ئێمە و داهاتو!


داهاتوناسی لە قەیراندایە لە سەرانسەری دونیادا، رەنگە لە هەمو ساتێک زیاتر لە مێژوی مرۆڤایەتیدا. هەمیشە مرۆڤ دو چەکی هەبوە بۆ وێناکردنی داهاتو: ئێستاو رابوردو. بەڵام ئەوەی دەبێت وەک سەرەتایەک وەربگیرێت کە داهاتو نە لە رابوردو دەچێت و نە بە هیچ شێوەیەک درێژەپێدەری ئێستا دەبێت.

هۆکارەکانی ئەم وەرچەرخانە زۆرن وەک زانست، تەکنەلۆجیا، دیمۆگرافی، ژینگە، توانا و زۆر شتی تر. بەڵام گەر ئاوڕێک لە داهاتو بدەینەوە بۆ ئێمە وەک کورد دۆخەکە چەند قات ئاڵۆزترە.

یەکەم، هیچ کام لە ئامرازە زاڵەکانی داهاتو لە دەستی ئێمەدا نیە، یان ئێمە توانای تێگەیشتنیشمان نیە.

دوەم، زۆر گۆڕانکاری رودەدات کە ئێمە ناتوانین هیچ کاریگەرییەکی نە باش نە خراپمان هەبێت لە سەری.

سێ، دونیا بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێتە کۆمەڵگایەکی شاری، ئەگەر ئێمە هەمومان لە باشور لە یەک شاردا کۆبینەوە هێشتا ناتوانین ببینە شارێکی وەها کە لە تۆڕی ئابوری و سیاسی و زانستی دونیادا کاریگەرییمان هەبێت.

چوار، بەڵام قەیرانی سەرەکی لە ئاگایی ئێمەدایە. هێشتا ئامرازی زاڵی ئێمە بۆ خوێندنەوەی دونیا پیلانگێڕی و ئاینە، هەردو ناتوانن پەی بە هیچ نوێیەک ببەن.

پێنج، ئێمە لە رابوردودا، بگرە لە ئێستاشدا، تەنها کاتێک تێدەگەین کە لێدانێک، ئازارێک، یان ڕاچەنینێکمان بەر بکەوێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە تەنها لە کاتی رودانی روداوەکاندا بە ئاگادەبینەوە، بە تایبەت کاتێک کە لێدانێک دەخۆین.

ئایا زیانی تێنەگەیشتن لە داهاتو چیە؟
دیارە لە دونیای کوردیدا یوتوپیاناسی بونی نیە. بەو مانایە ئێمە بیرمان نەکردوەتەوە کە لە داهاتودا دەخوازین چۆن بین، هەندێک شیعری کوردی هەیە، بەڵام پەرچەکرداری سادەن، کە سەرچاوەکەی لەوێوەدێت کە کوردیش دەتوانێت وەک ئەوانی تربێت.

بەڵام فەرامۆشکردنی داهاتو لە ئاگایی ئێمەدا، کۆمەڵێک پێودانگی ترسناکی هەیە:
یەکەم، ئێمە وەها دەزانین کە دونیا بە هەمانشێوە بەردەوام دەبێت، ئەمەش تێگەیشتنێکە هێندە هەڵەیە کە گەرەنتی دۆڕانی ئێمەدا ئەکات لە داهاتودا.

دوەم، ئامادەنەبونی داهاتو، بنەمای نەگۆڕانە، ئەگەر بتوانین وێنای داهاتو بکەین ئەو کاتە دەتوانین یان ئامادەیی زیاترمان دەبێت بۆ ئەوەی بگۆڕێین، بەڵام کاتێک داهاتو بونی نیە، ئەوا پرسی گۆرانیش گرنگی ئەوتۆی نیە.

سێیەم، لە هەمانکاتدا کاتێک ئێمە بیرلە داهاتو ناکەینەوە، ئەوا پرسی گۆرانکاری لە دونیای ئێمەدا دەدەینە دەست ئەوانی تر، هەمیشە دەبێت دەرەوەبێت بمانگۆڕێت. ئەم پەسیڤبونە مانای ئەوەیە ئێمە لە مێژودا ئامادەنین.

چوارهەم، داهاتو دور نیە، بەڵکو زۆر خێرادێت، هێندە خێرادێت کە توانای تێڕامانمان نیە بۆی. ئێمە بەکاربەری زۆربەی ئامرازە تەکنەلۆجیەکانین بەبێ ئەوەی دێڕیک لە ئەدەبیاتی ئێمەدا هەبێت لە سەر تەکنەلۆجیا.

پێنج، زۆرشت کە ئێمە ئێستا خەونی پێوەدەبینین ڕەنگە لە داهاتویەکی نزیکدا بونی نەمێنێت یان بەو شێوەیە نەبێت کە ئێستا هەیە.

شەش، ئەگەر شۆڕشی پیشەسازی خەڵکیکی زۆری هێنایە ناو خانەی گرنگبونەوە، پرسێک کە هەتا ئەمڕۆ بیری مرۆڤایەتی سەرقاڵی ئەوەیە کە چۆن مامەڵەی لە گەڵدا بکات ئەوا رەنگە تەکنەلۆجیا، پێش ئەوەی مرۆڤ ئەم پرسە چارەسەر بکات، بڕێکی زۆر لە مرۆڤی دونیا بکاتە مرۆڤی ناپێویست. چۆن دەتوانیت لە دونیایەکدا بژیت کە تۆ وەک کەسێکی پێویست مامەڵەت لە گەڵدا ناکرێت؟

حەوتەم، بیرکردنەوە لە داهاتو میتۆدی تایبەتی خۆی هەیە. کاتێک بیر لە داهاتو دەکەیتەوە ئەوا دەبێت بیر لە مرۆڤ یان ژیانی تاکە کەسێک نەکەیتەوە، بەڵکو دەبێت بیر لە تەمەنی خەڵک، نەتەوە، نیشتیمان، سروشت، ئامراز، و زۆر شتی تر بکەیتەوە. ئەم وەرچەرخانە بۆ مرۆڤی کورد لە روی میتۆدۆلۆژیەوە سەختە، چونکە مرۆڤی کورد ناتوانێت بیر بکاتەوە لەودیوە ژیانی خۆیەوە.

725 جار خوێندراوەتەوە