پەروەردە لە نێوان ئاوێنەی شکاو و کانیاوی ڕووندا

ڕوانین و وردبوونەوە و سەرنجدانی ڕەخنەگرانە و نووسین و ئەزموونی سێ دەیەی پیشەیی لە بواری پەروەردەدا، زۆر ڕێگەی نیشاندام.

زۆر جاران لەو هەموو ڕوانینە جیاوازانەدا تووشی هەراسان و بێزاری و دڵشکان هاتووم، بەڵام هەرگیز نەیگەیاندوومەتە نوچدان و کۆڵدان یان گەیشتن بە بێهیوایی. بە ڕای من بێهیوابوون واتە کۆڵدان و شکست و وازهێنان و خۆڕادەستکردنی قەدەری نادیار؛ لە ڕاستیدا ئەوە کاری ئەوانە نییە کە پەیامیان هەیە و بڕوایان بە گۆڕانکاری و باشکردنی ژیان بۆ ئایندە هەیە.

ئەمانەی کە لەسەرەوە باسم کردوون ئەوە ناگەیەنێت کە فووکردنەخود بێت، وەک لە پەندێکی فۆلکلۆری کوردیدا هەیە، دەڵێت: «ئەچمە شارێ کەس نەمناسێ، خۆم هەڵدەکێشم پڕ بە کراسێ».

بەڵام ئێمە کە کارمان کردووە، تەنها خەمێک و هەمێک بووە لە پێناوی شادبوونی ئەم گەلە بە ئارامی. تاقە ڕێگەش بۆ ئەو خەونە تەنها پەروەردەیە و پەروەردەیە.

ئەم چەند دێڕەی باسم کرد تەنها دەربڕی ئەوەیە کە لەم نیشتمانەی ئێمەدا دەیان دەنگ و هاوار بەرز بوونەتەوە تا پەیامێک بگەیەنن و ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەم سەرلێشێواوییەی تێیکەوتووین، لەم کوێرەڕێیەی پێیدا دەڕۆین و لە پێشمانەوە ڕەنووەبەفر و کڕێوەیە، خۆمان قوتار بکەین و بچینە سەر ڕێگەی ڕاستی و ئارامی.

بەڵام دیارە کەس گوێی بۆ هاوارەکانمان نەگرت، تا ئاکام تارماییەکی ڕەش خەریکە نیگا و دیدەمان لێڵ و تاریک دەکات.

هەرچەندە لە سەرەتای وتارەکەمدا ئاماژەم بە کۆڵنەدان و دووربوونم لە بێهیوایی داوە، بەڵام ڕاستی ناشاردرێتەوە و ناخرێتە چاڵی پەراوێزخستنەوە. مەبەستم ئەوەیە کە وەک پێویست ئاوڕ لە گرێوگۆڵ و درزەکانی ناو دیواری پەروەردە نەدراوەتەوە و هەوڵی پڕکردنەوەیان نەدراوە؛ بۆیە خەریکە دەبنە کەلێنی گەورە، ئەوسا دەبێت چاوەڕێی ڕووخان بکەین، دوای ئەوەش جگە لە شکاندنی بەرد بە ئەژنۆ هیچی ترمان لەدەست نایەت.

دوای ئەوەی چەندین ساڵە دەیان نووسەر و خەمخۆر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی بە نووسین و کۆڕ و چالاکی و بەیاننامە و وتار و توێژینەوە و کتێب و پۆستکارت و تۆڕەکانی سۆشیالمیدیا داواکارییان پێشکەش کرد و کاریان لەسەر ئاراستەیەکی باشتر بۆ پرۆسەی پەروەردە کرد، بەداخەوە نە گوێیان لێ گیرا و نە لایەنی بەرپرس خۆشی هەنگاوێکی نا بە ئاراستەی دڵخۆشکردنی خەڵک!

ئەوە بوو ڕۆژی ٨-٩-٢٠٢٦ ڕێکخراوی PISA واتە (Program for International Student Assessment) بە کوردی بریتییە لە «پرۆگرامی نێودەوڵەتی بۆ هەڵسەنگاندنی خوێندکاران». ئەم ڕێکخراوە جیهانییە کە لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدان و هاوکاریی ئابووری (OECD) سەرپەرشتی دەکرێت، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی کارامەیی و زانیاریی خوێندکارانی تەمەن ١٥ ساڵ لە جیهاندا ئەنجامی دەدات. ئەو بوارانەی کاری لەسەر دەکات بریتیی لە سێ بواری سەرەکی: (خوێندنەوە (تێگەیشتن لە دەق)، بیرکاری، و زانستەکان).

دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥ داوای بەشداریکردنی لەم هەڵسەنگاندنە جیهانییەدا کرد، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیی هەمووان بوو، ئەنجامەکەی حکومەتی هەرێم زۆر خراپ بوو، کە بۆ دڵسۆزان و خەمخۆران مایەی تاسان و شۆک بوو.

لە هەڵسەنگاندنەکەدا پلەی هەرێم لە ڕیزبەندی هەرە وڵاتە دواکەوتووەکانی جیهاندایە.

بۆ ئەوەی خوێنەرانی کورد شارەزای بوارەکانی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی PISA ببن، هەندێک لەو گرنگییانە دەخەمە ڕوو:

بوارەکانی هەڵسەنگاندن: تاقیکردنەوەکە سەرنج دەخاتە سەر سێ بواری سەرەکی (خوێندنەوە، بیرکاری، زانستەکان).

ئامانجی سەرەکی: ئامانجەکەی تەنها تاقیکردنەوەی لەبەرکردنی پرۆگرامەکان نییە، بەڵکو پێوانەکردنی توانای خوێندکارانە لە بەکارهێنانی زانیارییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیانی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگادا.

ماوەی ئەنجامدان: تاقیکردنەوەکە سێ ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت و یارمەتیی وڵاتان دەدات کوالێتیی سیستمی پەروەردەی خۆیان بەراورد بکەن لەگەڵ وڵاتانی تردا بۆ چاکسازیی پەروەردەیی.

ڕەچاوکردنی تەمەن: بۆ ئەوەی بزانرێت خوێندکارانی تەمەن ١٥ ساڵ تا چەند دەتوانن ئەو زانیاری و توانایانەی لە خوێندنگە فێری بوون، لەگەڵ گرفت و بارودۆخی ڕاستەقینەی ژینگەی خۆیاندا بەکاری بێنن.

شێوازی وەرگرتنی نموونە: لە PISAـدا هەڵسەنگاندنی وڵات بە تاقیکردنەوەی هەموو قوتابییەکانی ئەو وڵاتە دیاری ناکرێت؛ بەڵکو نموونەیەکی زانستی و نوێنەرایەتی لە قوتابییانی تەمەنی نزیکەی ١٥ ساڵ هەڵدەبژێردرێت، پاشان ئەنجامەکانیان بۆ کۆی ئەو کۆمەڵەیە هەژمار دەکرێت.

PISA لە کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠ەکاندا لەلایەن OECDـەوە دامەزرا و یەکەم هەڵسەنگاندنی لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەنجام داوە. مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو تەنها نەزانرێت خوێندکار چی لەبەرکردووە، بەڵکو بزانرێت دەتوانێت زانیارییەکانی بە شێوەی کارامەیی لە ژیاندا بەکاربهێنێت یان نا.

مەبەستێکی تر ئەوەیە کە بزانرێت خوێندکارەکانمان ئاستی تێگەیشتن و فێربوونیان گەیشتووە بە کوێ و کام بەشی سیستمی پەروەردە پێویستی بە چاکسازی هەیە؟

بۆ نموونە، ئەگەر خوێندکارێک لە بیرکاریدا نمرەی باشی هەبێت، بەڵام لە بەکارهێنانی بیرکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕۆژانە لاواز بێت، PISA جیاوازییەکە دەخاتە ڕوو.


هۆکارەکانی شکستی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان

چەندین هۆکار و فاکتەر هەن کە بوونەتە هۆی شکستی پەروەردە و دابەزاندنی کوالێتیی ئاستی فێربوون و خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، کە خۆیان لە فاکتەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە. لێرەدا کورتیان دەکەینەوە بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم : قەیرانی ئابووری و دارایی (دواکەوتن و نەدانی مووچەی مامۆستایان): ناڕێکیی خەرجکردن و ڕاگرتنی مووچەی مامۆستایان و لێبڕین و نەدانی مووچە بۆ چەند ساڵێک بووە هۆی مانگرتنی بەردەوامی پرۆسەی خوێندن و ئیفلیجکردنی. کەمیی بودجەی حکومەت لە کەرتی پەروەردەدا و تەرخاننەکردنی داهات لە بودجەی گشتیدا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دروستکردن و نۆژەنکردنەوە و پاراستنی قوتابخانە و خوێندنگەکان هەبووە.

دووەم: ژێرخانی ڕووخاو: 

کەمیی بینای قوتابخانە: هەرێم ڕووبەڕووی کەمییەکی بەرچاوی قوتابخانە و خوێندنگە بۆتەوە، کە زۆربەی فێرگەکان ناچار دەکات بە دوو دەوام یان سێ دەوام کار بکەن، بەمەش کاتی وانەکان کەمدەبێتەوە.

سێیەم:نەبوونی ئامێر و کەلوپەلی سەردەمیانە: زۆرێک لە قوتابخانە حکومییەکان تاقیگەی زانست، کتێبخانە، کۆمپیوتەر، داتاشۆ و سیستەمی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوەی گونجاویان نییە.

چوارەم:مەنهەجی کۆن و نەریتی و شێوازەکانی وانەوتنەوە: 

گرنگیدان بە فێربوونی زارەکی: پڕۆگرام و شێوازەکانی وانەوتنەوە هێشتا زۆر پشت بە لەبەرکردن و فێربوونی زارەکی دەبەستن، نەک پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، داهێنان، و توانا و کارامەیییەکان.

پێنجەم:نەبوونی پەیوەندی بە بازاڕی کارەوە: پڕۆگرامە پەروەردەیییەکان لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیادا هاوسەنگ نین و پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕی کار دابین ناکەن.

شەشەم: پشکی سیاسی و دەستێوەردان: 

دامەزراندنی کارگێڕی: هەڵبژاردنی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی پەروەردەیی زۆرجار پەیوەستە بە ڕەچاوکردنی حزبی و پشکی سیاسی، نەک لێهاتوویی و پیشەیی. ئەمەش پێچەوانەی بڕیارەکانی کۆنفرانسە پەروەردەیییەکانی وەزارەتی پەروەردەیە کە بڕیار بوو دوای چوار ساڵ لە کاری بەڕێوەبەریی فێرگە، بگوێزرێتەوە یان بگۆڕدرێت. مانەوەی بەڕێوەبەر زیاتر لەو ماوە دیاریکراوە ناسەقامگیریی کارگێڕی لێ دەکەوێتەوە.

هەروەها ململانێ و گۆڕانکارییە سیاسییە بەردەوامەکانی حزب و زۆنەکان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە پلان و ستراتیژییەکانی پەروەردەدا.

لاوازی و سستی لە ئامادەکاری و ڕاهێنانی سەرچاوە مرۆییەکان: 

نەبوونی ڕاهێنانی بەردەوام: ستافی مامۆستایان کەمیی بڕوانامە و خولی ڕاهێنانی بەردەوامیان هەیە کە ئاگاداریان بکاتەوە لە نوێترین ستراتیژییەکانی وانەوتنەوە و ڕێبازە دەروونی و پەروەردەیییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خوێندکاران.

دابەزینی ئاستی مامۆستایان: سەختیی بارودۆخی ژیان بووەتە هۆی دابەزینی پێگەی کۆمەڵایەتیی پیشەکەیان، ئەمەش پاڵی بە هەندێک لە مامۆستایانەوە ناوە بۆ ئەوەی بەدوای کارێکی تردا بگەڕێن تا بژێویی ژیانی ڕۆژانەیان دەستەبەر بکەن.

گرفت و کەلێنی نێوان پەروەردەی حکومی و ئەهلی (دروستبوونی چینایەتیی فراوانتر): زۆربوونی قوتابخانە ئەهلییە گرانبەهاکان بۆشایییەکی بەرچاوی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی دروستکردووە؛ دەوڵەمەندەکان خوێندنی نایاب وەردەگرن، لە کاتێکدا ئەوانەی داهاتیان سنووردارە، ناچارن لە قوتابخانە حکومییە فەرامۆشکراوەکاندا بمێننەوە.

هەموو ئەم گرفتانەی باسمان کردن، لەمپەری پێشخستن و سەرخستن و چاککردن و ئاراستەکردنی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن.

بەڵام ئەگەر بیرکردنەوە لە چاککردن و باشکردن نەکەینەوە، ناتوانین هیچ هەنگاوێک بنێین. ئەوەتا ویلیام جەیمس دەڵێت: «مرۆڤ دەتوانێت ژیانی خۆی بگۆڕێت ئەگەر بتوانێت بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێت».

بەداخەوە، سەرنج و بۆچوون و ڕەخنە و دیاریکردنی هەڵەکان و خستنەڕووی خاڵە لاوازەکان تا نووسینی ئەم وتارە نەبوونەتە جێی هەڵوێستەکردن و ئاوڕدانەوە، تا بە پلان و بەرنامە، شکستەکانی کەرتی پەروەردە بکرێنە هەنگاوێک بۆ ئاوڕدانەوەیەکی خێرا و دۆزینەوەی ڕاستەڕێیەکی سەردەمیانە بۆ سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان. هەروەها دەستبەرداربوونی حیزبەکان و ئایدۆلۆژیا تەسکە بێ‌فەڕەکان لە پەروەردە، کە دەبێتە هۆی دامەزراندن و دیاریکردنی فەلسەفەیەکی پەروەردەییی گونجاوی کوردەواری بۆ نیشتمانەکەمان.

سەرچاوەکان:

١. جيمس جويس: سيرة ذاتية، كتب، يوليسيس، أعمال شهيرة.

٢. ڕاپۆرتی PISA، ئەیلولی ٢٠٢٦: برنامج التقييم الدولي للطلاب.

٣. مفهوم التربية لغة واصطلاحاً (كيندة حامد التركاوي).

٤. دور الدولة والأحزاب في التنشئة والثقافة السياسية (مجلة البحوث الفقهية والقانونية).

62 جار خوێندراوەتەوە