کاریگەریی کەسێتیی مامۆستا، ڕەنگدانەوەی لەسەر فێرخواز
ڕەووف محەمەد ئالانی
کەسێتی بریتییە لەو کۆمەڵە تایبەتمەندییەی کە لە هەموو مرۆڤێکدا لە هەڵسوکەوت، ڕەفتار و مامەڵەیدا دەردەکەوێت. لە لایەنی جەستەیی، دەروونی و سۆزداری کە لە بواری تێکەڵبوون و بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگ دەداتەوە. واتە جیهانبینی و شێوازی بیرکردنەوەی هەر تاکێک لەگەڵ هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا کارلێک دەکات، بەمەش دەوترێت کەسێتی (کەسایەتی).
ئەوەی سەرەوە پێناسەیەکی کورتی کەسێتی بوو بۆ هەموو مرۆڤێک، جا هەر کەس و تاکێک لە هەر پێگە و شوێنێکی کارکردن و مامەڵەدا بێت، کەسێتیی ئەو مرۆڤە جیا دەکرێتەوە و دەناسرێتەوە.
کاریگەریی کەسێتیی مامۆستا لەسەر فێرخواز (قوتابی) گەورەیە و بڕیاردەرە لە پرۆسەی فێربوون و پرۆسەی پەروەردەکردندا، ئەم کاریگەرییە لە چەند بوارێکدا دەردەکەوێت:
١. هاوکاری و هێزپێدان و هاندان:
کەسایەتیی مامۆستا ــ وەک بەڕێوەبەری پۆل ــ ڕۆڵێکی گرنگ دیاری دەکات لە بەرزکردنەوەی هەوڵ و بەشداریی قوتابی و فێرخواز. مامۆستا دەتوانێت گیانی ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لەناو هەستی فێرخوازدا دروست بکات بە ئاراستەی جوانبینین و هەڵسەنگاندن لەلایەن فێرخوازانەوە، کە دەکرێت وەک سەرچاوەی هێز و چالاک ببینرێت و لە بواری ئەرێنیی بەهێز بۆ ئایندەیان ڕەنگڕێژ بکرێت. لەم حاڵەتەدا هەستی نەرمونیانی و جوان بڕیاردان، فێرخواز دوور دەخاتەوە لە ترس، شەرم، توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی ئەوانی دی.
٢. دروستکردنی پەیوەندییەکی باوەڕپێکراو و متمانەبەخش:
مامۆستای خاوەن کەسێتیی بەهێز، باوەڕ و هێز لای فێرخواز دروست دەکات، وای لێ دەکات هەست بە ئاشنایی و ئارامی بکات و ئیتر سڵ لە هەڵەکردن نەکاتەوە. کەسێتیی مامۆستای دڵسۆز و خاوەن کەسێتیی گەورە، ئاکامی باشی دەبێت بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە.
٣. نموونەی باڵا و گونجاو:
فێرخواز زۆرجار مامۆستایەکی باوەڕپێکراو و باش، وەک نموونەیەک دەبینێت بۆ ڕەفتار و ڕەوشتەکانی ژیانی. کەسێتیی مامۆستا لە ڕوخسار، ڕەفتار و مامەڵەی کاردانەوەدا، ڕەنگدانەوەی درێژخایەنی دەبێت لەسەر بیر و ڕەفتاری فێرخوازان.
٤. ئەرک و بەرپرسیارێتی:
مامەڵەی دروست، هاوڕێیانە، نەرمونیانی و وتەی شیرین و بەجێ، وا لە فێرخواز دەکات بە باشی هەست بە ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسیارێتی بکات و بەسەر کێشە و گرفتەکاندا زاڵ بێت.
٥. کاریگەری بۆ سەر هەستی خودویستی، ژیانبینی و خۆشەویستیی ژیان و ژینگە:
مامۆستای بەهێز و سەرکەوتووی خاوەن کەسێتیی بەهێز، وا لە فێرخواز دەکات گرنگی بە خۆی بدات، ژیان و ژینگەی لا مەبەست بێت و ڕۆڵ و بایەخی خۆی و ئەوان بەرز بنرخێنێت، هەستیارانە مامەڵە بکات و هەست بە کەسێتیی بەرز بکات.
ڕۆڵ و کاریگەریی کەسێتیی مامۆستا دەبێتە پەخشی ڕووناکی بۆ ژیان، لەوێوە ڕێز و شکۆ بۆ خۆی و پیشەکەی دروست دەبێت.
لەناو ئەدەبیاتی کوردی و جیهانیشدا کەسێتیی مامۆستا بایەخی وەرگرتووە، ئەوەتا عەبدوڵڵا گۆران، شاعیری ناسراوی کورد، لەسەر کەسێتی، ڕۆڵ و ئەرکی مامۆستایان بەمجۆرە وتوویەتی:
> ئەگەر دوێنێ مامۆستاکان
> سوڵتانێکیان پێ ئەگەیان
> ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای کورد
> دانیشێ، بە ڕاوێژی وورد
> ڕێگەی پێگەیاندن دانێ
> بۆ ملیۆنان، نەک سوڵتانێ
>
هەروەها شاعیری ناسراوی عەرەب (ئەحمەد شەوقی)، کە بە ڕەچەڵەک کوردە، لەسەر ڕێزگرتن لە کەسێتیی مامۆستایان وتوویەتی:
> قُم لِلمُعَلِّمِ وَفِّهِ التَبجيلا
> كادَ المُعَلِّمُ أَن يَكونَ رَسولا
>
واتە:
هەستە لەبەر مامۆستا دەستەونەزەر
مامۆستا خەریکە دەبێت بە پەیامبەر
لەم وتارە کورتەدا، ئەوەی گرنگ بوو لەسەر کاریگەریی کەسێتیی مامۆستا لەسەر فێرخوازان ئاماژەمان پێدا. دەکرێت لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار بە ئەرکی ئاکاری و پەروەردەیی هەڵبستن و بایەخ و ڕۆڵی مامۆستا لەناو کایەی ژیان و پرۆسەی پەروەردەدا بەرز ڕابگرن، تا شکۆی مامۆستا و کەسێتییەکەی ببێتە بۆتەی داڕشتنی کەسێتیی قوتابیان و
150 جار خوێندراوەتەوە