پڕۆسەی پەروەردە، پڕۆسەیەکی گرنگ و پڕ بایەخە لە گشت کایە و ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەکان. چونکە داینەمۆی بەگەڕخستنی وزە و توانا و کارامەییەکانی تاکە لە پێناو ئامانجە باڵاکانی مرۆڤبوون.
ئەدەبی منداڵان، فۆرم و شێوازێکی هونەریی ئەدەبییە، کە تایبەت بێت بۆ منداڵان، جا ئەگەر گەورەکان بینووسن، کە پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی (خواست و ویست و حەز و خولیای منداڵان بکرێت) لە لایەکی تر پێویستە لایەنی پەروەردەیی ئامانجدار، لە ناو دەقەکەدا دیاری بکرێت. لەگەڵ هەستە سۆزداری و نەستە شاراوەکانی منداڵدا یەکانگیر بێت، وەک (گیانی لێبوردەیی، خۆشەویستی مرۆڤ و ژینگە و گیانداران، هاوکاری، گەیاندنی پرسیار تا منداڵان لە ناو دەقەکە بۆی بگەڕێن و وەڵامی بدەنەوە، هاندان بۆ کاری باش، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجەکەی پێ دیاری بکرێت، مەبەست لە شێوەکەیە: شیعر، چیرۆک، ئۆپەرێت، نۆڤلێت، ڕۆمان). کارێکی تری ئامانجدار لە نووسین بۆ منداڵان، پەرەپێدانی خەیاڵ و هۆشیاریی سۆزداری و ڕۆچوونە بە ناو خولیاکانی منداڵدا لە بەکارهێنانی وێنەی سەرنجڕاکێش، ڕەنگدانەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام پێویستە دوور بێت لە بانگەشەی ڕاستەوخۆ، واتە پەیامێکی ئاراستەکراوی ناڕاستەوخۆیە بۆ منداڵان.
لە لایەکی تر کاتێک دەقێک منداڵ خۆی دەینووسێت، جیاوازە لەوەی گەورەکان دەینووسن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت منداڵ خۆی بە پێی ویست و حەزی ناخی خۆی بابەتەکە دەنووسێت.
لە ناو دنیای ئەدەبی منداڵانی ئێمەدا تا ئێستا نەبووەتە کولتوور منداڵان خۆیان بۆ خۆیان بنووسن، مەبەستم ئەوەیە گۆڤار و بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆیان هەبێت و دوور بێت لە نووسینی گەورەکان.
لەوانەیە خوێنەرێک بڵێت چۆن منداڵان دەتوانن بەو کارە هەستن؟ ئەگەر ئێمە دنیایەکی جوانتر و ئەدەبێکی منداڵانی باشمان بوێت، پێویستە هاوکار و هاندەر و پشتیوانیان بین، وتەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێت (التجربة أقوى من الخبرة) واتە (تاقیکراوە، بەهێزترە لە شارەزایی بوون). بۆیە ئێمەی گەورەکان لە تەمەندا، ئەوەندەی هەڵپەمان کردووە بۆ خۆمان، نەهاتووین بەرنامە و پلانکار بۆ ئەنجامدانی ئەدەبی منداڵان دابنێین. لە ڕاستیدا ئەم کارە بە کەسێک یان چەند کەسێک ناکرێت، ئەوە وەزارەت و دەستە و گروپ و ڕێکخراوی تایبەت پێویستە بەم کارە هەستن، لەگەڵ ئەوەی چی نووسین و بابەتێک لە ئەدەبی منداڵان نووسرابێت، جێی دەستخۆشی و پێزانینە هەم بۆ دڵسۆزان هەم بۆ منداڵانی کوردستان. نابێ لە بەرهەمی ئەو هەموو نووسەرە دڵسۆزانە کەم بکرێتەوە، من مەبەستم ئەوەیە بۆچی وەزارەتی پەروەردە ئەم بابەتەی بە گرنگ وەرنەگرتووە؟
یان چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوی تایبەت بە ئەدەب و ئەدەبی منداڵان و چەندین گۆڤار و بڵاوکراوە چاپ دەکرێن، بۆچی تا ئێستا بیریان لەوە نەکردووەتەوە، کە منداڵ بۆ خۆی لەگەڵ خولیا و ویستەکانیدا ئاوێتە ببێت و ببنە نووسەری ئەدەبی منداڵان؟
لەوانەیە خوێنەری بەڕێز ئەوە بە خەیاڵیدا بێت، بە من بڵێت: ئەی تۆ بۆ ئەو کارەت نەکردووە؟ لە وەڵامدا دەڵێم من ڕاستە دەیان وتار و بابەتم لەسەر پەروەردە نووسیوە، چەند کتێبێکیشم لەو بارەوە هەیە، بەڵام وا بۆ ساڵێکە سەرنووسەری گۆڤارێکی پەروەردەیی و ئەدەبی منداڵانم، نامەوێ بیشارمەوە، کەم توانایی دارایی و نەهاتنە پێشەوەی هیچ کەس و لایەنێک هۆکار بووە، بەڵام دواجار دوای هەوڵ و ماندووبوون و تەقەلایەکی زۆر ئەوەی مەبەستم بوو بەدیم هێنا. بەم توانا دیاریکراوەی خۆم، ژمارە چواری گۆڤاری "هەرەوەز"م تایبەت کرد بە ئەدەبی منداڵان و بەهرە و بەرهەمی خۆیان، ئەمە نە خود ئەڤینییە، نە خود بەپاڵەوانکردنە، بەڵام وابزانم بۆ یەکەمجارە قەڵەمی نووسەرەکان بەشدار نەبن و هەر منداڵان خۆیان پاڵەوانی ئەدەبەکەیانن لەم ژمارەیەی هەرەوەزدا.
پێشتر ئاماژەم بە تاقیکردنەوە و شارەزایی دا، ئەوەی ئێمە کردمان هیوادارم ببێتە تاقیکردنەوەیەکی باش و شارەزاکان و خەمخۆرانی بواری پەروەردە و ئەدەبی منداڵان قۆڵی دڵسۆزی لێ هەڵماڵن و بێنە پێش بۆ سەرپێخستنی ئەم ئەدەبە لە لایەن منداڵان خۆیانەوە.
مەرج نییە تەنها گرنگی بە پڕۆسەی فێربوون بدرێت لە ناو قوتابخانە و خوێندنگەکاندا بۆ منداڵان. ڕاهێنان و ئاراستەکردنیان بۆ خوێندنەوە، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕۆشنبیریی نەتەوە لە ئایندەدا، ئەمەش بەوە دەبێت منداڵان بنووسن، بەتایبەت لە ئەدەبی منداڵاندا، هەر بۆیە (جۆرج سانتایانا) دەڵێت: (منداڵێک کە خوێندن و فێربوونی لە فێرگە سنووردار بێت، منداڵێکی نەخوێندەوار دەبێت).
72 جار خوێندراوەتەوە