بەست. دەبێت پارە وەها ببینرێت کە مافە، نەک شتێک کە دەبێت بە دەستی بهێنێت لە ململانێیەکی جەنگەڵیدا.


پێنجەم، کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ و سیاسەتی ڕقی ناکۆتا. بەشێکی زۆری ئابوری کوردستان بۆ کۆمەلێک بوار دەچێت نەک سودمەندنین بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکو مایەی درێژەپێدان و هێشتنەوە و تەشەنەکردنی بەهاکانی شەڕی ناوخۆن. بە جۆرێک ئێمە نەگەشتوینەتە سەردەمی سیاسەتکردن، بەڵکو لە سەردەمی شەڕداین. ئابوری شەڕ، پەیوەندی شەڕ، ئەخلاقی شەڕ، لە سەروی هەمویەوەن.

487 جار خوێندراوەتەوە