قەیرانی ئەدەبی منداڵان، هۆکار و چارەسەر

(خەیاڵی منداڵان ئەو بناغەیەیە  کە داهاتووی  گەشی  لەسەری بونیاد دەنرێت،  ئەدەبی منداڵانیش  ئەو کلیلەیە  کە  دەرگای هیوا و داهێنانیان بۆ دەکاتەوە – عەبدول تەواب یوسف)

لە کۆمەڵگەیەکدا کە سیستمی  کارگێڕی و دارایی  لە قەیراندا بێت، هیچ  پلان و ستراتیژێک  بەدی نەکرێت  بۆ چارەسەر، بەبێ هیچ لێکدانەوە  و ئەمسەر و ئەوسەرێک، ئەو سیستمە گیرۆدەی  گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی  دەسەڵات بووە.
کاتێ مڕووی گەندەڵی  لە  شانەی هەنگ  ئەدات  بێگومان لە جیاتی شیرینی هەنگوین، تاڵی بێ بەرهەمی  ئەچنینەوە.

لەکاتی داپۆشینی  گەندەڵی و بەردەوام  بوونی نادادی لە کایەکانی ژیاندا، جگە لە بینینی تاریکی، هیچ مەودایەک  بەدی ناکرێت بۆ تروسکەی ئومێد و ئایندە. 

لەسەر نەبوونی دیدگا و بیرۆکە و پلان بۆ پەروەردە، تا ناڕوونی لە فەلسەفەی پەروەردەیی  بە هۆکاری  نا ڕوونی  فەلسەفەی حوکمڕانی و دەسەڵاتداری لە هەرێمی کوردستان، قەیرانی پەروەردەش سەری هەڵداوە و ساڵ لە دوای ساڵ، کەلێن و کەلەبەر و قەیرانەکانی ئەو سێکتەرە گەورەتر دەبن. ئێمە لەسەر ئەو بەشە گرنگەی ژیان کە پەروەردەیە، چەندین وتارمان  نوسیوە و ئاماژەمان بە گرفتەکانی  پەروەردە کردووە و ڕێگەچارەمان بۆ داناوە، بەڵام نە کەس  کاری پێکردووە نە لایەنی پەیوەندیدار ئەیانخوێنێتەوە.


 بۆیە لە وتاری ئەمجارەماندا ئاماژە و سەرنجەکانمان  دەخەینە سەر بەشێکی گرنگ  کە زیاتر وابەستەی  پەروەردە یە  ئەویش  ئەدەبی  منداڵانە، هەر بۆیە لای ئێمە گرنگ و جێی  ئەوەیە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، کاتێ شیکاری بۆ ئەو پرسە  دەکەیت، دەزانیت  ئەویش چەندە وابەستە و گیرۆدەی  چەقبەستن و دواکەوتن هاتووە، کە هۆکارەکەی ئەو شێوازە خراپ و وابەستەیەیە کە بەهۆکاری جیاواز ڕووبەڕووی بۆتەوە، گرنگترینیان گرنگی پێ نەدان و پەراوێزخستنە، وەک چۆن لە سێکتەرە سەرەکیەکەی پەروەردەدا کراوە.


پێمباشە هەموو هۆکارەکانی قەیرانی ئەدەبی منداڵان و گرنگی و بایاخی ئەو ئەدەبە و ڕێگاکانی چارەسەری قیرانەکان  بەخاڵ دیاری بکەم  لەبەر دوو هۆکار

یەکەم: کورتکردنەوەی بابەتەکە 
دووەم: گەیاندنی پەیامەکە بە ئاسانی و ڕوونی

گرنگی ئەدەبی منداڵان لەم خاڵانەدا کورت دەکرێتەوە:
١-پەرەسەندنی خەیاڵ و داهاتوو، واتا پێدانی خەیاڵکردن
٢-ئەدەبی منداڵ ڕێگە بە منداڵان  دەدات بە شێوەی خۆیان مەبەستیانە جیھان دروست بکەن
٣-باشترکردنی توانای خوێندنەوە و نووسین
٤-گفتوگۆ و وتووێژ و چیرۆک‌ وا دەکات چێژ بە منداڵ ببەخشێت
٥-زاراوە و وشە نوێکان فێری منداڵ دەکات
٦-پشتیوانی بە پەرەسەندنی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوە دەدات لای منداڵ
٧-منداڵ فێری پرسیارکردن و تێگەیشتن و چاکتر بیردکردنەوە دەبێت
٨-گەشە پێدان و پەروەردەکردنی ئارەزووەکان لای منداڵ
٩-هەنگاوەکانی دڵنیابوون و دڵسۆزی دیاری دەکات
١٠-چیرۆک دەبێتە هۆکاری کردار و هەستەکان یەک دەخات
١١-منداڵ فێری گەیشتنی بە هەست و مافەکانی تر دەکات
١٢-ئاراستەکردن بۆ زانست و کەلتووری و ناساندنی  کۆمەڵگە
١٣-ئەدەبی منداڵ کەلتور، ناساندن و ناسنامەی  گەلی خۆی و کاری باشی ژینگەویستی و خزمەتگوزاری  دەناسێنێت
١٤-قوڵکردنەوەی  توانای  کۆمەڵایەتی  بوون، وتووێژ کردن باش دەکات
١٥-چیرۆک،  هەڵسەنگاندن منداڵ  فێری وتاردان و گوێگرتن دەکات
١٦-کەمکردنەوەی فشار و ئاستەنگی دەرونی
١٧-خوێندنی چیرۆک بۆ منداڵ، هەست کردن  بە ئارامی  و دڵنیایی درووست دەکات
١٨-پەروەردە کردنی خولیا و خۆ پەروەردە کردن
١٩-منداڵ لە چیرۆکەکاندا خۆی دەبینێت و خۆی دەناسێت
٢٠-باشترکردنی توانای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان
٢١-لە ڕووداوە ئەدەبییەکاندا توانای بریاردانی دروستی دەبێت
٢٢-باشترکردنی پەیوەندی نێوان دایباب  و منداڵ  لەو  چیرۆکانەی  دەخوێندرێن، نزیکی و پەیوەندی نێوانیان پتەو و مکۆم دەکات
قەیرانی  ئەدەبی  منداڵان  چەند  هۆکارێکی  سەرەکی  ئەگرێتەوە  لەوانە:
١-کەمی  کتێب  و بەرهەمی  ئەدەبی  تایبەت بە منداڵان.
٢-لاوازی  چۆنیەتی  و ناوەڕۆکی  هەندێک  لە بەرهەمە  ئەدەبییەکان.
٣-دوورکەوتنەوەی  منداڵان  لە  خوێندنەوەی  کتێب.
٤-کاریگەریی  زۆری  بەکارهێنانی  تەکنەلۆجیا و تۆڕە  کۆمەڵایەتییەکان  لەلایەن  منداڵانەوە
٥-کەمی  پشتگیریی  خێزان  بۆ خوێندنەوە
٦-نەبوونی  بەرنامە  و چالاکیی ئەدەبی  بۆ منداڵان  لە  قوتابخانەکان
٧-کەمی  گۆڤار و بڵاوکراوەی  تایبەت  بە  منداڵان
٨-وەرنەگرتنی  پێداویستی  و ئارەزووە  تەمەنییەکانی  منداڵان  لە  نووسینەکاندا
٩-کەمی  وێنەکێشان  و دیزاینی  سەرنجڕاکێش  لە کتێبەکان و گۆڤارەکانی تایبەت بە منداڵان 
١٠-نەبوونی  هاندان  بۆ  نووسەران  و بەرهەمهێنەرانی  ئەدەبی  منداڵان

  چۆنێتی  چارەسەرکردنی  قەیرانی  ئەدەبی  منداڵان، بەم هەنگاوانە دەکرێت:

١-زیادکردنی  بەرهەمی  ئەدەبی  جوان  و گونجاو بۆ تەمەنی جیاوازی  منداڵان
٢-هاندان و پاڵپشتی  نووسەران و هونەرمەندانی  بواری  ئەدەبی  منداڵ
٣-چاککردنی  کوالێتی  و ناوەڕۆکی  کتێبەکان
٤-بڵاوکردنەوەی  کەلتووری  خوێندنەوە  لەناو  خێزان و قوتابخانەکاندا
٥-دابینکردنی  کتێبخانەی  تایبەت  بە  منداڵان
٦-ڕێکخستنی پێشبڕکێ، کۆڕ و چالاکیی ئەدەبی بۆ منداڵان
٧-سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیا بۆ پێشخستنی ئەدەبی منداڵان (کتێبی ئەلیکترۆنی، چیرۆکی  دەنگی و بەرنامە  فێرکارییەکان)
٨-گرنگیدان بە وێنەکێشان و دیزاینی  سەرنجڕاکێشی گۆڤار و کتێبەکان
٩-وەرگرتنی  بۆچوون  و پێداویستیی  منداڵان  لە کاتی ئامادەکردنی  بەرهەمەکاندا
١٠-زیادکردنی  وەرگێڕانی  بەرهەمە  ئەدەبییە  بەناوبانگەکانی  جیهان  بۆ زمانی کوردی
١١-پاڵپشتی  دارایی  و مەعنەوی  لەلایەن دامەزراوە  پەروەردەیی  و ڕۆشنبیرییەکانەوە
١٢-تەرخانکردنی  کاتێکی  دیاریکراو بۆ خوێندنەوەی  ئازاد لە  قوتابخانەکان

95 جار خوێندراوەتەوە