چۆن لە چین تێبگەین؟

چین چیدی تەنها ناوی وڵاتێک نیە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دیاردەیەک، کە لە هەناو سەدەی بیستەوە دێت و هەوڵ دەدات سەدەی بیست و یەک لە قاڵب بدات. چین ئەمڕۆ هێزە، سەرمایەیە، خەونە، هەروەها مۆدێلێکە بۆ حوکمداری و ژیار. تەنها بیر لەم ژمارەیە بکەرەوە: لە ساڵی 1978 کاتێک چین بڕیاری دا کە چەند ناوچەیەکی کەناراوەکانی بکاتەوە بە ڕووی سیستەمی سەرمایەداریدا، ژمارەی دانیشتوانی چین یەک ملیار بوو، ژمارەی ئەوانەی کە داهاتیان لە دوو دۆلار کەمتربوو لە ڕۆژێکدا، نزیکەی نۆ سەت ملیون کەس بوو. لە هەر دە چینی نۆیان هەژاربوون، ئەمڕۆ ئەم ژمارەیە تەواو بە پێچەوانەیە، ژمارەی ئەوەی کە هەژارن لە چین یەک لە دەیە. شایانی باسە کە بڕی دوو دۆلار لە رۆژێکدا وەک پێوەرێکی جیهانی دادەنرێت بۆ هەژاری.


ئەمڕۆ چین دەیەوێت لە هەموو بوارێکدا کێبڕکێی زلهێزەکانی دونیا بکات. پرسەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم جۆری کێبڕکێیە چۆنە و چۆن کاریگەری لە سەر دونیا جێدەهێڵێت و چۆن کاریگەری دەبێت لە سەر ناوچەکەی ئێمە. 


چین لە ژیانی ئێمەدا ئامادەیە. زۆربەی کاڵاکانی ژیاری ڕۆژانەی ئێمە چینین، ئەوانە کە تەمەن و یادەوەرییان هەیە، دەڵێن، چین بە هەمان شێوازی یاباندا دەڕوات. سەرەتا کاڵای یابانی وەها دەبینرا کە سیمبولی خراپیە، بەڵام پاشان ژاپۆن بوو بە نمونەی چاکی و باڵایی. چینیش بە هەمانشێوەیە. ئەمجارە کە لە کوردستان بووم، زوو زوو لە زاری خەڵكێکی زۆرەوە ناوی هواویم دەبیست. 


عێراق بڕی یانزە لە سەتی پێداویستی نەوتی چین دابین دەکات. کۆمپانیا چینیەکان هەر لە باشورەوە هەتا کوردستان لە بواری نەوتدا کاردەکەن: لە گەڵ سۆمۆ و کۆمپانیا بیانیەکان و هەروەها هەرێمی کوردستاندا گرێبەستیان هەیە، چین هەتا بێت زیاتر ئارەزوی نەوتی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، چونکە زیاتر نەوتی شیرینە، نەوتی شیرین بەمانای ئەوەی بری بەنزینی زۆرە.


چین لە پەیوەندی بە دونیاوە چەند خەسڵەتێکی هەیە، بە کورتی لێرەدا ئاماژەیان پێئەدەم و لە داهاتوودا زیاتر بە درێژی لەم بوارەوە قسە ئەکەم. 


یەکەم، چین هەوڵدەدات کە لەو جێگاو بوارانەدابێت کە ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان فەرامۆشیانکردوە، یان ئەگەر بکرێت هاوبەشیان بێت، وەک لە کەرتی نەوتدا لە عێراق دەیبین کە هاوکاری کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانە. ئەم جۆرە مامەڵەیە بۆ ئەوەیە کە چین نایەوێت توشی روبەرووبونەو و کێشە ببێت، هەروەها وەها خۆی دەردەخات کە هەڵکشانی بە هیچ شێوەیەک زیان بە سیستەمی لیبرالی جیهانی و هەژەمۆنیەتی ڕۆژئاوا ناگەیەنێت، لەم ڕوەوە تێز و تیورە زۆرن، لە داهاتودا باسیان دەکەین.


دووەم، چینیەکان دەیانەوێت وەها دەربکەون کە ناسیاسین. ئەم ناسیاسی بوونە لە دوو روانگەوە سەرچاوە دەگرێت: یەکەم خۆ بە دوورگرتن لە کێشە، دووەم، لەو باوەڕەوە کە ئابوری بنەمای سیاسەتەو ئەگەر پەیوەندی ئابوری باش بێت ئەوا پەیوەندی سیاسی باشی لێدەکەوێتەوە. دیارە پەیوەندی نێوان ئابوری و سیاسەت لە ئاستی جیهانیدا ئاڵۆزە، لە رۆژئاواش تێزی ئەوەی کە ئابوری باڵادەستی هەیە بە سەر سیاسەتدا دەمێکە قسەی لە سەر دەکرێت بە تایبەت تێزە کاریگەرەکەی کارل پۆلانی، لە کتێبی وەرچەرخانی مەزن، بەڵام چین لەم رووەوە ناتوانێت بۆ ماوەی درێژخایەن بەردەوام بێت لە ئاستی عەمەلیدا، رەنگە بۆ ماوەیەک لە ئاستی گوتاردا درێژە بەم دیدە بدات.


سێیەم، چین کاتێک دەوڵەمەند و بەهێز دەبێت ئەوا خواستی تری دەبێت، ئەوەی کە ئیلیزابێپ ئیکۆنۆمی ناوی ناوە شۆرشی سێیەم، لە ژێر سایەی شی ژیاوپینگدا. ئەم خواستانە خۆی لە خۆ بینین لە هاوسەنگ بە ئەوانیتر، بیرکردنەوە لە پەیداکردن ون بونیادنانی هیزی سەربازی، پەنابردن بۆ ناسیونالیزم لە ئاستی ناوخۆدا: کە خۆی لە یەکگرتووی ناوەوە و نەیارێتی بۆ دەرەوەدا دەبینێتەوە، بەڵام چین توانای شەڕی نیە. ئەگەر ناچاری شەریش بکرێت ئەوا شەڕ بۆی ئاسان نابێت، بەڵام ترسی گەورەی چین لەوەوە نایەت کە رکەبەری دەکرێت، بەڵکو ئەو ناتوانێت جێگرەوەی ئەمریکا بێت لە ئاستی جیهاندا، بۆیە لاوازکردنی ئەمریکا، دەرئەنجام دەبێتە هۆکاری لاوازی چین، بەڵام چین دەیەوێت خۆی وەک رکەبەر دەربخات هەتا ئەو ئاستەی کە ئەمریکا پەرچەکرداری نابێت، تەنها بۆ نمونە: ئۆباما ڕێزی چینیەکانی دەگرت، ئەوان رێزیان نەدەگرت.

 

ترەمپ رێزی چینیەکان ناگرێت، بەڵام چینیەکان بەردەوام داوای لێدەکەن، کە بە نهێنی بکەوێتە دانوستان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، بەڵام ترەمپ ئەگەر هەرشتێک لە میدیادا نەبێت لای ئەو هیچ قیمەتی نیە، بۆیە ترەمۆ دەیەوێت بەبەرچاوی هەموانەوە ناچاریان بکات. 


بە مانایەکی تر چین بەرهەمی رۆژئاوایە وەک هەندێک دەڵێن، سیستەمێکی لینینی بازاڕە. شایانی باسە ئەزمونی چین ئەوەی دەرخست، کە سۆشیالیزم باشترین بنەمایە بۆ سەرمایەدارییەکی دڕندە.

514 جار خوێندراوەتەوە