دۆخی ئەمڕۆی کوردستان: ثیوسیدادیس بە لنگەوقوچی

چەند شەوێک لەمەوپێش، لە ژێر بارانێکی وورددا هاوەڵێکم لە هەولێر پێی ووتم، ئێمە ئەوەندە دوورنین لە شەڕی ناوخۆوە. سەرباری ئەوەی کە من باوەڕم وەهایە ئێمە شەڕی ناوخۆمان تێنەپەڕاندوە و بەردەوام لە بڕی هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی زیاتر و زیاتر بۆ بوارەکانی تری ژیانی دەبەین وەک یادەوەری، سۆز، کار، ئابوری، ئاسایش، ئەفسانە و زۆر بواری تر. بە جۆرێک لایەنەکان بەرەو ئەدەبیاتی لە مرۆڤخستن هەنگاو دەنێن، کە یەکێکە لە بنەماکانی جینۆساید. بەڵام گوێبیستبوونی ئەو ڕستەیە موچڕکەی بە لەشمدا هێنا، بە تایبەت کە چەند ساڵی ڕابوردوو گوێبیستی زۆر چیرۆکی دڕندانە بووم دەربارەی شەڕی ناوخۆی کوردی.

دۆخی کوردستان لە ئەمڕۆدا دۆخێکی ئاوارتەیە. سەرباری ئەمە تێگەیشتن لەم دۆخە لاوازە چونکە، یەکەم بەرهەمهێنانی عەقڵ لاوازە و دووەم، زۆرینەی ئەوانەی کە دەبێت بیربکەنەوە لە ناوەوەن و وەک ناوەکی بیردەکەنەوە. ئەمەش وەهای کردوە هەموو سوتەمەنی ململانێکان بن نەک ئامرازی ڕاڤەکردن.


دۆخی کوردی پڕیەتی لە ململانێ، بەڵام ئەگەر بێتوو لە دیدی ثیوسیدادیسەوە بیبینین بە تایبەت ئەگەر ثیوسیدادیس لنگەوقوچ بکەین ڕەنگە بنەمای دیدێکمان بداتێ. ثتیوسیدادیس نوسەر و ئەفسەری یونانیە، کە شەڕی پیلۆپینێسیای بە ووردی و بێلایەنی و عەقڵانی نوسیوەتەوە، بە جۆرێک کتێبەکە هەتا ئەمڕۆ بنەمای خوێندنەوەی جۆرێکی تایبەتە لە ململانێ لە دونیادا. دواین کتێب لەمبارەوە بە ناوی تەڵەی ثیوسیدادیس کە بیرمەندی هارڤەرد گراهام ئەلیسن نوسیویەتی. بە پێی ئەم تیورەیە، هەڵکشانی ئەسینا، بوە هۆی مەترسی لای سپارتاییەکان، ئەم مەترسیە، بە تایبەت کاتێک خراپ لێکدرایەوە ئەوا لە ئەنجامدا بوە مایەی شەڕی بەناوبانگی سپارتا و ئەسینا کە لە ئەنجامدا هەردوو دۆڕاو و لاوازبوون و بوون بە ژێردەستەی هێزەکانی تر.

 

ئەگەر ئەم هاوکێشەیە لە ئەمڕۆی کوردستاندا بەرهەم بهێنینەوە: بە تایبەت کاتێک کوردستان لە ناوەوە لە دۆخی هاوسەنگی هێز و ململانێ و هاوپەیمانی بەرژەوەندیانەدا دەژی، ئەوا ڕەنگە بتوانین دۆخێکی تیوری بەرهەم بهێنین. دیارە بەکاربردنی چەمکی هاوسەنگی هێز و فرۆشتنی وەک ئەوەی وەهابێت کە چەمکێک و دۆخێکی ڕەوایە بەشێکی ترە لە درێژەپێدانی شەڕی ناوخۆ. مانای چیە لە هەناو یەک یەکەدا، هاوسەنگی هێز هەبێت. لە کاتێکدا کە هاوسەنگی هێز جۆری ململانێی نیودەوڵەتیە نەک ناوخۆیی. دیارەی مێژووی ئەم چەمکە، کە چەمکێکی تایبەتی ئینگلیزییە، زۆر ئاڵۆزە بۆ ئەوەی لێرەدا ڕاڤەی بکەین. بەڵام بوونی عەقڵیەتی هاوسەنگی مانای بوونی رکەبەرایەتی و رێگری و ترس و دژایەتیە، لە دۆخێکی وەها ناتوانین باس لە حوکمداری و سەروەری و یاسا و دەستور بکەین. لە بڕی ئەمانە هێزی چەک و پارە و پڕوپاگەندە باڵادەست دەبن.

 

چۆن ثیوسیدادیس پێچەوانە بکەینەوە. ئایا کاتێک دوو هێزی هاوسەنگ یان هاوتا، کاتێک لە میانەی پرۆسەی دیموکراسیدا، هێزێکیان لاوازدەبێت و هێزێکیان بەهێز، دیارە کە دەڵێین دیموکراسی مەبەستمان لە هەموو ئەو ئەفسانانە نیە کە لە دەوری دیموکراسی تەنراوە، بەڵکو مەبەستمان ناشەڕە، ئەوا هێزە لاوازبوەکە ناچاردەبێت کە پەنا ببات بۆ هێزی ڕەق بۆ درێژەپێدان بە هاوسەنگی. 

 

بەم پێیە ئەوەی ئێمە هەمانە دۆخێکی ناوارتەیە:
یەکەم، هاوسەنگی دەبێت درێژەی پێبدرێت، گەر بە شەڕیش بێت.
دووەم، دیموکراسی تەنها کاتێک قبوڵ دەکرێت کە هیچ گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزەکاندا دروست نەکات.
سێیەم، هێزەکان هەمیشە ئامادەباشن بۆئەوەی ئەوەی بە دیموکراسی بەدەستی ناهێنن یان لە دەستی دەدەن بە هێز کاری بۆ بکەن، بەم پێیە ئەوەی پێی دەوترێت دیموکراسی کارێکی نمایشی سنوردارە.

ئەمە کێشە گەورەکەیە لە کوردستان. کاتێک ئەمە کێشە ئاڵۆزەکەیە، دەبێت کار بۆ ئەوەبێت کە چۆن کار بۆ لاوازکردن و تێپەڕاندن و گۆڕینی دەکرێت، نەک کارکردن لە هەناویدا بۆ هەڵاوسان و ئاڵۆزکردن و درێژەپێدانی. 


بە جۆرێکی تر بپرسین ئایا ئێمە پانتاییەکی ئالودەنەبومان هەیە لە دەرەوەی شەڕی ناوخۆ لە کوردستان؟ بە تایبەتی لە بواری عەقڵی مەعریفیدا، بە داخەوە نەخێر. گەر لە ڕابوردودا جار جارێک وەها باس لە قەڵەمی شەڕی ناوخۆ دەکرا کە قەڵەمێکی خراپە، ئەوا ئەمڕۆ بە ئاگایی و بێئاگایی کەم قەڵەم هەن لە دەرەوەی شەڕی ناوخۆ، بە شێوازە فراوانەکەی. 

 

پێرکلیس ئەسیناییەکانی کردەوە خەڵکێکی بەهێز، بەڵام دیموکراسی پاش ئەو بوو بە هۆکاری دیماگۆجی، دیماگۆجی بە مانای ووتنی ئەوەی کە خەڵك ئارەزوی گوێبیستنی دەکات، بە مانایە دواکەوتنی خەڵك نەک ڕابەرایەتیکردنیان. دیموکراسی ئەسیانی کوشت، نەیتوانی شەڕی سپارتا بباتەوە، هەردوولای لاواز و ملکەچ کرد.

 

ئەمڕۆ دیموکراسی کوردی بە هەمانشێوە دیموکراسیەکی لاوازی بێدیدی تەپڵ لێدەری شەڕە. گەر لە یونانی کۆن هەموو ئەوانیتر بوون بە بەشێک لە شەڕی ناوخۆی نێوان سپارتا و ئەسینا، دۆخەکە هیچ نەگۆڕاوە، شەڕی ناوخۆی کوردی لە ساتی دەستپێکردنی دەبێتە پانتایی ململانێی هێزەکانی تر و کورد تەنها دەبێتە سوتەمەنی.

213 جار خوێندراوەتەوە