قەیران لەپاش خۆشگوزەرانی: كاتێك غاز دەبێتە خەمی سەرەكی

خۆشگوزەرانی تەنها هەبوونی باڵەخانە و شەقامی جوان نییە، بەڵكو دابینكردنی ژیانێكی شكۆمەندانەیە؛ كە تێیدا دایكێك یان باوكێك خەمی ئەوەیان نەبێت چۆن غازی چێشتلێنان یان گەرمكردنەوەی ماڵەكەیان دابین دەكەن.
زۆر ناخۆشە مرۆڤ لەوپەڕی هیوای بۆ باشتربوونی بژێوی، لەپڕدا بكەوێتە ناو جەرگەی قەیرانێكی نوێوە. بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، كە ساڵانێكە لەناو جەنگەی ململانێی ئابووریدان، پرسی گرانبوونی نرخی غازی ماڵان، تەنها بابەتێكی بازرگانی نییە، بەڵكو ڕاستەوخۆ دەستبردنە بۆ قووتی ڕۆژانە و گەرمیی ناو ماڵەكان.
هەرێمی کوردستان پێویستی بە دابینکردنی زیاتر لە 1.000 تەن غازی ڕۆژانە هەیە، بۆ ئەوەی ژیانی ئاسایی پەکیش نەکەوێت، بەڵام هەر کێشەیەک لە پرۆسه‌ی دابینکردندا ڕووبدات، یەکەم کەس کە باجەکەی دەدات هاوڵاتیی کەم دەرامەت و کاسبکارە بچووکەکانن."
بۆچی ئەم دۆخە مەترسیدارە؟
غاز یەكێكە لە پێداویستییە هەرە سەرەتاییەكان كە هیچ خێزانێك ناتوانێت دەستبەرداری بێت. كاتێك نرخەكەی بە شێوەیەكی كتوپڕ بەرز دەبێتەوە، زنجیرەیەك كێشە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، له‌وانه‌:
• باری دارایی خێزان: خێزانە كەمدەرامەتەكان و مووچەخۆران، ناتوانن هاوسەنگی لەنێوان خەرجییەكان و گرانبوونی غازدا ڕابگرن. ئەم قەیرانە لە كاتێكدایە كە فەرمانبەران هێشتا مووچەی مانگی "ئازاری پڕ ئازار"یان وەرنەگرتووە. هاوكات، كاریگەریی ئاڵۆزییە هەرێمییەكان (ئێران-ئەمریکا و ئیسرائیل) ڕاستەوخۆ لەسەر بژێویی خەڵكی هەرێم خەریكە بە ڕوونی دەردەكەون.
• شڵەژانی بازاڕ: گرانبوونی غاز تەنها لە ماڵدا نامێنێتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە، بینیمان نانەواخانەكانی هەڵەبجە بەهۆی دابیننەكردنی غازی پێویست مانیان گرت؛ ئەمە نیشانەیەكی مەترسیدارە كە چۆن قەیرانی وزە دەتوانێت ڕاستەوخۆ ئاسایشی خۆراك بشەژێنێت.
لە خۆشگوزەرانییەوە بۆ قەیران
هەموومان چاوەڕێی ئەوە بووین كە پاش ساڵە سەختەكان، هەرێم بەرەو سەقامگیرییەكی ئابووری بڕوات و پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەك کارەبا و سوتەمەنی بە نرخێکی گونجاو دابین بكرێن. بەڵام دژبەرییەکە لێرەدایە:
"لە وڵاتێكدا دەژین كە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی وزەیە، كەچی هاوڵاتییەكەی دەبێت كۆڵان بە كۆڵان بەدوای ئۆتۆمبێلی غازدا ڕابكات، یان بە نرخێكی به‌رز له‌بازاڕی ڕه‌شدا بوتڵێك بكڕێت."
ئەو دیمەنانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان، كە چۆن دەیان هاوڵاتی بەدوای ئۆتۆمۆبیله‌كانی غازدا، ڕایان دەكرد، برینێكی قووڵە و پرسیارێكی گەورە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی وزە دروست دەكات.

96 جار خوێندراوەتەوە