ئایا ئەمریکا دەڕوات؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ڕاڕاییەکی قوڵی لای هەموان دروستکردوە. بیرکردنەوە لە ناو عێراقییەکان و کوردیشدا، بیرکردنەوەیەکەی زانستی و عەقلانی نیە. بە گشتی باری دەرونی و باوەڕ و ئایدەلۆجی و ژینگەی سیاسی و سۆز بە سەریدا زاڵە.


ئاڵۆزی وەڵامی ئەم پرسیارە لەوەدایە کە بۆ نمونە ئەگەر بڕوات وەهابێت کە ئەمریکا ناڕوات، ئەوا بە دوو ئاراستە بیر دەکەیتەوە: یەکەم، چۆن ئەو بنەماو ڕەهەندانە بدۆزیتەوە بۆئەوەی باوەڕەکەت بسەلمێنێت و دوەم، بە هەر ئاراستەیەکدا بیربکەیتەوە، ئەوەند بنەما هەیە کە بەس بێت هەتا باوەڕ بە خۆت بکەیت. بەردەوام کاتێک گوێ لە خەڵکی دەگریت هەست بەم ئەم دوو ڕەهەندە دەکەیت.


بە مانایەکی تر چەندێک بنەما هەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا بکشێتەوە، هێندەش بنەما لە ئارادایە بۆ نەکشانەوەی. بە کورتی ئەمریکا یان بە هۆی دۆخی ناوخۆی ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە، یان ناچار دەکرێت بکشێتەوە. لە هەردوو دۆخەکەدا کشانەوە ڕودەدات، بەڵام بە شێواز و هەڵوێست و پەرچەکرداری جیاواز. ئەوانەی کە ئارگومێنتی ئەوەیان هەیە کە ئەمریکا ناکشێتەوە بە گشتی ئارگومێنتەکەیان لە سەر ئەم بنەمایانەیە:


یەکەم، ئەمریکا تێچونێکی زۆری لە عێراقدا کردوە لە ڕوی سەربازی و دارایی و خوێن ڕشتنەوە، بە ئاسانی بەجێی ناهێڵێت.


دووەم، ئەمریکا بەرژەوەندییەکی زۆری هەیە لە عێراق لە ڕوی بازرگانی چەک و تەقەمەنی و راهێنانی سەربازی و وزە بۆیە بە ئاسانی بەجێی ناهێڵێت.


سێیەم، وڵاتانی دۆستی ئەمریکا لە ناوچەکە فشار دەکەن لە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی لەعێراق نەکشێتەوە.


چوارهەم، ئەمریکاییەکان دەزانن ئەگەر بڕیاری کشانەوەش بدەن، بارودۆخی ناوچەکە پاش بەجێهێشتنی ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە.


پێنجەم، ئەو وڵاتانەش کە حەز دەکەن ئەمریکا بڕوات، لە ناخەوە حەز ناکەن چونکە دۆخی ئاسایشی عێراقییان بۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێت و لە ئەنجامدا زیانیان بەردەکەوێت.


بەڵام ئەوانەی بڕوایان وەهایە کە ئەمریکا دەکشێتەوە لە سەر ئەم بنەمایانە ئارگومێنتیان بونیاد دەنێن:


یەکەم، ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا ماندون لە شەڕ، بە تایبەتی لە ڕوی ئابورییەوە.


دوەم، هەڵکشانی توێژێک لە دەنگەدەری میلانییەم، یان لە دایک بوانی دەوروبەری ساڵانی دوو هەزار، کە دژ بە شەڕن.


سێیەم، هەڵکشانی چین و بایەخدارتربونی چین لە ململانێی لە گەڵ ئەمریکادا. بۆ نمونە کاتێک کە ئەمریکا هات بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەو کاتە ئەمریکا هەشت قات لە پێش چینەوە بوو، ئێستا وەها خەریکە هاوتا دەبنەوە.


چوارهەم، کشانەوە گەرچی لە ڕوی دەرونی و عەقڵییەوە بۆ عێراقییەکان ئاسان نیە وێنا بکرێت بەڵام لە ئەمریکاوە دیدەکە بەو جۆرە نیە. عێراق مایەی بێزارییە لای زۆرینەی ئەمریکاییەکان.


پێنجەم، گەر کشانەوە بە سودی هەڵبژاردن بێت ئەوا سەرباری ئەگەری هاتنەئارای ئاڵۆزی، ئەمریکا دەکشێتەوە، چونکە بۆ هەر سەرۆکێکی ئەمریکی دەرچونەوە لە هەڵبژاردن، لە سەروی هەموو شتێکەوەیە.


شەشەم، ئێستا تەماشای نەک هەر ترەمپی دژ بە شەڕ، بەڵکو تەماشای دیموکراتەکانیش بکە، جگە لە بایدن هەموو دژ بە شەڕن، بە جۆرێک کە بایدن ناچارکرا کە داوای لێبوردن بکات.


ئێستا دۆخەکە چیە؟


یەکەم، ئەمریکا نایەوێت وەدەر بنرێت، بۆیە ئەگەر فشار هەبێت ئەوا دژ بە فشارەکە دەبێتەوە. چونکە وەدەرنان بۆ پرستیژی پێگەی ئەمریکا لە دونیادا باش نیە. ساڵانێکی زۆری ویست هەتا ئەمریکاییەکان بە سەر گرێی ڤێتنامدا زاڵبون.


دووەم، بە سەرلەنوێ دەرچونەوەی ترەمپ، ئەوا ئەگەری مانەوە زۆرە، بە تایبەتی بۆ فشار لە سەر ئێران. بەڵام، ئەمە بە هیچ جۆرێک گەرەنتی نیە.


سێیەم، ئەگەر دیموکراتەکان بێنەوە بۆ کۆشکی سپی، ئەوا پرسی شەرعیەت بۆ ئەوان گرنگ دەبێت، ئایا بە چ شەرعیەتێک ئەمریکا لە عێراقە، بە تایبەتی ئەگەر شەڕی داعش لە ئارادا نەبێت.


دەرئەنجام


لە ئێستادا کشانەوە و نەکشانەوە دوو ئەگەرن کە ئەگەری ڕودانیان وەک یەکە. بۆیە هەر هێزێکی سیاسی ئەگەر بیەوێت ئامادەبێت بۆ دۆخەکە ئەوا دەبێت هەردوو ئەگەرەکە وەک یەک مامەڵە بکات و خۆی بۆ ئامادەبکات. کورد، هەندێک دەربڕینی کۆنی نوێکردوەتەوە لە بەرامبەر مەترسی کشانەوە، وەک یەکڕیزی و هاوسەنگی و بێلایەنی و دژە شەڕ بەڵام هەموو ئەمانە پێویستیان بە بونیاد و دەزگایە هەتا ببنە بنەمای ڕاستەقینە و بەرگەی ساتەوەختی قەیران بگرن.

717 جار خوێندراوەتەوە