ژیژاک و پیتەرسن

دوێنی تەماشای دیبەیتی سلاڤیو ژیژاک و جۆردن پیتەرسنم کرد. ماوەیەک بوو چاوەڕێ بووم، بەڵام چاوەڕێی هیچی گەورە نەبووم. پێش ئەوەی باس لە هەردوو بکەم، دەبێت باس لە چوارچێوە بکەم. ئێمەلە سەردەمێکدا دەژین لە هەموو شتێک تیایدا شل بوەتەوە. قۆناغێک لە قەیراندایە و قۆناغی داهاتوو دیار نیە. لەم قۆناغی گواستنەوەدا هەموو شتێک سەرەتاتکێ دەکەن، فاشیزم، کۆمۆنیزم، لیبرالیزم، کۆنسیومەریزم. ئیسلامیزم، هەرچی ئیزمی تر. هەموو ئەمە لە سەردەمێکدا ڕودەدات کە میدیا پاڵەوان دروست دەکات و فسی دەکاتەوە. ڕۆحی کێبڕکی و دوژمنایەتی و خێڵەکێتی نەک هەر بە سەر بیرمەنداندا بەڵکو بە سەر زۆرێک لە خەڵکیشدا زاڵە. ئەم دۆخە ئەم دووانەی کردوەتە پاڵەوان.

پیتەرسون نوێیە، کابرایەکی زۆر هاکەزایی و نەرجسیە، بەڵام خەڵکانێک هەن پێویستیان بە قارەمانە، ئیتر ئەو بوە بە قارەمان. پێداویستی بۆ قارەمان هەر لە ناو کورددا نیە، بەڵکو گلۆباڵە.

ژیژاک دیاردەیەکی نوێ نیە، بە ئاسانی ناتوانرێت پێناسە بکرێت. ئەوەی ژیژاکی لە قۆزاخەی بچوکی بیرکەرەوان هێناوەتە دەرەوە بۆ بواری گشتی قسە قۆڕ و نوکتە و کۆمێنتەکانیەتی لە سەر ژیانی ڕۆژانە و کەلتوری گشتی. چەند ساڵێکە چاودێری ژیژاکم، دەتوانم بڵێم لە پست زمانە ڕۆژانەکی بیرێکی سەرنجڕاکێش بوونی هەیە، بەڵام کێشەی ئەوەیە کە لە کوێدایە. بۆ پیتەرسون ژیژاک کۆمۆنیست بوو. ئەم ناتۆرە بەخشینە کارێکی ئاسانە، کاتێک کەسێک دەخەیتە چوارچێوەیەکەوە و ئیتر هەرجی دەربارەی ئەو ناتۆرە هەیە بە سەریا دەبارێنیت. ئەمەلە کوردستان زۆر باوە. لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک کۆلکە موفەکیر دروست بوون کە بە چەپ و ڕاستدا فاشیزم دەبەخشنەوە. ژیژاک باسی ئەمەی کرد، بە فاشیست ناوبردنی کەسێکی تر تەمەڵترین جۆری بیرکردنەوەیە. لە راستیدا هەر بیرکردنەوە نیە. بە دید من هەموو کەسێک کاتێک دەرباەری هەر کەسێک یان شتێک قسە بکات، هەمیشە بە ئاگایی و نائاگایی باسی خۆی دەکات.

پیتەرسن سەرەتا قسەی کرد. پێشکەشکەرەکە، خاڵێک سەرنچڕاکێشی وروژاند ئەویش ئەوەبوو کە مایەی سەرسوڕمانە کە هۆڵێکی وەها گەورە بۆ دیبەتێکی فەلسەفی هێندە پرە. لە راستیدا نەک جێگە نەمابوو بەڵکو بلیتی دیبەتیەکە بە چەند قات فرۆشرابوو.

جۆردۆن سەرەتا باسی مانیفیستی کرد، بە قسەی خۆی سەرەتا لە تەمەنی هەژدە ساڵاندا خوێندویەتیەوە، بۆ ئەم دیبەیتەش جارێکی تر خوێندیەتیەوە. ڕەخنەی ئەوەبوو کە هەموو ململانێکانی مرۆڤایەتی ململانێی نیوان چینەکان نیە. مرۆڤەکان ململانێی تریان زۆرە. مارکس بە هیچ شێوەیەک باس لە سروشت ناکات لە مانیفێستدا. مرۆڤ ململانێی لە گەڵ خۆی و سروشت و ئەوانی تردا هەیە.

مانیفێست دەقێکی بانگەشەیە بۆ شۆرش. مارکس لە برۆکسل نوسی. دەقێکی ریتوریکە. هەمیشە بۆ من زیاتر لە دەقێکی شیعری دەچێت لەوەی دەقێکی فەلسەفی بێت. جۆردۆن ئامادە نەبوو، دیاربوو کەم شارەزابوو، ڕستەکانی پڕ بوون لە گومان و ڕاڕایی و لاوازی.

پاشان باسی یەکسانی کرا. ژیژاک لە وەڵامدا ووتی، مارکس هەرگیز یەکسانخواز نەبووە. لە کوردستان مارکسیزم یان شیوعیەت وەک قارەمانی یەکسانخوازی دەبینرێت، بەبێ ئەوەی بیر لەم چەمکە کرابێتە، یان تەنها لە یەک ڕەهەندەوە بیری لێکراوەتەوە ئەویش ڕەهەندی ئابوری یان پارەیە. کە ئەگەر دۆخێکی وەهاش هەبێت ئەوا قەیراناوی دەبێت. بەڵام یەکسانی یانی نەبوونی باش و خراپ. یانی نەمانی خراپە، یان یەکسان بوونی باش و خراپ. ئەم دۆخە زیاتر لە فرە کەلتوری ئەمڕۆدا دیارە. دیارە جیاواز مانای باش و خراپ نیە، بەڵام باش و خراپ بوونی هەیە. ئەگەر باش و خراپ بوونی نەبێت ئەوا چۆن داینەمۆی مێژوو ململانێیە. چۆن یەکسانەکان ململانێ دەکەن، یان بۆ؟

ژیژاک ئەوەی مۆرکرد کە لە کتێبی گۆتەدا مارکس بە ڕوونی دژایەتی خۆی بۆ یەکسانخوازی بەیان دەکات.
ژیژاک سەرەتا ڕاستەوخۆ وەڵامی جۆردەنی نەئەدایەوە، بەڵکو ئەو بابەتانەی باسکرد کە دەمێکە دەیانڵێت. باسی چینی کرد، کە چۆن بە تێکەڵی کۆمیونیزم لە گەڵ سەرمایەداریدا خراپترین جۆری سەرمایەداری بەرهەمهاتوە.
پاشان هاتنە سەر گفتوگۆی ڕاستەوخۆ. پیتەرسن دەیویست ژیژاک پەمپ بدات بەوەی کە ئەو بیرمەندێکی ڕەسەنە، پیویست ناکات خۆی بە مارکسی بناسێنێت، دەتوانێت ژیژاکی بێت. ژیژاک زۆڵە و باش تێدەگەیشت لە یاریەکە، نە دژ بە پەمپدانی وەستایەوە، نە مۆری کرد. باسی مارکسی بوونی وەها کرد کە مارکس هەمیشە دژ ئارگومێنتی زۆر دەهێنێتەوە، کە زۆریان ئەمڕۆ واقیعن.

پاشان ژیژاک پرسیاری کرد دەربارەی ئەوەی کە ئایا پیتەرسن مەبەستی چیە کە باس لە پۆستمۆدرێنە مارکسیەکان دەکات، تەنها ناوێکم پێ بڵی، ژیژاک ووتی. پیتەرسن هیچ ناوێکی نەوت بەڵام باس لەوە کرد کە زۆرێک لە ئەکادیمیەکانی ئەمرۆ خۆیان بە مارکسی دەناسن. ئەمە قسەیەکی بێمانا بوو. لای ژیژاک تەنها دوو کەس کار لە سەر مارکس دەکەن، ئەوانیش هارڤی و جەیمسن. هارڤی کاری زۆر لەسەر خوێندنەوەی کەپیتاڵ کردوە، جەیمس لە سەر کەلتور. بەڵام بە دیدی ژیژاک ئەوانە پەراویزی و نەخوێنراوەن.

پاشان پیتەرسن باسی فۆکۆی کرد. بە رای ژیژاک فۆکۆ دژە مارکس بووە هەموو تەمەنی. فۆکۆ هەمیسە هەوڵی داوە کە پەراوێز و پەراویزبوون وەها لە قەڵەم بدات کە کارێکی شۆڕشگێڕانەیە. بە دیدی ژیژاک فۆکۆ هیچ نەبوو جگە لە گەورەکەری شتە بچکۆلەکان نەبێت.

ڕەنگە ئەوەی ژیژاكی بێزارکردبێت لێرەدا ئەو هەوڵ دژ بە سەنتەرگەراییە بێت کە پۆستمۆدرێنەکان هەوڵیان بۆ داوە. ژیژاک وەها رەخنە دەکرێت کە زۆر ئیرۆسەنتەریستە. بیرمەندی ئێرانی حەمید دەباشی کتێبێکی لەمبارەوە نوسیوە. بە ناوی ئایا نائەوروپییەکان دەتوانن بئاخڤن؟

لە کۆتاییدا ئەوەی جێگەی سەرنجبوو هەردوو ژیژاک و پیتەرسن لە زۆرشتدا هاوڕابوون، داوای ئەوەیانکرد کە کۆمۆنیکەیشن بوونی هەبێت . ژیژاک داوای لە هەوادارانی کرد کە واز لە پۆلەتیکاڵ کۆڕێکسنێس بهێنن و بیربکەنەوە. ئەمە هەمیشە پەیامێکی ژیژاک بووە کە کاتی گۆران نیە کاتی بیرکردنەوەیە. چونکە لە ڕاستیدا ژیژاک چەندێک ڕەخنەی لە کەپیتالیزم هەیە، چەند هێندە لە سۆشیالیزم، بۆیە لای ئەو بیرکردنەوەی زیاتر پێویستە.

 

 

281 جار خوێندراوەتەوە