عێراق و ئەمریکا: کۆتایی پشوو؟

دۆخی عێراق شل و شلۆقە، چەند روداوێک رویاندا، ئایا چی دەگەیەنن، چیمان پێدەڵێن، چی بە دوایاندا دێت؟.

کاتی هاتنی کازمی، ئەمەریکا بۆ ماوەی (120) رۆژ روخسەتی کڕینی وزەی لە ئێران بۆ درێژکردەوە، بەڵام رۆژانی رابوردوو لە گەڵ کۆتایی ئەو (120) رۆژەدا، تەنها بۆ دوو مانگ درێژی کردەوە، هەندێک ئەمە بە فشار و هەندێکی تر بە نەمانی پشوى ئەمەریکا دەیخوێننەوە.

روداوی دووەم، تەلەفونی پۆمپیو بوو لە گەڵ سەرۆک کۆماردا، لە تەلەفونەکەدا وەک ئاشکرا کراوە، پۆمپیو هەڕەشەی ئەوەی کردوە کە ئەگەر هێرشی سەر شاندە دیپلۆماسی و ناوەندە دیپلۆماسییەکان بەردەوام بێت، ئەوا ناچارن باڵوێزخانەکەیان دابخەن و بکشێنەوە و دەست بکەن بە لێدانی ئەو هێزانە.

ئەم هەڕەشەیەی پۆمپیو وەها دەردەکەوێت لە لایەن هێزە میلیشیاییەکانەوە بە هێند وەرگیرابێت، هەر خێرا سەدر تویتێکی کرد و خۆی لە پرسەکە بە دورخستەوە و سەرەکۆنەی هێرشی سەر دیپلۆماتانی کرد، تەنانەت عامریش بە هەمان ئاواز خوێندی، ئایا ئەم گۆڕانە خێرایە، یارییەکە بۆ خۆپاراستن لە غەزەبی ئەمریکا و هەڵمژینی توڕەیی و تێپەڕاندنی دۆخەکەیە؟ یان هێزە میلیشییاکان بە جیددی هەست بە مەترسی دەکەن؟ رەنگە تێکەڵەیەک بێت لە هەردوکیان، بە تایبەتی لای شیعە بە بونی تەقییە، شاردنەوەی نیەت هیچ کێشەیەک نیە.

لە ئەمەریکا چاودێرانی عێراق هەڕەشەکەی پۆمپیو بە جیاواز دەبینن، مایکڵ نایت بە هەڵەی دەبینێت و وەک دیارییەک دەیخوێنێتەوە کە بە هێزە میلیشیاییەکان درابێت، ئەو بەسرە بە بیر هەموان دەهێنێتەوە کاتێک ئەمەریکا لە بەر هەڕەشە بەردەوامەکان ناچاربوو کونسوڵخانەکەی دابخات، بەڵام نەبوە هۆکاری هیچ گۆڕانکارییەکی بەرەوباشە لەو شارەدا.

مایكڵ ڕۆبن بە هەمانشێوە، کشانەوە بە هەڵە دەزانێت، بەڵام توندبونی هەڵوێستی ئەمریکا بە باش دەزانێت و دۆخی عێراق بە هاوشێوەی پەنەمای سەردەمی بۆشی باوک لە قەڵەم دەدات، بە جۆرێک کە گرتن و راودونانی سیاسیە عێراقیەکان ببیتە بەشێک لە پلانی ئەمریکا.

لە هەمانکاتدا هەردوو عامری و مالکی لە کازمی نیگەرانن و ئامادەی دانیشتنەکەی نەبون لە کۆشکی زەقورە.

خوێندنەوە:
دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی و ئاماژەدان بە کشانەوە، رەنگە وەها لە لایەن هێزە شیعیەکانەوە بخوێندرێتەوە کە کارەکانیان بەرهەمی هەبوە و ئەمەریکا باس لە کشانەوە دەکات و پشوی بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەوانیش پلانی ئەوەیان هەبوو کە ئەمریکا چۆن هەراسان بکەن.

لە هەمانکاتدا، ئێستا ڕەنگە پرسەکە ئەوەبێت کە ئایا کشانەوە بە زیانەوە دەبێت یان چۆن دەتوانرێت زیانەکانی کەمبکرێتەوە؟

هەموو ئەمانە کاتێک رودەدەن کە ئیدرارەی ترەمپ کەمتر لە دوو مانگی ماوە و ئەگەری رودانی موعجیزە کەمە، هەرچەندە رویداوە کە لە نزیک بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن موعجیزە رویداوە، بۆ نمونە بڵاوکردنەوەی ئیمەیڵەکانی هیلەری لە مانگی دەی پێش هەڵبژاردنى رابوردو زیانێکی گەورەی لێدا، ئایا کارێکی وەها ڕودەدات، ئایا دانانی دادوەری دادگای فیدڕالی هەنگاوێکی وەها دەبێت؟ یان هەرچەندە لە کۆمیدیا دەچێت، ترەمپ نیازی هەیە کۆشکی سپی بەجێنەهێڵێت، هەرچەندە کۆمارییەکان ئاگادارییان لەوبارەوە پێدا.

روداوێکی تری گرنگ گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی عێراقە، ئەم گۆڕینە هەندێک وەهای لێکدەداتەوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری کەسایەتییەکانی ناو سیاسەتی عێراقی و هەندێکی تریش زۆر لەوە سوکتر دەیبینێت، بە تایبەتی یاری زۆری ساختە و گزی لە ئارادایە.

272 جار خوێندراوەتەوە