شەڕی ئۆکرانیا... چەند سەرە قەڵەمێک

شەڕی ئۆکرانیا ئەو روداوەیە کە دونیا دەگۆڕێت و لە هەناویدا دونیای نوێ بەرجەستە دەبێت، بەڵام دونیای ئێمە لە گوێ گادا نوستوە.

ئێستا کیێڤ مەککەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، هەر سیاسییەک سەردانی ئەوێ بکات، خۆی بە سەرکەوتوو و جەنگاوەر دادەنێت، هەر سیاسییەکیش رێگەی پێنەدرێت وەک سزا دراو تەماشا دەکرێت، بۆ نمونە سەرۆکی ئەڵمانیا.

ئەوروپایی ئەمریکییەکان، سەرەتا هەوڵیاندا شەڕەکە ناوبنێین شەڕی پوتین، بە مەبەستی ئەوەی دایبڕن لە خەڵکی روسیا و لە رێگای ئابلۆقەوە، فشار بۆ سەر پوتین دروست بکەن، بەڵام دەرکەوت شەڕەکە شەڕی پوتین نیە بەتەنها بەڵکو رەگی هەیە لە سایکی زۆرێک لە نوخبەی سیاسی روسیدا. بۆیە ئێستا شەڕەکە شەڕی روسیایە. روسیا دەبێت لاوازبکرێت، ئەمە سیاسەتی ئێستای ئەمەریکایە.

کاتێک وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری بە فڕۆکە چونە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە پۆڵۆنیا و پاشان بە شەمەنەدەفەرێکی جام تاریک، رۆشتن بۆ کیێڤ، لە گەڕانەوەیاندا ئەوەیان راگەیاندا کە ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە توانای سەربازی روس وەها لاواز بکات کە جارێکی تر نەتوانێت کاری وەها بکات. گرتنی کوێت لە لایەن عێراقەوە و وێرانکردنی سوپای عێراقی بهێنەوە بیری خۆت. هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان سوپای روسی و سوپای عێراقی، نەک تەنها لە دزی و لاقەکردنی ئافرەتان بەڵکو لەزۆر ڕوی ترەوە.


ئەڵمانیا توشی گێژاوێکی گەورە بوە لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا. وڵات وەک گوێی گوێ درێژ، نیوە بە نیوە پەرتبوە. لە رۆژانی رابوردودا 28 بە ناو ڕۆشنبیری ئەڵمانی نامەیەکیان بۆ شوڵتز نوسی کە هاوکاری ئۆکرانیا نەکات بە چەکی قورس. بەڵام بە توندی وەڵامدرانەوە.

ئەڵمانیا لە پاش جەنگ، کەوتە دۆخێکەوە کە خەمی جیوپۆلەتیکی نەبوو. سەرقاڵی زانست و ئابوری بوو. بەڵام چیدی ئەو سەردەمە نەما لە پەنای ئەمەریکادا ببوژێیتەوە و سوکایەتی بە ئەمەریکا بکەیت. ئێستا ئەڵمان لە روس و ئەمەریکاش دەترسن، ئەمە دۆخی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپایە.

روسیا وەک دۆڕاو دەبینرێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دۆڕانی روسیا نەبونی دیموکراسییە، هەرگیز سوپای نادیموکرات لە سوپای وڵاتی دیموکراسی ناباتەوە، هۆکارەکەشی ئاسانە. لە وڵاتی نادیموکراسیدا کەس ناوێرێت راستی بە سەرۆک بڵێت و سەرۆک دەوری خۆی بە ماستاوچی و لەبلەبان دەگرێت ئیتر نازانێت دۆخى ڕاستەقینەی دونیا چیە.

چین جارێ لەم دەیەیەدا باسی هێرشی سەر تایوان ناکات

جارێکی تر ئەمەریکا گەڕایەوە بۆ دونیا، هەمیشە ئەمەریکا پاش شکست، بە دوای ڕوداوێکدا دەگەڕێت بۆ سەپاندنی بونی خۆی، پاش کابول و عێراق، ئۆکرانیا دەرفەتە.

لاوازبونی روسەکان گەورەترین دەستکەوتە بۆ مرۆڤایەتی.

477 جار خوێندراوەتەوە