ئایا پیاوێک خۆی لە ژیان دا بێت دەتوانێت میراتی خۆی دابەشی ژن و منداڵەکانی بکات؟ یان دەبێت تەنها دوای مردن بێت؟!
ئاشکرایە ماڵی میراتی ئەو ماڵەیە کە بەمردنی کەسێک و بەجێمانی بۆ میراتگرەکانی دروست دەبێت و یاسای باری کەسێتیش بەپێی احکامی ماددە “ 86 “ ئەم بابەتەی ڕێکخستوە و یەکێک لە مەرجە سەرەکیەکانی دروست بونی ماڵی میراتی نەمان و مردنی کەسی میراتلێگیراوە جا باوک یان دایک یان نەنک و باپیر یان خوشک و برا بێت ، کەواتە ماڵێک گەر خاوەنەکەی لە ژیان دا مابێت ماڵی میراتی نیە و هەر وەک هەر ماڵیکی دیکە یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکات .
کەواتە بابەتی دابەشکردنی ماڵی باوک پێش مردنی خۆی پێی ناوترێت میراتی بەڵکو هەر بەخشینێکی ئاسایی ماڵەکەیەتی زۆر جاریش لەپێناو ئەوەی منداڵەکانی سوودی لێ ببینن پێش مردنی لەسەریان دابەش دوکات و بەپێی شەرع و یاساش ئەمە ئاساییە و ئەم بابەتەش دەچێتە چوارچێوەی بەخشین و “ هبە “ نەک میراتی بەپێی احکامی ماددە “ 601 “ لە یاسای شارستانی عێراقی کە تیایدا کەسێک ئەو ماڵەی هەیەتی دەیبەخشێت بە کەسانی دیکە با منداڵی خۆشی بن بەبێ بەرامبەر .
جا گەر مالەکان گوازراوە بن وەک پارە و کەلو پەل و ئوتومبیل دەبێت تسلیمیان بکرێت گەر عقاریش بن وەک خانوو و زەوی و شوقە دەبێت بە ناویان بکرێت تا مامەڵەی بەخشینەکە شکلیەتی قانونی وەربگرێت بەپێی احکامی ماددە “ 602 “ لە یاسای شارستانی .
پارێزەر
شاڵاو ابوبکر علی
18/5/2026
1649 جار خوێندراوەتەوە