لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی
هەرێمی کوردستان لە بەهاری 1991 ئەم هەرێمە دەرگیری کۆمەڵێ قەیران بۆتەوە.
هەر لەسەرەتاوە قەیرانی
کارگێڕی، بە هۆی ئەو بۆشاییەی کە بەعس بە مەبەست دروستی کرد، تا ئەو خواستەی کورد
ئاواتی بۆ دەخواست، هەوێن وەرنەگرێت، توشی شپرزەیی کارگێڕی ببێت و ئاوات بە گەڕانەوەی
ڕژێم بخوازرێت. تا ڕادەیەک ویستەکەی بەمەبەست گەیشت، چونکە هێزە سیاسیەکانی گۆڕەپانی
ئەسا کە خۆیان لە بەرەی کودستانیدا ئەبینیەوە، وەک پێویستی قۆناغەکە نەیانتوانی لە
ڕوی کارگێڕیەوە، نمونەیەکی نەک باشتر بگرە وەک ڕژێمی پێشووش پێشکەش بکەن، بۆیە لەئەنجامی
ئەم خراپ بەکارهێنانە لە ڕوی کارگێڕیەوە،
ناڕەزایی خەڵک دروستبوو، لەو ناڕەزایەتیانەدەا دروشمێکیان بەرزکردەوە دەیان
وت:(ماست و پەنیر و کەرە، بەعس باشترە لە بەرە)دیارە بەرە بەمانای بەرەی کوردستانی
دێت.
هەر لەئەنجامی خراپی
کارگێڕی و دارایی و مامەڵەی خراپی لایەنەکان بە داهات و ئامێر و کەلوپەلی پێویست،
فرۆشتن و ئاودیوکردنیان بۆ دەرەوەی هەرێم، ئەو کاتە دەرکەوت ئەمانە جگە لە خەمی خۆیان
و گیرفانیان هیچ خەمێکی دییان نیە.
ئەو خراپ بەکارهێنان و
مامەڵە پێوەکردنە نادروستەی کرا، کۆمەڵێ دەرهاویشتەی لێهاتە پێش، لەو کاتانەدا موچە
نەئەدرا بە مامۆستایان. وتەیەکیان داهێنا کە پێ ئەچێ لە بەر دڵسۆزی و پێویستی هەڵگرتنی
بەرپرسیارێتی مامۆستایان خۆیان بوبن دایانهێنابێت، کە دەیانوت: (مامۆستایان سەری بەرزیان
بۆ موجە نەوی ناکەن).
هەر لەبەر خراپی بواری
کارگێڕی و مامەڵەی خراپی هێزە سیاسیەکان و بێسەرەوبەرەیی لە کۆکردنەوەی داهات،
چاوی برسی هەندێ بەرپرس و حیزب، شەڕی ناوخۆیان بەرپا کرد.
دوای بەکوشتدانی سەدان
ڕۆڵەی خەڵک، ساڵ دوای ساڵ دۆخی باری ژیانی خەڵک سەختتر بوو.
هەرچەند هەڵدانەوەی ئەو
لاپەڕە ڕەشانەی ئەو کات وساتە خەمهێن و ناخۆشە، بەڵام دەکرێ وەک وانە سودی لێببینرێت.
ئەو گەڕانەوەیە بۆ ئەوەبوو
بزانین چۆن دەستمان پێکرد و بەچی گەیشتین؟
ئینجا با بێینە سەر
بابەتەکە کە ناسین و ئاشنا بوونی قەیرانە.
قەیران بریتییە لە تێکچوون
و خراپ ئاراستە کردن و ناڕێکی ونەمانی هاوسەنگی لە سیستمی کارگێڕی، کۆمەڵایەتی،
ئابووری، سیاسی، یان دەروونی، کە پێویستە بە پەلە کار و پلانی هەمە جۆری بۆ دابنرێت.
کە وەڵامدانەوەی دۆخە ئاڵۆزەکە بێت، لەپێناوی زاڵبوون بەسەر ئەو سەختیانەدا، کە
پشتگوێخستنی دەبێتە هۆکاری شپرزەیی زیاتری دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری تەندروستی
...هتد.
بۆ ئەوەی قەیران و دەرەنجامەکانی خراپتر نەبن، دەکرێت قەیران وەک خاڵی وەرچەرخانێکی
گرینگ لە دۆخێکی تاڕادەیەک جێگیردا ڕابگیرێت و نەهێڵرێت زیاترتەشەنە بکات، یان
سنوردار بکرێت و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی کۆمەڵگە، بەپێی سنوردارکردنی و دیاریکردنی
کات و پلان و پڕۆژەی چارەسەر و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشەیە.
قەیرانی ئابوری کاریگەرییەکی
قووڵ و فرەڕەھەندی لەسەر پەروەردە دەبێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئابورییان
خراپ و سیستەمی پەروەردەییان بەھێز نییە. ئەم کاریگەرییانە دەتوانرێت لەم ڕەھەندانەدا
ببینرێن و دەربکەون:
کەمبوونەوەی بودجەی پەروەردە
بەگشتی ئەم کێشانەی لێدەبێتەوە:
ا-حکومەتەکان لە کاتی قەیرانی ئابوریدا زۆرجار کەمکردنەوەی بودجە ئەنجام دەدەن، کە یەکەم کاریگەری
لەسەر پەروەردە وبەشەکانی دەبێت.
ب - کەمبوونەوەی بودجە دەبێتە هۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست
وەک کتێب، هۆکارەکانی فێربون وتەکنەلۆژیا، و پێداویستییەکانی خوێندن
ج – دابەزاندنی ئاستی
زانستی و کوالێتی فێربوون
د- لەبەر کەمدەرامەتی
هەژارەکان مناڵەکانیان لە خوێندن دەهێننەدەرو بێبەش دەبن لە پرۆسەی فێربون
هه- لەو ووڵاتانەدا کێشەی بێکاری دەبیتە هۆی بەکارهێنانی مناڵان لە بازار و
کاری دەستگێڕیدا
و-خراپی بژێوی مامۆستایان،
کاریگەری نەرێنی دروست دەکات بۆ پرۆسەی پەروەردە، شێواوی دەرونی وگرفت و ئاڵۆزی تەندروستی دەبنەوە.
ز- بەهۆی دانەمەزراندنی
مامۆستایان پرۆسەی پەروەردە توشی چەقبەستن دەبێت
ح- قوتابخانەکان و خوێندنگەکان
بەو هۆکارە ڕەنگە بەشە وانەکان و کاتژمیرەکانی خوێندن کەم بکەنەوە
ئەوەی ڕون و ئاشکرایە
و گومان هەڵناگرێت، ڕەنگدانەوەی قەیرانی ئابورییە لەسەر کۆی سێکتەر و بەشەکانی کۆمەڵگە،
بەتایبەت لەسەر پرۆسەی پەروەردە، ناکرێ دوای سێ دەیە و نیو لە بەردەوام بونی قەیرانی
ئابوری ئەم هەرێمەی کە وەک پێویست بەدامەزراوەیی نەکراوە وبە خواست و ویستی حیزبەکان
بەڕیوە دەچێت، ئەوانیش هیچ پلان و پڕۆژەیەکیان نەبێ بۆ باشترکردن و ئارستەی چارەسەری
قەیرانی ئابوری.
قەیرانی ئابوری تەنها
کاریگەری کاتی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری درێژخایەنی لەسەر نەوەکانی داهاتوو هەبێت،
بەهۆی دابەزاندنی ئاستی پەروەردە و کەمکردنەوەی
دەرفەتی کاری باش لە داهاتوودا. بۆیە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێویستی بە پلانێکی
دروست و پڕۆژە و بانگێشتکردنی کەسانی شارەزا و دڵسۆز و بە ئەزمون هەیە تا یارمەتیدەر
و پشتیوان بن بۆ چارەسەری ئەم گرفتە سەختەی ڕوبەڕوی کۆمەڵگەکەمان بۆتەوە.
هەرچەندە زۆر وتراوە و
باسکراوە، داواکراوە، تکایە بفەرمون هەنگاو بنێن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو دوژمنەی کە
بۆتە پەتای وێران بوون، کە ئەویش گەندەڵی
و جارەسەر نەکردنی قەیرانی ئابورییە.
وتارەکەم بە وتەیەکی
(مالکۆم ئێکس) دەهێنم کە دەڵێت:( یەکەم هەنگاو بۆ سەرکەوتن، ڕەتکردنەوەی تەسلیم
بوونە بە بارودۆخەکان).
33 جار خوێندراوەتەوە