بەپەلە

ads top

هەرێم و بەغدا و تورکیا و مەسەلەی بۆڕییەکە!

لە یەکی حەوتی ساڵی ١٩٧٤ دیکتاتۆری پێشو سەدام حسێن، کە ئەو کات جێگری سەرۆک بو، بە سەردانێک دەچێتە ئەنکەرە، لەوێ سەرۆک وەزیرانی تورکیای ئەو کاتە بڵند ئەجەوید پێشوازی لێدەکات. بۆ تورکیا دوو پرس لە ئارادابوو: یەکەم، ئەو ڕۆژگارە بە هۆی پرسی قوبرسەوە تورکیا لە ژێر فشاردا بوو، پشتیوانی عێراق بۆی جێگەی بایەخ بوو. پرسی دوەم پرسی نەوت و ڕاکێشانی بۆڕی نەوت بو. هەردوو پرسەکە تێکئاڵاوبون کاتێک تورکیا دەترسا کە ئابلۆقە لە بواری وزەشدا بە سەریدا بسەپێت، بۆیە هەوڵی دەدا خۆی لە هەژەمۆنی زەبەلاحەکان، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی جیهانی رزگار بکات و ڕاستەوخۆ نەوت لە عێراقەوە بە دەستبهێنێت.

بۆ عێراق پرسی سەرەکی داواکاری بو کە تورکیا فشار بکاتە سەر ئێران کە پشتیوانی بۆ کوردەکان ڕابگرێت. لە دیدارەکەدا لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە بۆڕی گواستنەوەی نەوت بە بڕی نیو ملیون بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە کەرکوکەوە بۆ بەندەری جیهان دروست بکرێت. لە ساڵی ١٩٧٥ دروستکردنی دەستی پێکرد و ساڵی ١٩٧٧ تەواوبو. پرسی ئەوەی بۆچی ئەم بۆڕییە دروست کرا، چ کاریگەری هەبو لە سەر پەیوەندی نێوان ئەم دو وڵاتە و هەروەها پرسی کورد، هێندە کاری توێژینەوە و ئەکادیمی لە سەر نەکراوە. ئێمەش لێرەدا ئامانجمان ئەوە نیە کارێکی ئەکادیمی لەو بارەوە بکەین. ئەوەی لەم نوسینەدا مەبەستمانە ڕوناکی خستنە سەر کۆمەڵێک ئاڵۆزیە کە ئەمڕۆ لە بارەی پەیوەندی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق لە ئارادیە کە ئامانجی سەرەکی هەرێمی کوردستانە.

لە ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی عێراقی لە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی شکات لە تورکیا دەکات بۆ کڕین و فرۆشتنی نەوتی هەرێم. ئەم شکاتە ئێستا خەریکە دەگاتە دوا قۆناغی، ڕەنگە لە پایزی داهاتودا دەرئەنجامەکانی دەرکەوێت. ئەم پرسە لە هەمانکاتدا لە دادگا باڵای فیدڕالی عێراقی لە چاوەڕوانی بڕیار لە سەرداندایە.

ئەم پرسە یاساییە لە هەمانکاتدا سیاسیە و وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکاش نەک هەر چاودێری دەکەن بەڵکو چالاکانە ڕۆڵی تیادا دەبینن. قسەکردن لە سەر ئەم پرسە لە میدیا کوردیدا بە گشتی لە ڕوی سیاسەت و ململانێی ناوخۆیی هەرێمەوەیە، کە هەمیشە تەنها بەشێک لە دیمەنەکە دەگوێزێتەوە.

لە کرۆکی ئەمەدا پرسێک هەیە: ئایا هەرێم مافی هەیە کە نەوتی بفرۆشێت؟ کاتێک حکومەتی مالکی شکایەتەکەی لە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی تۆمار دەکات، حکومەتی تورکی پرس بە دادوەرێک دەکات لە واشنتون. بە دیدی ئەو دادوەرە پرسەکە هەروا بە ئاسانی نیە. بەڵکو ئەگەر هاتو ژورەکە لە بەرژەوەندی لایەک بڕیاری دا، ئەوا دادگای نێودەوڵەتی دەبێت بڕیار بدات لە بارەی سزاکەوە، کە پرسێکی ئاڵۆز و ناڕونە. لەم ڕوەوە دادوەری ناسراو جەیمس کرافۆرد لە ساڵی ٢٠٠٨ بە پێی لێکۆڵینەوەکەی وەهای دەبینیت کە هەرێم مافی هەناردەی نەوتی هەیە.

بە هەمانشێوە لە دادگای فیدڕالی ئەم پرسە لە دواخستندایە بە کۆمەڵێک هۆکارەوە. یەکێک لەوانە پەیوەندی نێوان سیاسی بونی ئەم پرسە لە گەڵ یاسایی بونی. بۆیە سەرلەنوێ داوا لە هەردولایەن: حکومەتی عێراقی و هەرێم کراوە، بە تایبەت پاش تێپەڕاندنی بودجەی عێراق، کە خواستیان بەرامبەر ئەم پرسە دەرببڕن. هەردولا لە ڕێگای پارێزەرەکانیانەوە خواستی خۆیان دەربڕیوە.

بەڵام هەرێم دەیەوێت سودمەند بێت لە بڕگەی دەی یاسای بودجەی ئەمساڵ کە داوا لە هەرێم دەکات بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بداتە سۆمۆ. ئەم بڕگەیە بە ناڕاستەوخۆ دان بە مافی هەرێمدا دەنێت بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئیدارەی سامانی سروشتیدا.

ڕۆژی سێ شەممەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەچێتە ئەنکەرە، پرسی کێشەی نەوتی هەرێم و شکاتی حکومەتی عێراقی لە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی و ئەگەری بڕیاری ئەو دادگایە و کاریگەری لە سەر ناوچەکە پرسی سەرەکی دەبێت. بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژویەکی باشی نیە. ئایا بۆڕی کەرکوک جەیهان توشی قەیران دەبێت؟

بە ڕی ئێمە نەخێر. لە بەرئەم هۆکارانەی خوارەوە. یەکەم، هیچ کام لە وڵاتانی کاریگەر لە سەر ئەم پرسە ئەم بڕیارەیان ناوێت. ئەمریکاییەکان ڕاستەوخۆ کاری لە سەر دەکەن و هەوڵی وەستانی دەدەن. دووەم، ئێرانیش ئەو دۆخەی پێ باش نیە. سێیەم، ئەگەر هەرێم ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل بە بەغدا بدات ئەوا دەبێت زەمینەسازی بۆ ئەو دۆخە بکرێت، چونکە لە هەرێم کۆمپانیای بیانی بونی هەیە، لە نێویاندا کۆمپانیای روسی، کە ئەو وڵاتە ڕاستەوخۆ دەکات بەشێک لە پرسەکە.

چوارهەم، نە حکومەت و نە پەرلەمانی عێراقی لە گەڵ ئالۆزکردنی ئەم پرسەدان، زیاتر لە گەڵ ئیدارەدانی دان. ئەو لێدوانانەی کە دەدرێت هەموو یان بۆ سوککردنی دۆخەکەیە یان بە ئامانجی سیاسی تایبەت.

بۆیە ئەگەری هەیە دۆخەکە هەتا بودجەی ٢٠٢٠ بەمشێوەیە درێژە بکێشێت.
James Crawford 2008 The Authority of the Kurdistan Regional Government over Oil and Gas under the Constitution of Iraq

 

 

324 جار خوێندراوەتەوە