پەیوەندی ئەمریکا و کورد پاش ڕۆژئاڤا

لە ڕۆژئاڤا پەیوەندی نیوان کورد و ئەمریکا دوبارە بوەوە. بە زمانێکی تر؛ جارێکی تر خیانەتێکی تر. سەرەتا دەمەوێت لە چەمکی دوبارەوە دەست پێبکەم.

 

لێرەدا ناچمە ناو وردەکاری ئەوەی چۆن و بۆچی ڕویدا: کە بەگشتی دوو دید هەیە: دیدێک کە ئەمریکا خواستی نەبوو ئەمە ڕوبدات، دیدێکی تر کە ئەمریکا پلانڕێژی بوو.

 

دەکرێت زۆر لە سەر چەمکی دوبارە لە ئاستی فەلسەفیدا قسە بکەین، بەڵام لێرەدا رەنگە لادان بێت لە بابەتەکە، بۆ ئەوانەی خوازیارن کەسانی وەک کێرکیگارد، نیتچە، دۆلۆز، کاری باشیان لەم بارەوە کردوە. بەڵام دوبارە بۆ ئێمە لێرەدا جێگای بایەخە لە چەند ئاستێکدا. ئایا ئەمە چاوەروانکراوە بوو، بەوەی کە دوبارەبوو. دوبارە بە مانای ئەوەی کە ئەمە یەکەم جار نیە و دەبێت ئەزمونێک لەمبارەوە هەبێت لای کورد، یان هیچ نەبێت ئەگەرێکی وەها هەمیشە لە بەرچاو بگرێت.

 

بونی پەیوەندی دوبارە و دوبارەکردنەوەی هەمان ئامانج، لای ئەوانەی کە نەیاری کوردن، وەها دەخوێندرێتەوە کە کورد ئەزمون وەرناگرێت. بەڵام ئایا پرسەکە یان دۆخەکە بەمجۆرەیە؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە دەمەوێت لە سەر پەیوەندی دوبارە لە ئاستێکی تردا ساتێک بوەستم. کاتێک هەمان ڕوداو دوبارە دەبێتە، سەرباری جیاوازی لە زۆر ئاستدا، ئەوا نەک هەر مانای ڕوداوەکە دەگۆرێت، بەڵکو مانای ڕوداوی یەکەم یان پێشتریش دەگۆڕێت. ئەگەر وەها دابنێین کە خیانەتی ئەمریکا لە کورد خیانەتی هەشتەمە، وەک هەندێک ئاماژەی پێدەکەن، بەڵام ئایا دوا خیانەت چ مانایەک دەدات بە ئەوانیتر؟ بۆ رونکردنەوە با نمونەیەک بهێنینەوە.

 

ئەگە شەڕی جیهانی دووەم ڕوینەدایە، ئەوا شەڕی جیهانی یەکەم، ڕوداوێکی تەواو جیاواز دەبو لە ئاگاییماندا. بەڵام چونکە شەڕی جیهانی دووەم ڕویدا، شەڕی جیهانی یەکەم سەرلەنوێ داڕێژرایەوە. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کە خیانەت یان کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا سەرتاپا مانای ئەو کشانەوەکانی تریش دەگۆڕێت. ئەمەی کە لە سوریا لە نێوان کورد و ئەمریکادا ڕویدا، لە چەندا ئاستێکدا جیاوازە لەوەی کە لە ڕابوردودا رویدا. بە هۆکاری وەک بەردەست بونی زانیاری، نهێنی نەبوون، کرانەوەی کۆمەڵگای جیهانی.

 

لە لایەکی ترەوە لە هەناو چەمکی دوبارەدا ئاگاییەک خۆی پەنهانداوە کە چۆن دەبێت کاری وەها ببێت؟ بۆچی ئەمە ڕویدا؟ ئەم پرسیارانە کە لە لۆجیک و ئایدەلۆژیاوە دێن، تەنها واقیعێکی لە قاڵبدراو دەخوێننەوە، نەک واقیعی ئاڵۆزی سەر ئەرز.

 

بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی واقیعیمان هەبێت بۆ هۆکاری دوبارەبونەوە دەبێت دۆخی کورد و پێگەی ئەمریکا وەک خۆی ببینین و لە هەمانکاتدا دەرئەنجامە درێژخایەنەکان لە بەرچاو بگرین.

 

یەکەم، کورد لە ڕۆژئاڤا، ئەو لایەنە بوو کە وڵاتێکی وەک تورکیا هەوڵی دەدا کە هیچ ڕۆڵ و پێگە و بونێکیان نەبێت. شەڕی داعش لە گەڵ کورددا و هاریکاری تورکیا بۆ ئەم شەڕە، بە ئامانجی ئەوەبوو کە کورد لە ناوچەکە بسڕێنەوە.


دوەم، دۆخی گشتی جوگرافی و جیوپۆلەتیکی کوردی، هەمیشە هەمو سیاسیەکی کورد ناچاردەکات بە هەمان بژاردە، سەربارەی ئەوەی کە رەنگە پڕ لە مەترسی بێت.

 

بەڵام سەرباری ئەمانە، دوبارە، دوبارە نەبوو. ئەگەر واقیعییانە لە پەیوەندی کورد و ئەمریکا بنواڕیت، بە تایبەتی لە مێژویەکی درێژتردا، وەک لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمەوە هەتا ئەمڕۆ، دەبینین کە پەیوەندییەکە گەشە دەکات. کورد سەرەتا لە چواردە خاڵەکەی ودرۆ ویڵسنەوە لە ئەمریکا بە ئاگابوە. ئەم خاڵانە کە ئاماژە بە کورد دەدەن، بەڵام بە ناو نا، سەرەتای دروستبونی پەیوەندی بوو.

 

ئەگەر ئێمە پەیوەندیەکە لە خاڵێکەوە دەست پێبکەین و هێڵێک بکێشین، دەبین لە ئایدیالێکەوە دەست پێدەکات، لە میانەی دوبارەبونەوەدا هەتا بێت بەرفراوان دەبێت. لە ئایدیالەوە بۆ کۆنتاک، پاشان پەیوەندی نهێنی، ئینجا پەیوەندی ناڕاستەوخۆ وەک دابینکردنی پاراستن، هەتا پەیوەندی نیمچە دەزگایی و لە هەموی گرنگتر پەیوەندی گشتی. ئەگەر لە ساتێک لە ساتەکاندا ئەمریکا نەیدەویست بە هیچ شێوەیەک کەس بە پەیوەندی بزانێت لە گەڵ کورددا ئەمڕۆ دۆخەکە بەو جۆرە نیە. بەڵام تراژیدیاکە بەردەوامە، هەرچەندە بە شێوازی جیاواز.

 

ئەم دۆخە چەند خاڵێکمان پێدەڵێت کە گرنگە لەم پەیوەندیە نا یەکسان و ناهاوسەنگ و مۆلەقەدا لە بەرچاوی بگرین. یەکەم، ئەمریکا، هەرگیز هێزێکی ناوەندی نیە کە هەمیشە خاوەن یەک بڕیار بێت. دووەم، ئەمریکا پەیوەندیەکانی لە ئاستی دونیادا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جیهانی هەڵدەسەنگێنێت. سێیەم، دیموکراسی ئەمریکی لە کاتێکدا کە دەتوانێت بنەمایەک بێت بۆ ئەم پەیوەندییە، بەڵام لە هەمانکاتدا مەترسی لە سەر دروست دەکات. لە پەیوەست بە دیموکراسی و مەترسی دەمەوێت ساتێک لە سەر دیاردەی کشانەوە بوەستم.


دیاردەی کشانەوە

 

لە دوا کتێبیدا وەزیری پێشوی بەرگری ئەمریکی و جەنەڕاڵی ناسراو جیم ماتییەس بە وردی باس لە کشانەوە دەکات لە سەردەمی ئۆبامادا

 

1-اJim Mattis and Bing West (2019) Call Sign Chaos: Learning to lead, Random House

 

جیم کە دژ بە کشانەوە بوە لە عێراق و بە گونجاوی نەزانیوە، هەمیشە لە ڕەخنەکانیدا بەرامبەر کشانەوەی سوپای عێراق لە سەردەمی ئۆباما و مالیکدا، دید و بۆچونەکانی پەراوێزخراوە چونکە ئیدارەکە بریاری دابو کە بکشێتەوە و ئەوە بۆ هەڵبژاردنەوەی ئۆباما باش بوو. ڕەخنەکانی ماتییەس ئەوەبو کە کاتی کشانەوە نیە و عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەروات ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە چونکە مالیکی دەیەوێت وڵاتێکی ناوەندی دروست بکات.

 

لەم روداوی کشانەوەیەدا چەند خاڵێک دەبینین: یەکەم، گرنگ نیە دۆخەکە لە سەر ئەرز چۆنە، ئیدارەی ئەمریکی، کە سیستەمێک سەرۆکایەتی هەیە و پێویستی بە هەڵبژاردنەوەیە، دەبێت بکشێتەوە چونکە کشانەوە بە سودە بۆ هەڵبژاردنەوە. ئەمە یەکەم خەسڵەتی پەیوەندی نێوان دیموکراسی و پەیوەندی دەرەوە. دوەم، کاریگەری ڕای گشتی. لە سیستەمی دیموکراسیدا، دەنگدەر خەمەکانی شەخسین و سنوردارن، بۆیە پەیوەندی ئاڵۆزی سەربازی و دیپلۆماسی هێندە لای کاریگەر نیە.

 

بەڵام کاتێک کشانەوەی سەربازی وەها پێدەفرۆشرێت کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجی و سەرفکردنی ئەو پارانە بۆ باشترکردنی ژیانی ئەو، ئەوا دەنگدەر ئەوەی بەلاوە گرنگە، بە تایبەتی کاتێک کە زانیاری کەمە لە سەر خەڵکانێک وەک کورد یان عێراقی، یان بەلایەوە هێندە جێگای بایەخ نیە. بۆیە لە میانەی پەیوەندی کورد و ئەمریکادا بونی کورد بە پرسێکی گشتی هەرە گرنگترین قۆناغە.

 

کەواتە کشانەوەی سەربازی ئەمریکی لە کاتێکی تایبەتدا، دیاردەیەکی ناوخۆیی ئەمریکیەو بەشێکە لە نمایشی پرۆسەی دیموکراسی. لە ئەنجامدا خەڵکانێک لێی زیان بەخش دەبن و خەڵکانێش سودبەخش. ئەوەی خاڵێکی گەشە لە پرۆسەی کشانەوەی سوپای ئەمریکی لە ڕۆژئاڤا ئەوەیە کە ئەم کشانەوەیە ئەم پەیوەندیەی بردە ئاستێکی تر، کە ئاستی گشتی یان پەبلیکە کە گرنگترین قۆناغە. لە هەمانکاتدا دۆخێکی جیوپۆلتیکی ئاڵۆزی بەرهەمهێنا کە نەتوانرا بەبێدەنگی بهێڵرێتەوە. لە لایەکی ترەوە گەر بێتو بە شێوازی قوڵتر لە پرسەکە بنواڕین، لە هەناو سیستەمی ئابوری سیاسی ئەمریکی کە بە کۆمپلێکسی سەربازی پیشەسازی ناسراوە، ترسێک دروست بوو کە ئەمریکا بە تەواوی بەرەو ئەوا بروات کە ببێتە وڵاتێکی داخراو. ئەم ترسە وەک میتچ مەکنۆل لە ڕۆژنامەی واشنتۆن ٢ پۆست باسی دەکات بریتیە لە بێزاربون لە جەنگی ناکۆتا. ئەو ئەمە وەک ڕیتۆریکێک دەبینێت و دەڵێت لە ڕاستیدا شەڕ هەر لە خۆیەوە کۆتایی نایەت، شەڕ براوە و دۆراوی هەیە. شایانی باس کە مەکنۆل ئەندامی سێناتە لە کێنتاکی و سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکانە لە سێنات.

 

هەموو ئەمانە دەمانبات بۆ پرسیارێک: ئایا دەبێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا چۆن بێت، هەتا بە سودی کوردبێت؟

 

بە کورتی دەتوانین بڵێی کە کورد حەزئەکات سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا وڵسنی بێت یان زیاتر سەربە قوتابخانەی ئایدیالیزم بێت. بەڵام سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاتر لە یەک قوتابخانەی هەیە وەک واڵتەر میدس پۆلێنی دەکات سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هامڵتۆنی و جێفرسۆنی و وێڵسۆنی و جاکسۆنیە.


بۆ یە هەمیشە ناسەقامگیری و گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا چاوەروانکراوە. بە دیدێکی تر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکرێت لە نێوان داروینیزمێکی ڕوتدا لە گەڵ ئایدیالیزمێکی باڵادا جۆلانی بکات، وەک کۆڵن جویەک ئاماژەی پێئەدات.

 

بەرەو پەیوەندی شەڕ

 

خاڵێکی تری هەر گرنگی لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کورددا پاش ئەزمونی ڕۆژئاڤا، گواستنەوەی جۆری پەیوەندیە بۆ پەیوەندی شەڕ. لە ڕابوردودا پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کورد، پەیوەندی بوو لە پێناو دروستکردنی فشارێکی سنوردار، پەیوەندی پاراستن، بەڵام لە دۆخی ڕۆژئاڤادا دەگوێزرێتەوە بۆ پەیوەندی شەڕ. لێرەدا هەندێک قسەکانی دۆناڵد ترامپ بەوەی کوردی وەک شەڕکەی ناوبرد وەک جۆرێک لە سوکایەتی لە قەڵەمدا، بەڵام ئەم دیاردەیە دوو مێژوی تایبەتی هەیە.

 

بنوارە ڕاپۆرتی سی ئای ئەی، کێشەی کەمینەی کورد، کە ساڵی ١٩٤٨ نوسراوە

 

مێژوی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ کورد خۆی. لە سەرەتای پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکا، سی ئای ئەی کور وەک خەڵكێکی خێڵەکی، نیشتەجێی شاخ و شەڕکەر لە قەڵەم ئەدات. ئەمە دیدێکی کۆنی ئۆریانتالیستە ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ گزینەفۆن و سەفەری یونانیەکان بۆ وڵاتی فارس.

 

ڕەهەندێکی تری ئەم ناوزەدکردنە وەک شەڕکەر و لە ئەنجامدا دروستکردنی پەیوەندی شەڕکردنە، گرنگی و بایەخی توانای شەڕکردنە لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان هێزێکی جیهانی وەک ئەمریکا و هێزێکی لۆکاڵی وەک کورد. ئەمە لە کەیسی پێشمەرگەشدا هەتا ئاستێک ڕەنگدەداتەوە. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم پەیوەندی شەڕ دەکرێت لە پەیوەندی وڵاتێکی تری ناوچەکە، کە ئیسرائیلە، لە گەڵ ئەمریکادا تێبگەین.

 

عەزمی بشارە وەک شارەزایەک پرسی ئیسرائیل وەها باس لەم پەیوەندیە دەکات پاش شەڕی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ کە ساتەوەختێکی وەرچەرخێنەرە. بە دیدی ئەو ئەمریکا لە پاش شەڕی ١٩٦٧ پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیلدا بە وەرچەرخانێکی تەواودا تێپەڕی. بە جۆرێک هاوکاری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٨ یەکسان بوو بە کۆی هەموو ئەو هاوکارییانەی کە ئەمریکا لە ڕۆژی دروستبونی ئیسرائیلەوە دابوی بە ئیسرائیل. دەرکەوتنی ئیسرائیل وەک وڵاتێک و هێزێکی شەڕکەر لە ئەنجامدا بوە جێگای متمانەی ئەمریکا .

 

عزمي بشارة: سنة 1967 أصبحت إسرائيل مُقنعة ليهود العالم. لماذا؟

 

دەرئەنجام

لەم باسە کورتەدا چەند چەمکێکی تایبەت بە پەیوەندی کورد و ئەمریکا وروژێنراوە، کە بریتین لە: دوبارە، کشانەوە و شەڕکەر. ئەم چەمکانە لە کرۆکی پەیوەندی کورد و ئەمریکدان و لە کەیسی ڕۆژئاڤادا مانای تایبەتیان وەرگرت. هەرچەندە پەیوەندی کورد و ئەمریکا دوبارەبون بە تایبەت لە ئاستی ئەوەی پێی دەوترێت خیانەت، بەڵام وردبونەوە لە مێژوی پەیوەندییەکە، لە ڕاستیدا ناتوانرێت وەک دوبارە ببینرێت، چونکە پەیوەندی کورد و ئەمریکا لە هەردوو سەرەوە گۆڕاوە. گواستنەوەی پرسی بۆ کورد بۆ بواری گشتی، یەکێکە لەو خەسڵەتە گرنگانەی کە تایبەتمەندی تر دەدات بە پەیوەندیەکە بە تایبەتی لە دۆخی هەڵبژاردن و دیموکراسیدا. هەرچی پرسی کشانەوەیە، تەنها تایبەت نیە بە پەیوەندی کورد و ئەمریکا، وەک لەم باسەدا باسمانکرد، ئەمە لە کەیسی پەیوەندی عێراق و ئەمریکاش لە سەردەمی ئۆبامادا ڕویدا و پاشان تراژیدیای لێکەوتەوە.

 

هەرچی پرسی شەڕکەرە ئەوا مێژویەکی قوڵی هەیە کە دەگەرێتەوە بۆ چلەکانی سەدەی ڕابوردوو. ئەم ناوزەدکردنی کوردە بە شەڕکەر لە لایەک دیدێکی ئۆریەنتالیستە، بەڵام لە لایەکی ترەوە پەیوەندی کورد و ئەمریکا دەگوێزێتەوە بۆ ئاستی پەیوەندی شەڕ. ئەم جۆرە پەیوەندیە وەک لە کەیسی ئیسرائیلدا دەردەکەوێت پەیوەندیەکی تۆکمەیە.

1-اJim Mattis and Bing West (2019) Call Sign Chaos: Learning to lead, Random House
2-Mitch McConnell 2019: Withdrawing from Syria is a grave mistake, Washington Post,c0a811a8-f1cd-11e9-89eb-ec56cd414732_story.html

3-Walter Russell Mead (2001) SPECIAL PROVIDENCE: AMERICAN FOREIGN POLICY AND HOW IT CHANGED THE WORLD, Knopf.
4-Colin, Dueck (2019) Age of Iron: On Conservative Nationalism, Oxford University Press

5-CIA 1948 Kurdish Minority problems

6-https://www.cia.gov/library/readingroom/…/DOC_0000258376.pdf

959 جار خوێندراوەتەوە