قەیرانی ئاو؛ داهاتوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست


قەیرانی ئاو کێشەی ئەمڕۆ و ساڵی پێشو و دەساڵ لەمەوپێش نیە، کێشەی چەندین دەیەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام نەوت نەیهێشتوە وەک کێشەیەکی سەرەکی دەربکەوێت، هەروەها بۆ ئەوەی ئاو کۆنترۆڵ بکرێت و بە سیاسی بکرێت پێویستی بە سەرمایە و کات و تەکنەلۆجیا هەبوە کە هەتا ئەم دواییانە بەردەست نەبوە.

پرۆژەی تورکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاوی کوردستانی باکور دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان، بەڵام بێ پارەیی دوای خست. بەنداوی ئیللی-سو، لە سەرەتای ٢٠٠٦ەوە دەست بە کارکردن کراوە لە سەری، لە ٢٠٠٠ەکانەوە کاری ئەکادیمی و ئارکەلۆجی و سیاسی هەیە لە سەری، بۆیە بەهانەی ئەوەی بە هۆی هۆکاری روداوی ئەم ماوەیە بوە، راست نیە.

ئەوەی ئاگایی لە سیاسەتی تورکی هەبێت، ئاگادارە کە خیتابی ئاو بەرامبەر نەوت خیتابێکی رەگ داکوتاوی ناو دونیای سیاسەتی تورکیە
بیرم دێت لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکان کە من لە زانکۆ خوێندکاری بەکەلۆریوس بوم، ماگی رۆنانم ناسی لە کۆلێژی ئارکەلۆژی زانکۆی گالوەی کە کاری لە سەر مەترسی بەنداوی ئیللی-سو و ژێرئاو خستنی گوندی مێژویی حەسەن کییەف ئەکرد، لینکی کارەکەی لە کۆمێنتدا دادەنێم. حەسەن کییەف سڕینەوەی مێژوی زیاتر لە ١٢٠٠٠ ساڵی ئەو ناوچەیەیە.

ئەوەی ئاگایی لە سیاسەتی تورکی هەبێت، ئاگادارە کە خیتابی ئاو بەرامبەر نەوت خیتابێکی رەگ داکوتاوی ناو دونیای سیاسەتی تورکیە. تورکەکان کە هەتا ئەم دواییە زۆر هەژارانە دەژیان، ئیرەییەکی گەورەیان هەیە بەرامبەری وڵاتانی دراوسێی نەوتداریان، ئەمە لە خیتابی رۆشنبیرانی تورکیشدا جێگەی هەیە، بنواڕە ئۆرهان پاموک لەمبارەوە.

تورکیا ئامانجی تەنها بەدەستهێنانی توانا و کارت نیە بەرامبەر سوریا و عێراق لە دروستکردنی بەنداوەکان، بەڵکو ئامانجی ناوخۆیی زۆری هەیە. جارێکیان ئەندام پەرلەمانێکی سەوزی یەکێتی ئەوروپا پێی وتم، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە تورک نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک دەست لە کوردستانی باکور هەڵگرن بونی پانتاییەکی زۆری بەتاڵە، کە دەیانەێت وەک سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزە و خواردن بەکاری بهێنن بۆ دانێشتوانی زۆرینە لە بەشی رۆژئاوا. ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئابوری سیاسیدا پێی دەڵێن بون بە باسکێت.
پاش تەواوبونی بەنداوەکان، لەمەودوا دەبن بە چەکی سیاسی، بە دڵنیاییەوە لە هەمو کێشەیەکدا وەک کارتێک بونیان دەبێت
هەروەها لە ڕوی سیاسیەوە تورک وەها بیردەکەنەوە کە بەنداوەکان دەبێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابوری ناوچەکەو لە ئەنجامدا پوکانەوەی کێشەی کورد، کە هەمیشە وەها بینراوە کە کێشەیەکی ئابوری-سیاسیە. لە دیدی پەکەکەوە ئیدارەدانی ناوچەکەیە بەوەی کە رێگری بکات لە هاتوچۆی چەکدارانی پەکەکە.

تورکیا ئەگەر بیەوێت ببێتە ناوچەیەکی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ئەوا ئاوی خۆی نادات بە عێراق و سوریا بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ، بەڵكو ناچاریان دەکات بەوەی کە بەروبومی ئەو بکڕن. عێراق رۆژانێک نەیتوانی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات کە وەک بڵند ئەجەوید دەیوت تەنها داهاتی تورک بریتیە لە بنکەی ئەنجەرلیک و کۆچبەرانی تورک لە ئەوروپا، ئەمڕۆ تورک زۆر جیاوازە لەو رۆژانە.

دیارە پاش تەواوبونی بەنداوەکان، لەمەودوا دەبن بە چەکی سیاسی، بە دڵنیاییەوە لە هەمو کێشەیەکدا وەک کارتێک بونیان دەبێت، لە ریفراندۆم، قەندیل، پەکەکە، ئێران، ئابوری، سیاسی زۆر شتی تر.

ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاو نەبێتە کێشەیەک و لاوازی بکات، دو هەنگاوی نا، گرتنی جۆلان وەک سەرچاوەی ئاو، هەروەها ئیدارەدانی ئاو لە ناوەوە بە باڵاترین مۆدیلی تەکنەلۆجی و ژینگەیی. عێراق ناتوانێت بڕوات شەڕناخ بگرێت، ئەوە تورکیایە دێت خاکی عێراق دەگرێت، بۆیە دەبێت بژاردەی دوەم بگرێت. بەڵام مرۆڤی عێراقی وەک بونەوەرێکی نەوتی چالاکی سەرەکی لە ژیاندا بەفیڕۆدانە. بۆیە دەبێت ژیان بگۆڕیت. وەک دەڵێن نەوت ناخورێتەوە.

رەنگە بە ئامانجی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەردۆگان هێرش بۆ سەر قەندیل دەست پێبکات، عێراق هیچ رێگرییەک ناکات. ئەمڕۆ کوردێکی زۆر بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە بەهێزبونی عێراق دەبێتە هۆی بەهێزبونی کورد. ئەوانە پێویستیان بەوەیە کە ئەلف و بێی ململانێی ناوچەکە فێربن.
1380 جار خوێندراوەتەوە